لێدوانی وته‌بێژی سه‌ربازیی PAK سه‌باره‌ت به‌ پرسی وه‌رگرتنی مووچه‌ له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌

هاوكات له‌ گه‌ڵ دووهه‌مین ساڵوه‌گه‌ڕی نه‌به‌ردی مێژوویی پردێ،‌ ماڵپه‌ڕ و په‌یج و كاناڵه‌كانی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی ئیتلاعات و سوپای پاسدارانی ئێران كه‌ برینی شكستی پیلانگێڕییه‌ شوومه‌كه‌یان، لێ تازه‌ بووه‌ته‌وه‌، كه‌وتوونه‌ته‌ پڕۆپاگه‌نده‌ی ژه‌هراوی دژی پارتی ئازادیی كوردستان و به‌ڕێز فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی PAK.
یه‌كێ له‌و خاڵانه‌ی كه‌ له‌ پڕۆپاگه‌نده‌كانی وه‌زاره‌تی ئیتلاعات و سوپای پاسداراندا،

به‌رده‌وام كاوێژ ده‌كرێته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌: وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، مووچه‌یه‌كی مانگانه‌ی دیارییكراوی بۆ پێشمه‌رگه‌كانی پارتی ئازادیی كوردستان بڕیوه‌ته‌وه‌.
ته‌نووری ئه‌م پڕۆپاگه‌نده‌یه‌ هاوكات له‌ لایان هێدێك خائین و جاسووسی چه‌ند سه‌ره‌وه،‌ به‌ نیازی پشتراستكردنه‌وه‌یان بۆ دوژمنانی كورد و كوردایه‌تی و زیان گه‌یاندن به‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و به‌خه‌یاڵی خۆیان، لێدانی خۆشه‌ویستیی و پڕێستیژی پارتی ئازادیی كوردستان، گه‌رم كراوه‌.
به‌مجۆره‌و به‌ مه‌به‌ستی پێدانی زانیاریی راست و درووست به‌ رۆڵه‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان و به‌درۆ خستنه‌وه‌ی پڕۆپاگه‌نده‌كانی دوژمنان و سیخوڕه‌كانیان، راده‌گه‌یه‌نیین كه‌: پارتی ئازادیی كوردستان به‌وپه‌ڕی شانازییه‌وه‌، وه‌ك به‌جێهێنانی ئه‌ركێكی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیی و له‌ پێناو پاراستنی خاك و خه‌ڵك و كیانی سیاسیی باشووری كوردستان و گه‌یشتن به‌ سه‌ربه‌خۆیی، خۆبه‌خشانه‌ و دوور له‌ هه‌ر چاوه‌ڕوانییه‌كی مادی، چووته‌ شه‌ڕی دوژمنان و له‌ به‌ره‌كانی جه‌نگ دامه‌زراوه‌ و خاوه‌نی هیچ مووچه‌یه‌كی دیارییكراو نییه‌ له‌ لایان وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و هیچ ده‌زگایه‌كی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌.
ئێمه‌ بانگ له‌ چاودێرانی سیاسیی، رۆژنامه‌نووسان و میدیاكارانی كوردستان ده‌كه‌ین كه‌ بۆ تێگه‌یشتن له‌ پیلان و درۆ و ده‌له‌سه‌ی میدیاكانی وه‌زاره‌تی ئیتلاعات و سوپای پاسداران و ده‌ڵاڵ و سیخوڕه‌كانیان‌، روو له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه بكه‌ن و له‌م باره‌یه‌وه‌ پرسیار و به‌دواداچوون بكه‌ن. جا كه‌ مووچه‌ وه‌رگرتنی هێزه‌كانی PAK له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌، له‌ بنه‌ڕه‌تڕا ناڕاست و ساخته‌ی ده‌زگای جه‌نگی نه‌رم و شه‌ڕی ده‌روونیی تاران و سیخوڕه‌ یه‌كسه‌ره‌ و چه‌ند سه‌ره‌كانییه‌تی، هه‌موو ئه‌و درۆ و ده‌له‌سانه‌ی دیكه‌ كه‌ له‌ سه‌ر ئه‌و ناڕاستیی و چه‌واشه‌كارییه‌ هه‌ڵچنراون و به‌ دژی فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌كانی PAK، به‌كار ده‌هێنرێن، ده‌بنه‌ به‌ڵگه‌ی رووڕه‌شی و ریسوایی ئه‌و دام و ده‌زگایانه‌ و هه‌موو ئه‌و كاڵفامانه‌ی، كاویژیان ده‌كه‌نه‌وه‌.
ئه‌وه‌ش كه‌ بۆ ئه‌و رشانه‌وه‌ بۆگه‌نه‌ی دام وده‌زگا تێرۆریستییه‌كانی تاران و بڕێك‌ سیخوڕی چه‌ند سه‌ره‌ له‌ دژی به‌ڕێز كاك حسین یه‌زدانپه‌نا فه‌رماندی گشتیی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی پارتی ئازادیی كوردستان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، ده‌ریده‌خا و ده‌یسه‌لمێنێ كه‌ ئه‌و سه‌ركرده‌ و فه‌رمانده‌یه‌كی جێی مه‌ترسیی و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆ داگیركه‌رانی كوردستان و دوژمنانی كورد وكوردایه‌تی. له‌ هه‌مان كاتدا خۆشه‌ویست وجێگای هیوا و متمانه‌ی رۆڵه‌كانی نه‌ته‌وه‌ی كورده‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی داگیركراو و بگره‌ له‌ هه‌ر چوارپارچه‌ی كوردستان و‌ سه‌ری په‌ڕپووت و بۆگه‌نی چه‌واشه‌كارانی ساخته‌چی، ناگاته‌ بنی ئه‌و پێڵاوه‌ سوورانه‌ی ٤ ساڵی ره‌به‌قی له‌ جه‌نگ و نه‌به‌رده‌كانی پاراستنی خاك و خه‌ڵك و حكومه‌تی كوردستان، پێ به‌ڕێكردوه‌.

وته‌بێژی سه‌ربازیی پارتی ئازادیی كوردستان

14ی خه‌زه‌ڵوه‌ری 2719ك
5ی نوامبری 2019 ز

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *