لێدوانی وتەبێژی سپای میللیی کوردستان بۆ بەدرۆخستنەوەی لێدوانێک )ئێمە نە خاوەنی رەگەزنامەین، نە مافی دەنگدان و نەمووچە(

ماڵپەڕی ئاوێنەو هێندێک پێگەی دیکە لە زاری بەرێز ئەبووبەکر هەڵەدنی، لێدوانێکی بڵاو کردوەتەوە کە گۆیا ، سپای میللیی کوردستان،لەشکری لێهاتووی رۆڵەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەمەبەستی بەشدار کردنیان لە هەڵبژاردن،رەگەزنامەی عێڕاقییان بۆ دروست کراوە. هەروەها خاوەن مووچەن لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
دیارە ئەوە یەکەمجار نییە کە قسە و قسەڵۆکی بێبنەما و دوور لە راستیی لەوجۆرە لە سەر سپای میللیی کوردستان بڵاو دەکرێتەوە. پێشتر ئەم قسانە لە ماڵپەڕ و ئاکاونتەکانی سپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران و ئاڵقەلەگوێکانیان لە باشووری کوردستان و عێراق،
نەک جارێک دەیان جار بڵاو کراونەتەوە. سەرسووڕمانی ئەمجاەرەمان ئەوە بوو کە پەرلەمەنتارێک، ئەویش لە لێژنەی پەرلەمانیی پێشمەرگە، ئەم وردە فەرمایشتەی بڵاو کرووەتەوە.هەروەها بۆمان جێی پرسیارە کە راست لەوکاتەدا کە فەرماندەکانی سپای پاسداران فشاریان خستووەتە سەر حکوومەتی عێراق و داوا لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن، حیزب و هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان چەک بکەن و دەریان بکەن، بەرێز هەڵەدنی، ئەو قەوانەی لێداوە.
ئێمە لە کاتێکدا سەرلەبەری ئەو قسانە بەدرۆ دەخەینەوە؛رادەگەیەنین کە نەخاوەنی رەگەزنامەی عێراقیین، نە مافی دەنگدانمان پێدراوە و نە مووچە وەردەگرین؛ بەڵام خۆشحاڵ دەبین و سپاسی هەر کەس و لایەنێک لە وانەش لێژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان، دەکەین ئەگەر بتوانن کار بکەن بۆ ئەوەی هەرسێکی ئەو مافەمان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابین بکرێت. هاوکات دەیڵێینەوە کە بەشداریی چالاکانەی هێزەکانی سپای میللیی کوردستان لە بەرەنگاربوونەوەی داعش و سپای پاسداران و حەشدی شەعبی و مانەوەی هەتا ئێستایان لە بەرەکانی جەنگ، بڕیار و هەنگاوێکی دڵخوازانەی سەرکردایەتیی و فەرماندەیی پارتی ئازادیی کوردستان و فەرماندەیی هێزەکانی بووە و هەرگیز چاومان لە مووچەو پاداشت و خەڵات نەبووە.پێویستە بەرێز هەڵەدنی و هەموو ئەوانەی وەک ئەو بیردەکەنەوە، بزانن کە لەشکری بەزەبری رۆڵەکانی رۆژهەڵات، ئێستاش پاش ٧ ساڵ، بە نانەزگیی شانازیی دیفاع لە خاک وخەڵک و ئەم کیانە سیاسییەی کوردیان هەیە. هەروەها بۆ بەخۆداچوونەوە، واچاکە بەرێز هەڵەدنی لەو هەڵوێستەی لێژنەی پێشووی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان ئاگادار بکەین چلۆن لە ساڵی ٢٠١٥دا، کاتی سەردانیان لە سەنگەرەکانی هێزەکانی سپای میللیی کوردستان و دیدار لە گەڵ فەرماندەی گشتیی، بە سەرسوڕمان لە هەیبەت و هێز و دیسیپلینیان و جێگای سەخت و هەستیار و لە هەمان کاتتدا قایم و لەگیران نەهاتوویان، رایانگەیاند کە: “ئێمە لە سیمای ئەم هێزەدا، بناغەی لەشکری یەکگرتووی نەتەوەی کورد دەبینین”.
ئەردەڵان خەسرەویی
وتەبێژی سپای میللیی کوردستان
16ی رەزبەری2721کوریی
8ی ئۆکتۆبری2021عیسایی
Share Button

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *