له‌ دیدار و گفتووگۆ له‌ گه‌ڵ شاندی “هاكپار”دا، سه‌رۆكی PAK، پێی له‌ سه‌ر ستراتیژی سه‌ربه‌خۆیی و به‌ده‌وڵه‌تبوونی كوردستان داگرت

پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌مه‌، 6ی دیسامبری 2018، به‌ڕێز حسین یه‌زدانپه‌نا سه‌رۆكی پارتی ئازادیی كوردستان، به‌ ئاماده‌ بوونی ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی و فه‌رمانده‌ییPAK، پێشوازیی كرد له‌ به‌ڕێز: “ره‌فیق قه‌ره‌قۆچ” سه‌رۆكی گشتیی پارتی ماف و ئازادییه‌كان( هاكپار) و شاندێكی یاوه‌ری .

ئامانج له‌م سه‌ردانه‌ی شاندی هاكپار، به‌هێز كردنی پێوه‌ندییه‌كانی له‌ گه‌ڵ پارتی ئازادیی كوردستان وئاڵووگۆڕی بیروڕا له‌ سه‌ر دۆخ و هه‌لوومه‌رجی باكوور و رۆژهه‌ڵاتی كوردستان بوو.
به‌ڕێز ره‌فیق قه‌ره‌قۆچ، له‌ وته‌كانیدا، هه‌لوومه‌رجی سیاسیی باكووری كوردستان و تركیا و ئامانج و سیاسه‌ته‌كانی حیزبه‌كه‌ی و هه‌ڵوێستیان له‌ سه‌ر پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان و لێكچوون وجیاوازییه‌كانی نێوانیان و پشتیوانیی له‌ خه‌باتی پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان، روون كرده‌وه‌.
له‌ ته‌وه‌رێكی دیكه‌ له‌ قسه‌كانی سه‌رۆك و ئه‌ندامانی شاندی هاكپاردا، رۆڵی پارتی ئازادیی كوردستان له‌ جه‌نگی داعش و له‌ نه‌به‌ردی مێژوویی پردێ دا، به‌رز و شانازیی خوڵقێن، وه‌سپ كرا.،
به‌ڕێز سه‌رۆكی PAK وێڕای پێشوازیی له‌ نیاز و روانگه‌ و بۆچوونه‌كانی شاندی میوان، پووخته‌یه‌ك له‌ مێژووی سیاسیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانی له‌ شۆرشی شێخ عوبه‌یدووڵاوه‌ تا كۆماری كوردستان و رووداوه‌ سیاسییه‌كانی چل ساڵی رابردوو و هه‌وراز و نشێوه‌ سیاسییه‌كانی پێشكه‌ش كرد.
سه‌رۆكی PAK سێ خاڵی وه‌ك بناغه‌ و بنیاتی فیكریی و سیاسیی بۆ نه‌ته‌وه‌یی بوونی تاك و حیزب و رێكخراوی سیاسیی خسته‌ روو كه‌ بریتی بوون له‌:
1- بینینی كورد وه‌ك یه‌ك نه‌ته‌وه‌ی واحید له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست وبه‌ دابه‌ش و داگیركراویی زانینی كوردستان.
2- سوور بوون له‌ سه‌ر ناسنامه‌ی سه‌ربه‌خۆ و ره‌تكردنه‌وه‌ی ناسنامه‌ی ئئرانی بوون و تركیایی بوون و عه‌ره‌بی بوونی كورد و كوردستان.
3- باوه‌ڕ به‌و حه‌قیقه‌ت و ئه‌زموونه‌ مێژووییه‌ی كه‌ ماف و ئازادییه‌كانی نه‌ته‌وه‌ و ئۆقره‌ی ده‌روونی تاكی كورد، پێشكه‌وتن و په‌ره‌سه‌ندن له‌ كوردستان و وه‌دیهاتنی به‌هاكان، ته‌نیا
له‌ ناو ده‌وڵه‌ت و وڵاتێكی سه‌ربه‌خۆ و خاوه‌ن سه‌روه‌رییدا دێنه‌ دیی.

سه‌رۆكی PAK له‌ سه‌ر ناسنامه‌ و روانگه‌ی پارتی ئازادیی كوردستان رایگه‌یاند كه‌: پارتی ئازادیی كوردستان هه‌ڵگریی هه‌مان گوتاری سیاسیی ژێكاف و ده‌وڵه‌تی جمهووری كوردستانه‌ و قووڵایی ستراتیژیی و هاوپه‌یمانی خۆی له‌ پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان ده‌بێنێته‌وه‌ نه‌ك له‌ ناو نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست له‌ ئێران و ئۆپۆزیسیۆنه‌كه‌ی. حسین یه‌زدانپه‌نا هه‌ر له‌ درێژه‌ی ئه‌و ته‌وه‌ره‌دا پێی له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ داگرت كه‌ له‌م هه‌لوومه‌رجه‌دا كه‌ ده‌شێ قه‌یرانی نێوان واشنتۆن و تاران، ده‌رفه‌تی سیاسیی بۆ كورد به‌ گشتی و رۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌ تایبه‌تی بخوڵقێنێ، سیاسه‌تی دروست و نه‌ته‌وه‌یی به‌وه‌ ده‌زانیین كه‌ هێزه‌ كوردییه‌كانی رۆژهه‌ڵات له‌ جیاتی هیوا هه‌ڵچنین له‌ سه‌ر ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و حه‌ولدان بۆ به‌هێزكردنی ئه‌و ئۆپۆزیسیۆنه كه‌ ده‌بنه‌ حوكمڕانانی داهاتووی ئێران، به‌ره‌یه‌كی كوردستانی له‌ سه‌ر بنه‌مای وه‌ده‌سهێنانی مافی دیاریكردنی چاره‌نووس له‌ ڕێگای رێفراندۆمه‌وه‌، پێكبێنن و نه‌بنه‌ په‌یژه‌ی رۆنیشتنی تاقمێكی دیكه‌ له‌ نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ستی فارس له‌ سه‌ر ته‌ختی حوكمڕانیی ئێران. سه‌رۆكی PAK
حه‌ولدان بۆ رێكخستن و یه‌كخستنتی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی به‌ حه‌ولدان بۆ پێشگیریی له‌
داڕمان و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئیمپڕاتۆریی ئێران و دژ به‌ به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وه‌یی كورد
لێكدایه‌وه‌.
پاش 3 سه‌عات گفووگۆی دۆستانه‌، شاندی میوان به‌ رێز و حورمه‌ته‌وه‌ بۆ شوێنی حه‌وانه‌وه‌یان به‌ڕێكران.

پارتی ئازادیی كوردستانPAK
كۆمیته‌ی راگه‌یاندن
15ی سه‌رماوه‌زی 2718
6ی دیسامبری 2018

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *