شەکاوە بێ ئاڵای ئازادیی و سەربەخۆیی کوردستان

به‌یاننامه‌ی پارتی ئازادیی کوردستان

به‌ بۆنه‌ی 26ی سه‌رماوه‌ز، رۆژی ئاڵای کوردستان

 

هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و داگرتنی ئاڵای ئێران لە کوردستان 68 ساڵ لەمەوبەر، هەڵقوڵاوی ئیرادەی لێبڕاوی نەتەوە و سەرکردایەتییەک بوو کە سوور بوو لەسەر پاراستنی ناسنامەی جیاواز و سەربەخۆی خۆی و بڕیاری دابوو سەروەریی کورد لەجیاتی سەروەریی دەوڵەت و نەتەوەیەکی دیکە، لەسەر خاک و نیشتمانی خۆی دابنێ. هەربۆیە پاش تێپەڕینی ماوەیەکی کەم لەو هەنگاوە، دەوڵەتی جمهووریی کوردستان راگەیەندرا.

بۆ خەباتگێڕانی ریزەکانی پارتی ئازادیی کوردستان شانازییەکی گەورەیە کە پاش نزیکەی 50 ساڵ لە هەرەسی کۆمار و نەمانی ئاڵا لە بزووتنەوەی کورد دا و تەنانەت گرتنەوەی رۆژەکەی بە بۆنەیەکی دیکە، 20 ساڵ لەمەوبەر بەدەستی رێبەرایەتیی پارتی ئازادیی کوردستان هەڵکرایەوە و کرایە یەکێک لە توخمەکانی ناسنامەی سیاسیی و رێکخراوەیی PAK. هەروەها هەر لەو کاتەدا و لە پڕۆسەی هەڵکردنەوەی ئاڵا لەسەر چیاکان و شار و گوندەکانی نیشتمانی داگیرکراو، 20 فەرماندە و پێشمەرگەی بەوەجی پارتی ئازادیی کوردستان، لە تێکهەڵچوون لەگەڵ هێزە داگیرکەرەکانی بەرفەرمانی تاران دا، گیانیان بەختکرد و شەهید بوون.

ئەمڕۆش کە 26 سەرماوەز (17 دیسامبر) لە باشووری کوردستان بە فەرمیی وەک “رۆژی ئاڵا” رێزی لێدەگیرێ، ئەو شانازییە پتر دەکا. ئێمە ئاواتەخوازین کە ئەو ئاڵایە لە هەموو بەش و پارچەکانی کوردستان هەڵکرێ. هەروەها هیوادارین بە خەباتی شێلگیرانەی رۆڵەکانی نەتەوەکەمان، رۆژێک‌دابێ کە ئاڵای کورد و کوردستان لە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە تەنیشت ئاڵای نەتەوە و دەوڵەتانی دیکە بشەکێتەوە.

خەباتگێڕانی ریزەکانی پارتی ئازادیی کوردستان لەم رۆژەدا لە هەر کوێ بن، ئاڵاهەڵدەکەن، لە حاستیدا رادەوەستن و سڵاوی پێشکەش دەکەن و بەڵێن دەدەنەوە کە هەتا رادانی دووا سەربازی داگیرکەر لەسەر نیشتمان و هەڵکردنی ئەو ئاڵایە لە هەموو خاکی کوردستان و دامەزراندنەوەی دەوڵەتی جمهووریی کوردستان، لە خەبات نەسرەون.

 

  هه‌ر شه‌کاوه‌ بێ ئاڵای پیرۆزی کوردستان

پارتی ئازادیی کوردستان

کۆمیتەی ناوەندی

26 سەرماوەزی 2713

17 دیسامبری 2013

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *