كۆنگره‌ی مه‌شاهیر له‌ سنه‌و، چاوپێكه‌وتن له‌ ئۆسلۆ دوو ره‌هه‌ندی یه‌ك پیلانی تارانن راگه‌یه‌ندراوی پارتی ئازادیی كوردستانPAK

ئه‌مڕۆ، ئه‌و شانۆگه‌رییه‌ی كه‌ ناوی نراوه‌، “كۆنگره‌ی مه‌شاهیری كورد”، له‌ شاری سنه‌ی داگیركراو، كرایه‌وه‌ و ده‌ستی به‌كاره‌كانی كرد.
بڕیارده‌ری ئه‌م كۆنگره‌یه‌ عه‌لی خامه‌نه‌یی رێبه‌ری ته‌حریمكراوی رێژیمی تێرۆر و تاوان و، پرۆگرامداڕێژ ،چاودێر و به‌ڕێوه‌به‌رانی سه‌ره‌كیشی، ئیداره‌ی ئیتلاعاتی 101، وه‌زاره‌تی ئیتلاعات و، سوپای تێرۆریستیی پاسداران به‌ لقه‌كانی “رێكخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسداران” و “هێزی قودسی سوپای پاسداران”ن.
به‌ پێی ئه‌و ئامانجه‌ی بۆ ئه‌م كۆنگره‌یه‌ راگه‌یه‌ندراوه‌‌، ده‌بێ “كورد وه‌ك سه‌رمایه‌ی ئێران” و “پارێزه‌ری یه‌كپارچه‌یی”، پیشان بدرێ. هه‌روه‌ها به‌و كۆنگره‌یه‌ “ یه‌كگرتوویی نیشتمانیی‌ ئێران” وه‌ك به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌كان به‌ڕووی جیهاندا بدرێ و، ئێرانیش وه‌ك: “لانكه‌ و خوازگه‌ی ته‌واوی كوردانی جیهان”، پیشان بدرێت.

هاوته‌ریب، هاوكات و هاوئامانج له‌ گه‌ڵ كۆنگره‌ی مه‌شاهیر له‌ سنه‌، زنجیره‌یه‌ك چاوپێكه‌وتن و كۆبوونه‌وه‌ی نهێنی له‌ گه‌ڵ چه‌ند حیزب و لایه‌نی سیاسیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، له‌ ئۆسلۆی پێته‌ختی وڵاتی نۆڕوێژ له‌ گۆڕێدایه‌.
بڕیارده‌ر و پلانداڕێژ و به‌ڕێوه‌به‌رانی ئه‌و دیدار و كۆبوونه‌وه‌‌ نهێنییانه‌ش، هه‌ر ئه‌وانه‌ی كۆنگره‌ی مه‌شاهیری كوردن.
شانۆگه‌ریی كۆنگره‌ی مه‌شاهیری كورد و كۆبوونه‌وه‌ نهێنییه‌كانی ئۆسلۆ، نه‌ ئاكامی گۆڕانكاریی له‌ عه‌قڵییه‌تی سیاسیی كاربه‌ده‌ستانی ده‌وڵه‌تی ئێرانن‌، نه‌ مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی پرسی كوردی له‌ پشته‌ و نه‌ له‌ پێناو كه‌م كردنه‌وه‌ی باری سته‌م و بێدادییه‌ له‌ خه‌ڵكی رۆژهه‌ڵاتی داگیركراو. هاوكات هیچ هه‌لوومه‌رج و بنه‌مایه‌كی پێویست بۆ گفتووگۆیه‌كی ماف ئه‌ستێنانه‌‌له‌ گۆڕێدا نییه‌. به‌ڵكوو پیلانێكی سیاسیی- ئاسایشیی تارانه‌ كه بۆ هاتنه‌ ده‌رێ‌ له‌ زڵكاوی 40 ساڵ سه‌ره‌ڕۆیی،یاغیگه‌ریی و تێرۆریزمی ده‌وڵه‌تیی، په‌نای بۆ بردووه و به‌ته‌مایه‌ كورد بكاته‌ كه‌ره‌سته‌ی جوانكاریی رووما و جه‌سته‌یه‌كی دزێوی دافه‌تراو؛ له‌ پشت كورده‌وه‌ سه‌نگه‌ر بگرێ و كورد بكاته‌، قه‌ڵغانی پاراستنی خۆی‌.
تاران به‌و پیلانه دوو ره‌هه‌ندییه‌،‌ تێده‌كۆشی كرمی ئێرانچێتیی وه‌جووڵه‌ بخات و نه‌ته‌وه‌ی كوردله‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست وه‌ك هاوناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و به‌شێك له‌ قووڵایی ستراتیژیی ئێران، بخاته‌ به‌ر دیدی جیهان. هه‌روه‌ها كوردی رۆژهه‌ڵات و بزووتنه‌وه‌ سیاسییه‌كه‌ی له خه‌باتی لێبڕاوانه‌ بۆ رزگاریی خاو بكاته‌وه‌،كۆنترۆڵی بكات و له‌ پێوه‌ندیی و هاوكاریی له‌ گه‌ڵ‌ ده‌وڵه‌تانی دۆست دووری بخاته‌وه‌ و له‌ هاوكێشه‌ی ناكۆكییه‌كانی نێوان واشنتۆن و تاراندا، ركێشی جبهه‌ی خۆی بكات.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئه‌و شانۆگه‌ریی و ته‌ڵه‌كه‌بازییانه‌، بۆ كورد و بزاڤیی رزگاریخوازیی كوردستان، به‌خه‌سارن و زیان به‌ ‌بزووتنه‌وه‌ رزگاریخوازییه‌كه‌ی ده‌گه‌یه‌نن و، تێچووی هه‌یه‌ بۆیان، به‌ڵام، دواجار تاران به‌و جۆره‌ شانۆ و فریوكارییانه‌، نه‌ ده‌توانێ روانگه‌ی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تیی له‌ سه‌ر كورد بگۆڕێ ، نه‌ ده‌توانێ كورد له‌ ریزبه‌ندیی و هه‌واڵبه‌ندییه‌ سیاسی و سه‌ربازییه‌كاندا، به‌هه‌ڵه‌ به‌رێت و، نه‌ ره‌وڕه‌وه‌ی خه‌باتی راماڵینی هێزه‌داگیركه‌ره‌كانی و گه‌یشتنی كورد به‌ سه‌روه‌ریی و سه‌ربه‌خۆیی بگۆڕێ.

شه‌كاوه‌ بێ ئاڵای ئازادیی و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان

پارتی ئازادیی كوردستانPAK

11ی پووشپه‌ڕی 2719ك
2 ی ژوولای 2019ز

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *