مافناس: ئەدیب خالیدیان:کێ بوو رچەشکێن؛ کێ بوو ئێرانی رەتێن؟

ھەموو شۆڕشەکانی کورد لە سەدەی نۆزدە تا ناوەڕاستەکانی سەدەی بیست؛ لە راپەڕینەکانی شێخی نەهری و سمکۆی شکاک و دوایینیان پێشەوا قازی محەممەد و دامەزراندنی کۆماری کوردستان، لە پێناو رزگاریی یەکجاریی کورد و سەربەخۆیی کوردستان بوون.

بە دامەزراندنی دەوڵەتی کۆماری کوردستان خەون و ئاواتی لە مێژینەی کورد بۆ دەرچوون لە ژێردەستەیی و داگیرکراویی وەدی‌هات. لە پاش داگیرکرانی کۆماری کوردستانەوە، بزووتنەوەی رزگارییخوازیی نەتەوەیی کورد تووشی قەیران بوو. هاوکات لەگەڵ حەول و پیلانی دەوڵەتی داگیرکەر بۆ سڕینەوە و ئاسمیلاسیۆنی کورد و ناسنامەکەی، رەوتی بەئێرانیی کردنی کورد و بزاڤە سیاسییەکەی لە ناو خودی کوردەوە، بوونە بناغەکانی ئەو قەیرانە قووڵەی بووە بارێکی قورس بەسەر کوردەوە. ئیتر خۆ بە ئێرانی زانین و شێواندنی مێژوو، رەچەڵەک و کەلتووری کورد و بە ئاریایی و ئێرانی پێناسەکردنی کورد و ناوهێنانی ئێران وەک وڵاتی دایک و توڕەهاتی” ایران باستان” لە لایان ئەحزاب و ئەشخاسی کورد و شانازیی کردن بەو غەدرە بوو بە رێگاو راوێژی باو لە کوردستان. دوور کەوتنەوەی کورد لە سەر رێچکەی خەباتی خۆی، بەخسارچوونی هێز و وزەی کورد لە پێناو دیموکراتیزەکردنی ئێران، پاراستنی یەکپارچەیی ئێران و ترس و بیم لە پێناسەکران بەجودایی‌خوازی و بە شوورەیی‌دانانی ناسیۆنالیزم و بوون بە پێشەنگ و رێخۆشکەری سیاسەتی دەستاودەست پێ‌کردنی دەسەڵات لە نێوان دەستە و تاقمەکانی نەتەوەی سەر دەست لە لای حیزب و خوێندەواری کورد، بووە گوتاری چەسپاو و گومانھەڵنەگر. لە سی گوڵانی ۱۹۹۱ دەستەیەک لاوی خەباتگێڕ، بە رێبەرایەتی شەهید سەعید یەزدانپەنا بە دامەزراندنی پارتی ئازادیی کوردستان‌ بناغەی قوتابخانەیەکی فکرییان دانا کە بە پێچەوانەی ئەو گوتار و شەپۆل و رەوتە باوە کەوتە رێ. دیوارەکانی ئەم قوتابخانەیە لەسەر دەستی بەڕێز حسێن یەزدانپەنا هەڵکشا و گەشەی کرد؛ PAK بە هەڵوێست و ئامانجی دروست و گەڕانەوە بۆسەر رێبازی لەبیرکراوی رێبەرانی نەتەوەیی کورد، گیانێکی نوێی کردەوە بەر بزووتنەوەی سیاسیی رۆژهەڵاتی کوردستان؛ دان نەنان و قایل نەبوون بەم تەرتیباتە سیاسییەی کە بەسەر کورد و نیشتمانەکەی‌دا سەپاوە و حەول و خەبات بۆ رادانی داگیرکەر لەسەر دوابستی خاکی کوردستان و رەت کردنەوەی سیاسەتی ئێرانچێتی و فڕێ‌دانی ناسنامەی ساختەی ئێرانی و هەڵگرتنەوەی ناسنامەی نەتەوەیی کورد و خوێندنەوەی دروستی مێژوو و پاراستی لە تێکدان و ھەڵگرتتنی ئاڵا و سیمبولە نەتەوەییەکان و ئەدەبیاتی کوردستانییانە، ئەو دیسکۆرس و تایبەتمەندییانە بوون PAKی کرد بە ھێز و خاڵی وەرچەرخانی بزووتنەوەی سیاسیی رۆژهەڵاتی کوردستان. بەڵێ ئەوەی ناسنامەی ئێرانی‌بوونی لەبەر کورد دادڕی PAK بوو. ئەوەی لەمپەڕی قایمی ئێرانچێتی و ئێرانیبوونەPAKە.ئەوەی ستراتیژیی دروست و تاقانەی سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی هەڵگرتووە ھەر PAK ە. ئەوەی مێژووی شێوێندراوی کۆماری کوردستانی راست‌کردەوە PAK بوو. ئەوەی لەدوای کۆماری کوردستانەوە ئاڵای پیرۆزی کوردستانی هەڵکردەوە PAK بوو. بەڵێ PAK رچەشکێنی خەباتی کوردستانی‌بوون و رەتاندنی ئێرانی و بیری ئێرانچێتی بوو لە رۆژهەڵاتی کوردستان. ئێستاش لە مەیدانی خەباتی رۆژهەڵات‌دا زۆرن ئەو «فشۆنبیر» و حیزبییانەی چاوقاییمانە ئەو ئەدەبیات و چەمکانە بۆ چەند ساتێک رێکلام لە دەقە نووسراو و دەنگییەکانیPAK ھەڵئەگوێزن کە نەلەگەڵ مێژووی دوێنێیان دێتەوە و نە لەگەڵ هەڵوێستی ئەمڕۆیان تەباو گونجاوە؛ بێ ئەوەی ئاماژە بە سەرچاوەو داھێنەرەکەی بکەن. بەڵام ئەوەی جێی شانازیی و فەخرە ئەوەیە کە ئێستا داهێنانە فکری و سیاسییەکانی و هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی؛ PAKی کردووەتە جەمسەرێکی سەربەخۆی سیاسی، فکری و سەربازیی خاوەن پێگە لە رۆژهەڵاتی کوردستان کە ئەدەبیات و دەستەواژەکانی ناسراون و مۆرکی PAK بوونیان پێوە دیارە.

Share Button

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *