لێدوانی وته‌بێژیPAK له‌ سه‌ر كۆنفڕانسی زانكۆی جۆرج واشنتۆن (سات و سه‌ودا به‌ مافه‌ ره‌واكانی كورده‌وه‌ قبووڵ ناكرێ)

رۆژی شه‌ممه‌ 9ی ژووئه‌نی 2018، كۆنفرانسێك له‌ زانكۆی جۆرج واشنتۆن له‌‌ پێته‌ختی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا به‌ڕێوه‌ چوو كه‌ وه‌ك زۆر‌به‌ی كۆبوونه‌وه‌ و كۆنفرانسه‌كانی له‌و جۆره‌، له‌ لایان ده‌سته‌ و تاقمه‌ پانئێرانیسته‌كانه‌وه رێكخرا بوو. له‌م كۆنفرانسه‌دا وه‌ك هه‌میشه‌ هێندێك گرووپی سیاسی “كوردستانی ئێران” له‌ ژێر ئاڵای حكومه‌تی په‌هله‌ویدا به‌شدارییان تێدا كردوه‌ كه‌ نه‌ك هه‌ر هه‌ڵگری په‌یام و داخواز و ئامانجه‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان نه‌بوون،

به‌ڵكوو له‌ حاست گشت ئه‌و وته‌و لێدوانانه‌ی كه‌ پێداگرییان له‌ سه‌ر به‌رده‌وامیی ده‌وڵه‌ت – نه‌ته‌وه‌ی ره‌زاخانی له‌ ئێراندا كردوه‌، بێده‌نگ بوون.
پارتی ئازادیی كوردستان، له‌م پێوه‌ندییه‌دا به‌ پێویستی ده‌زانێ ئه‌م چه‌ن خاڵه‌ رابگه‌ێنێ:
1- تا كاتێ خه‌ڵكی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌ رێفراندۆمێكی ئازادانه‌دا، چاره‌نووسی سیاسیی خۆیان دیاریی نه‌كه‌ن، هیچ یه‌ك حیزب و چه‌ند حیزبێك بۆیان نییه‌، له‌ جیاتی تاكه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان، بڕیار بده‌ن. بڕیاری دیاریی كردنی چاره‌نووسیی سیاسیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان ته‌نیا موڵكی خه‌ڵكی كوردستانه‌‌و به‌س.
2- هه‌ر جۆره‌ ساتووسه‌ودا و یارگیرییه‌كی ئه‌م لایه‌ن و ئه‌و لایه‌نی “كوردستانی ئێران” له‌ گه‌ڵ ده‌سته‌ و تاقمه‌كانی ئۆپۆزیسیۆنی فارس له‌ پێناو ده‌سكه‌وتی شه‌خسیی و رێكخراوه‌یی له‌ سه‌ر حیسابی كورد و مافه‌ ره‌واكانی ، له‌ ناو ریزه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی سیاسیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا، ناكۆكیی و به‌رهه‌ڵستیی لێده‌كه‌وێته‌وه‌ و قبووڵ ناكرێ.
3- ئه‌ركی حیزب و رێكخراوی كوردستانیی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ عه‌وداڵی ئه‌ستاندنی مافی خه‌ڵكی كوردستان، مافی دیاریكردنی چاره‌نووسی سیاسیی بێ، نه‌ك كۆڵكێشی بكا بۆ ئه‌م تاقم و ئه‌و تاقمی پۆزیسیۆن یان ئۆپۆزیسیۆنی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ستی فارس. جێگۆڕكێیی ئه‌م تاقمانه‌ له‌ تاران، نه‌ پرسی كورد چاره‌سه‌ر ده‌كا و نه‌ له‌ نه‌هامه‌تییه‌كانی كه‌م ده‌كاته‌وه‌.‌
4- رۆژهه‌ڵاتی كوردستان پێویستی به‌ به‌ره‌یه‌كی یه‌كگرتووی كوردستانییه‌ كه‌ به‌ یه‌ك گوتار و ئه‌جندا و پڕۆژه‌ی سیاسییه‌وه‌ له‌ هه‌موو ئاسته‌كاندا، هه‌ڵسوكه‌وت بكا، نه‌ك هه‌ر لایه‌نێك له‌ لای خۆیه‌وه‌ و به‌ ناوی خه‌ڵكی كوردستانه‌وه‌ به‌ڵام له‌ راستیدا بۆ ده‌سكه‌وتی تایبه‌تیی خۆی زیان به‌ ناوبانگ و پرستیژی سیاسیی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازیی كوردستان بگه‌ێنێ.
وته‌بێژی سیاسیی
پارتی ئازادیی كوردستانPAK
21 جۆزه‌ردانی 2718
11 ژووئه‌نی2018

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دەتوانی ئەو تاگ و خەسڵەتانە HTML بەکاربێنیت: <a href="" title=""> <abbr title=""> <acronym title=""> <b> <blockquote cite=""> <cite> <code> <del datetime=""> <em> <i> <q cite=""> <strike> <strong>