مافناس: ئەدیب خالیدیان. کەرەستە فکری و سیاسییەکانی PAK بە خەڵک و بە خۆی مەفرۆشنەوە!

کاتێ PAK هاتە مەیدانی خەباتی رۆژھەڵاتی کوردستانەوە، لە تەک خۆیدا، ناسنامە و ئەدەبیاتی سیاسیی و ئامانج و ستراتیژی نوێی ھێنایە گۆڕەپانی سیاسی و حیزبایەتییەوە. ئەو کەرەستە فکری و سیاسییانەی پارتی ئازادیی کوردستان ھێنایە نێو بزاڤی سیاسیی رۆژھەڵاتەوە و ئەو ھەنگاوانەی ھەڵیگرتنەوە،ھەتا چەند ساڵێکیش لەمەوبەر بە تاوانی«ناسیۆنالیستی » بوون لە گەڵ دژایەتیی زۆربەی حیزبەکان و زۆربەی نوخبەی نووسەرانی ئێستای رۆژھەڵات، رووبەڕوو بووەوە.

کەچی ئەمڕۆکە رۆژ بە رۆژ، خوێندەوار و نووسەران و سەران و سەرکردەکانی ئەو حیزبانە، چاویان قووچاندووەو کەوتوونەتە کۆپی پێست کردنی ئەو کەرەستە فکری و سیاسییانەیPAK دایھێناون؛ بە بێ ئەوەی ھیچ ئاماژەیەک بە سەرچاوەی ئەو کەرەستانە بکەن. وەک دەڵێن ھەرکەسێ قسەو سەنعەتی خۆی دەناسێتەوە. ئێمەش کەرەستەکان و وتە و نووسین و داھێنانەکانی خۆمان دەناسینەوە. ھیچ گومانم نییە کە ئەو بەڕێزانەی لەسەر ئەو سفرە حازرییە دانیشتوون و ئەو کارە دەکەن، رۆژانە یان ھەرکات پێویستییانە، ئاکاونت و نووسینەکانی PAKو سەرۆکی PAKو بەیاننامەو ھەڵوێستەکانیان دەپشکنن و بێباک و بێدەربەست، ئەوەی پێویستیان بێ ھەڵیدەگوێزن و بێ ئاماژەدان بە سەرچاوەکەی بەکاری دەهێننەوە و بەئێمە و خەڵکیان دەفرۆشنەوە و بەجۆرێ دەدوێن و دەنووسن وەک بڵێی ئەوە تازە ئەوان، پەیان بەو حەقیقەتانە بردووەو پێشتر کەس باسی نەکردووە.
لێرەدا بە کورتی بڕێک لەو بابەت و کەرەستەو ھەنگاوانە، دەخەمەروو.
۱-کۆماری کوردستان:
کەسایەتی و لایەنە سیاسییەکانی رۆژھەڵات و بگرە، زۆربەی کوردستان، تا بەر لە PAKو سەرۆکیPAK، کۆماری کوردستانیان وەک هەرێمێکی خودموختاری بەشێک لە ئێران پێناسە دەکرد.بەڵام PAK پەردەی لەسەر حەقیقەتی کۆمار هەڵدایەوە و راستی کۆماری کوردستانی وەک ئەزموونێکی دەوڵەتداریی کورد ناساند و سەلماندی کۆماری کوردستان دەوڵەتێکی سەربەخۆی خاوەن سەروەریی سیاسیی بووە وپێشەوا بە دامەزراندنی کۆمار، بزووتنەوەی رزگاریخوازیی کوردی گەیاندە ئاستی دەوڵەتێکی مۆدێڕنی نەتەوەیی لە دەرەوەی دەسەڵات و سەروەریی ئێران. ئەو نووسەر و حیزبانەی، ئەمڕۆ بەو حەقیقەتە گەیشتوون، دوور لە ئەخلاق و پرێنسیپی زانستیی، ئاماژە بەسەرچاوەی ئەم حەقیقەتناسییە ناکەن.
۲- ناسنامە و هۆوییەتی نەتەوەیی:
ناسنامەی کورد و بزاڤە سیاسییەکەی لە دوای کۆماری کوردستانەوە بە فکر و قەڵەم و زمانی نوخبەی کورد و حیزبی کورد،لە ناسنامەی نەتەوەیی و کوردستانییەوە گۆڕدرا بۆ ناسنامەی ئێرانیی‌.
لەم ناسنامە گۆڕییەدا ھاوکات لە تەک سیاسەتی ئاسمیلاسیۆنی تاران لەسەر کورد، پرۆسەی بە ئێرانی‌کردنی کورد و خەباتەکەی لە لایان کەسانی خوێندەوار و رۆشنبیر و ئەحزابی کوردەوە رەواجی پێ‌درا.
PAKناسنامەی کوردی لە ناسنامەی ساختە و درۆیینی ئێرانیی داماڵی و تاک و کۆمەڵانی خەڵکی بۆ ناسینی ناسنامەی نەتەوەیی و کوردستانییبوون، وشیار کردەوە.
۳- ئاڵای کوردستان:
ئاڵا سێمبۆلی ناسنامەی نەتەوەیە. لەپاش کۆماری کوردستانەوە لەرۆژهەڵات، کەم کەس و لایەن ھەبوون ئاڵای کوردستان بناسن و ھیچ لایەنێکیش زاتی نەدەکرد ئەم ئاڵایە هەڵکا. راست ١٠ ساڵ پاش PAK لایەنەکان لە ژێر گوشاری سایکۆلۆژیی ئەدەبیاتیPAK و ناسینی ئاڵا و ھەڵکردنی لە لایان خەڵکی باشوور و رۆژھەڵاتەوە، بەرەبەرە ئاڵای کوردستانیان« بەڕەسمیی ناسیی». بەڵێ PAK بوو ئەو سامەی شکاند و ئاڵای پیرۆزی کوردستانی هەڵکردەوە و رۆژی “۲۶ سەرماوەز” وەک رۆژی ئاڵای کوردستان، رێز دەگرێ. بەڵام ئێستا کە باسی ئاڵا دێتە گۆڕێ، حیزب و کەسانی حازر خۆر، ناڵێن کێ ئەو سامەی شکاند.
٤- ستراتیژیی:
کوردی رۆژھەڵات بە تاک و بە حیزبی سیاسیی چەپ و راستییەوە، لە خودموختاری زیاتریان ماف بۆ کورد نەدەناسیی. ئیفتیخار بە ئێرانیبوون و تمامیت ارضی ایران، موقەدەس بوو. PAK ئەمەی گۆڕی و ستراتیژی و گوتاری دەوڵەت و سەربەخۆیی، جەماوەریی کرد. دیارە لەم بابەتەدا خەڵک و زۆربەی خوێندەواران، لە حیزبەکان داویانەتە پێشەوە. حیزبەکانی ناوەندی ھاوکاریی ھێشتا لە وشەی دەوڵەت و سەربەخۆیی دەسڵەمێنەوە. بەڵام لە ئاستی تاکەکاندا، ئەوانەی دوێنێ فیشەکیان بەم پەیڤانەوە دەنا، ئێستا کە لەسەر سەربەخۆیی و دەوڵەتی کوردستان، دەپەیڤن، خۆیان لەوە نادەن کە کێ پێشەنگ و رچەشکێنی ئەم رێبازە بوو.
٥- ئەدەبیاتی سیاسی:
پێش PAK هیچ خوێندەوار و پەشێوی مەزن گووتەنی «فشۆنبیرێک» ی رۆژھەڵاتی کوردستان، ئەدەبیاتی نەتەوەیی نەبوو،بەڵکوو ئەدەبیاتی « محلی» ھەبوو. هەموویان رۆژهەڵاتیان وەک بەشێک لە سەرزەوی ئێران، بە «کوردستانی ئێران» پێناسەو ناودەبرد. تەنانەت حیزبەکان گشتیان لە ناویشدا حیزبی کوردستانی موڵکی ئێران بوون.
PAK سامی ئەوەشی شکاند و ھەرکام لە پارچە دابەشکراوەکانی کوردستانی بە پێی ھەڵکەوتی جوغرافیی خۆی ناو برد. بەو بەشەی کوردستان کە لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی داگیرکەری ئێران‌دایە دەڵێ«رۆژهەڵاتی کوردستان». حەق وایە و ئەتەکێتی زانستیی وا دەخوازێ کە ئەوانەی ئێستا ھەموو رۆژێ چەن پۆستی فەیسبووکی دادەنێن و ھاتوونەتە سەر ئەو ئەدەبیاتە سیاسییە، رەحمەتێک بۆ داھێنەری ئەم چەمکانە، بنێرن.
٦- خوێندنەوەی پێوەندی نێوان کورد و ئێران:
PAK پێوەندی نێوان کورد و ئێران بە پێوەندی نێوان داگیرکراو و داگیرکەر پێناسە کردوەو بەردەوام لەسەر ئەو راستییە دەڕوا کە بزووتنەوەی کورد، بزووتنەوەیەکی رزگاریخوازیی نەتەوەییە، نەک بزووتنەوەی دێموکراتیزە کردنی دەوڵەتی داگیرکەر.
وەک حیزبی سیاسیی، چەمکی رەتکردنەوەی دێموکراتیزە کردنی ئێران ، لە لایان PAKەوە ھاتووەتە گۆڕێ. بەڵام ئێستا لە ناو تەپووتۆزی کەسانی خۆماندوونەکەری حازرخۆردا، خەریکە خاوەن ماڵ، ون ببێت.
٧- ناسیۆنالیزم:
پێش دامەزراندنی PAK و ئێستاش هیچ لایەنێکی کوردی، زات ناکا خۆی لە پەسنی ناسیۆنالیزم بداو خۆی وەک ناسیۆنالیست پێناسە بکا.PAK ئەم سامەشی شکاند.ئێستا کە ھێندێک تاکی سەربەخۆی تەمەن ناوەند یان سەروو، رووی لەم چەمکە کردووە، ئەخلاق حوکم دەکا، بلێن لە ناو کورد دا، کێ پێشەنگ و خاوەنداریی لەم چەمکە دەکا.
Share Button

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *