لێدوانی وته‌بێژی سیاسییPAK له‌ سه‌ر قسه‌كانی جه‌واد زه‌ریف له‌ باره‌ی گفتووگۆ له‌ گه‌ڵ كورد

محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف له‌ دیدار له‌ گه‌ڵ ئێرانییه‌كانی دانیشووی نۆروێژ، به‌ ئاماژه‌ به‌‌ چاوپێكه‌وتنه‌‌كانی نێوان نێردراوانی تاران و 4 لایه‌نه‌كه‌ی پێكهێنه‌ری ناوه‌ندی هاوكاریی حیزبه‌كانی كوردستانی ئێران، رایگه‌یاندووه‌ كه‌: “سفره‌ و ده‌ستی ئه‌وان بۆ گفتووگۆ له‌ گه‌ڵ كورد كراوه‌یه‌”.

وه‌زیری كاروباری ده‌ره‌وه‌ی ئێران، هه‌روه‌ها جارێكی دیكه‌، خه‌باتی چه‌كداریی نه‌ته‌وه‌ی كوردی دژ به‌ داگیركاری و تاڵانكاریی هێزه‌ داگیركه‌ره‌كانی ئێران، خزمه‌ت به‌ بیانییه‌كان داناوه‌. پارتی ئازادیی كوردستان PAK، قسه‌كانی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران له‌ مه‌ڕ گفتووگۆ له‌ گه‌ڵ كورد، به‌ نمایشی په‌رده‌یه‌كی دیكه‌ له‌ شانۆی سیاسه‌تی ریا و ساخته‌چییه‌تی تاران بۆ بیروڕای گشتیی داده‌نێ. چونكه‌ به‌شی نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌و سفره‌ و ده‌سته‌ی كه‌ زه‌ریف ده‌می لێده‌دا، شتێ بێجگه‌ له‌ درۆ و خاپاندن و تێرۆر، نه‌بووه‌. له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌، هه‌ر ئه‌و جۆره‌ی له‌ به‌یاننامه‌ی رۆژی 11 پووشپه‌ڕ(2ی ژوولای)ی پارتی ئازادیی كوردستاندا له‌ سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌، هه‌ڵوێستمان گرتووه‌؛ دووپاتی ده‌كه‌‌ینه‌وه‌ كه‌ بێجگه‌ له‌ نادروستیی دانیشتنی لایه‌نه‌كانی ناوه‌ندی هاوكاریی له‌ سه‌ر ئه‌و سفره‌یه‌ی كه‌ به‌ ده‌ستی خوێناویی هاوكارانی جه‌عفه‌ری سه‌حراروودی له‌ مانگی پووشپه‌ڕدا، چنرا بوو، ناشێ و نابێ هه‌ڵوێست و ره‌فتاری سیاسی دۆستانی ناوه‌ندی هاوكاریی، به‌ هه‌ڵوێست و هه‌نگاو‌ی گشت بزووتنه‌وه‌ی سیاسیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، حیساب بكرێت.له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پارتی ئازادیی كوردستان وه‌ك حیزبێكی به‌هێز و خاوه‌ن رۆڵ له‌ بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا، بارودۆخی سیاسیی بۆ گفتووگۆ له‌ گه‌ڵ تاران به‌ له‌بار نابینێ و‌ هیچ متمانه‌یه‌كیشی به‌ حاكمانی ئێران نییه‌؛ ئه‌وه‌ش كه‌ وه‌ك دیداری لێگه‌یشتن یان گفتووگۆ له‌ گه‌ڕدایه‌، به‌ شتێ بێجگه‌ له‌ پیلانگێڕییه‌كی فره‌ ره‌هه‌ند به‌ دژی بزاڤی رزگاریخوازیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و كه‌ڵكوه‌رگرتن لێی،دانانێت. خه‌ڵكی كوردستانیش، هیوادارن كه‌ به‌ ده‌ورگێڕانی خۆیان و‌ هه‌ماهه‌نگیی له‌ گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌، ئه‌گه‌ره‌كانی داهاتوو بكه‌نه‌ ده‌رفه‌تی راپه‌ڕین و راماڵینی هێزه‌ داگیركه‌ره‌كانی كۆماری ئیسلامی له‌ كوردستان و به‌ده‌سته‌وه‌ گرتنی چاره‌نووسی سیاسیی خۆیان. به‌داخه‌وه‌ شاردنه‌وه‌ی ئه‌و دیدار و چاوپێكه‌وتنانه‌ و ناروونیی و لێدوانه‌ دژ به‌یه‌كه‌كانی به‌رپرسانی ئه‌و ٤ لایه‌نه‌ له‌ سه‌ری، ده‌ستی ناوه‌نده‌ سیخوڕی و ئاسایشییه‌كانی ئێرانی كه‌ هه‌ر خۆشیان، رێكخه‌ر و به‌ڕێوه‌به‌ر و چاودێری دیدار و دانیشتنه‌كانن، ئاواڵه‌ كردووه‌ كه‌ به‌ باشی كه‌ڵكی خۆیانی لێوه‌ربگرن و مه‌به‌سته‌كانیان بپێكن. به‌ڵام ئه‌و به‌شه‌ له‌ قسه‌كانی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران كه‌ باس له‌ “به‌رژه‌وه‌ندیی بیانییه‌كان” ده‌كا، زیاتر له‌ به‌شه‌كانی دیكه‌ی قسه‌كانی، جێی گاڵته‌ و پێكه‌نینه‌. چوونكه‌، زه‌ریف خۆی، ده‌وڵه‌ت و رێژیمێك نوێنه‌رایه‌تی ده‌كا كه‌ هه‌ر له‌ بناغه‌ڕا به‌ پێی به‌رژه‌وه‌ندیی و به‌ ده‌وری راسته‌وخۆی بیانییه‌كان، ساز كراوه‌ و هه‌میشه‌ سفره‌ و ده‌ستی حوكمڕانه‌كانی بۆ خزمه‌ت به‌ به‌رژه‌وه‌ندیی بیانییه‌كان، كراوه‌ و بڵاو بووه‌.

وته‌بێژی سیاسیی پارتی ئازادیی كوردستانPAK

2ی خه‌رمانانی 2719 ك

24ی ئووتی 2019 ز

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *