
په‌سندکراوی کۆنگره‌ی یه‌که‌م، کۆنگره‌ی “سه‌قامگیرکردنی پرێنسیپه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان”
18تا20 ره‌زبه‌ری 2706
(10تا12 ئۆکتۆبری2006)
پێناسه و پێشه‌کی:
کوردستان نیشتمانی کورده و پێنجسه‌د هه‌زار کیلۆمیتری چوارگۆشه‌یه. له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیست و یه‌کی زایینی‌دا، حه‌شیمه‌تی ده‌گاته چل ملیۆن که‌س و له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا له باری رێژه‌ی حه‌شیمه‌ته‌وه پاش عه‌ره‌ب دووهه‌م نه‌ته‌وه‌یه.
کوردستان به پێی سیاسه‌تی ده‌وڵه‌ته مه‌زنه‌کانی جیهان، بێڕه‌زامه‌ندی نه‌ته‌وه‌ی کورد، به دوو قۆناخی جیاواز، له نێوان 4 ده‌وڵه‌تی عێراق، ئێران، تورکیا و سووریادا دابه‌ش و داگیرکراوه. جاری یه‌که‌م پاش شه‌ڕی “چاڵدێران” له نێوان دوو ئیمپراتۆری سه‌فه‌ویی و عوسمانی‌دا به کرده‌وه دابه‌شکرا. ساڵی 1639 ئه‌و دابه‌شکردنه به پێی “رێککه‌وتنی زه‌هاو” بوو به فه‌رمی و نه‌ته‌وه‌ی کورد نیری کۆیله‌تی ئه‌و دوو ده‌وڵه‌ته‌ی خرایه مل. جاری دووهه‌م پاش بڕانه‌وه‌ی شه‌ڕی جیهانی یه‌که‌م ساڵی 1923 به پێی رێککه‌وتننامه‌ی “لۆزان”، دابه‌شکرایه‌وه، پارچه‌ی ژێرده‌ستی ئێران وه‌ک خۆی مایه‌وه و پارچه‌ی بنده‌ستی عوسمانی به سه‌ر ده‌وڵه‌ته‌کانی تورکیا، عێراق و سوریادا، دابه‌شکرا.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی کوردستان له نێوان ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌دا دابه‌شکرا، هیچکامیان دانیان به بوونی خاکێک به ناوی کوردستان دانه‌نا و به‌مجۆره کوردستانی دابه‌ش و داگیرکراو ته‌نانه‌ت حیسابی وڵاتێکی کۆلۆنی کراوی ئاسایی بۆ نه‌کرا. ده‌وڵه‌تی تورکیا حاشای نه‌ک هه‌ر له “کوردستان” به‌ڵکوو له کوردیش کرد و به “تورکی کێویی” ناو دێری کرد. ئێرانییه‌کان کوردیان به یه‌ک له” ئه‌قوامی ئێران” و “لقێک” له فارس دانا. ده‌وڵه‌تی عه‌ره‌بی سووریا نه‌ک هه‌ر دانی به بوونی کورد و کوردستاندا نه‌نا، به‌ڵکوو مافی ناسنامه‌ی ده‌وڵه‌تی سووریاشی نه‌دانێ. له عێراقدا، له کاتی دروستبوونی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌دا، حکومه‌تی ناوه‌ندی دانی به بوونی کورددا نا. هه‌روه‌ها له ده‌ستووری کاتی 1970دا، “گه‌لی عێراق” پێکهاتوو له دوو نه‌ته‌وه‌ی سه‌ره‌کی عه‌ره‌ب و کورد، پێناسه کرا، به‌ڵام هاوکات عێراق به به‌شێک له نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب دانرا. هه‌ر بۆیه عێراقییه‌کان، کوردستان به “باکووری عێراق” ناو ده‌به‌ن. له یه‌ک وشه‌دا کوردستان و کورد به فه‌رمی به نه‌بوو دانران و له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی سیاسیی جیهان سڕانه‌وه!
کورد نه‌ته‌وه‌یه‌کی که‌ونارایه و له پێکهێنانی ژیاری و شارستانییەت و داهێنانی ئه‌ندێشه‌ی مرۆڤایه‌تی بۆ کۆمه‌ڵگای به‌شه‌ری، سه‌ربه‌خۆ و له‌گه‌ڵ گه‌لانی دیکه به‌شداریی کردووه.
کورد خاوه‌نی زمان، کو‌لتوور، فه‌رهه‌نگ، هونه‌ر و داب و نه‌ریتی سه‌ربه‌خۆیه. نیشتمانی کورد جوغرافیایه‌کی یه‌کگرتووی دانه‌بڕاو به‌یه‌که‌وه‌یه و ئابوورییه‌که‌ی له هه‌موو پارچه‌کاندا به گه‌شه‌نه‌کردوویی ماوه‌ته‌وه.
داگیرکه‌رانی کوردستان بۆ به کۆلۆنیی هێشتنه‌وه و له ناوبردنی یه‌کجاریی کوردستان، کانگاکانی کوردستانیان تاڵان کردووه، داهات و وزه و هێزی کوردیان بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان به‌کارهێناوه و نه‌ته‌وه‌ی کوردیان له هه‌ر چه‌شنه ده‌سه‌ڵاتێکی سیاسی و ئابووری، بێبه‌ش کردووه. له‌و هه‌لومه‌رجه‌دا یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی کورد که‌وتووه‌ته مه‌ترسییه‌وه؛ به چه‌شنێک که سیاسه‌تی ئاسیمیله‌کردنی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه له لایان داگیرکه‌رانی کوردستانه‌وه له هێندێ شوێنی کوردستاندا سه‌رکه‌وتوو بووه.
به‌شێکی به‌رچاو له رۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورد به پێی سیاسه‌تی ده‌وڵه‌ته داگیرکه‌ره‌کان له کوردستان دوور خراونه‌ته‌وه و له شوێنگه‌لی دوور له کوردستان، یان له میترۆپۆله‌کان نیشته‌جێ کراون. بۆ نموونه به‌شێک له‌و کوردانه له سه‌رده‌می پاشاکانی تورک، به‌تایبه‌تی شاسمایل و شاعه‌باس سه‌فه‌وی ، بۆ رۆژهه‌ڵاتی ئێران و بۆ پارێزگه‌ی خۆراسان راگوێزراون. به‌شێکی دیکه‌ش بۆ باکووری ئێران دوور خراونه‌ته‌وه. له تورکیا ئه‌و سیاسه‌ته توندتر به‌ڕێوه چووه.
سیاسه‌تی کۆمه‌ڵکوژی، بێسه‌روشوێنکردن و سڕینه‌وه‌ی مۆرک و شوێنه‌واری کورد، به ده‌ست ده‌وڵه‌ته‌کانی تورک و روس و ئێران و عه‌ره‌ب له پاش شه‌ڕی چاڵدێرانه‌وه، به ملیۆنان کوردی له نێوبردووه: له شه‌ڕی چاڵدێرانه‌وه تا 3 سه‌ده دواتریش هه‌موو شه‌ڕ و پێکدادانه‌کانی نێوان سه‌فه‌وی و عوسمانییه‌کان له سه‌ر خاکی کوردستان و زۆر جار به‌خه‌رج و خوێنی کورد روویانداوه. هێرش بۆ سه‌ر قه‌ڵای دمدم، کوشتاره‌که‌ی ناسراو به موکری قڕان و قه‌ڵاچۆی عێلی مه‌نگۆڕ، کوشتاره‌کانی سه‌رده‌می قه‌جه‌ره‌کان، کوشتاری کوردان له جه‌رگه‌ی شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانی له‌لایان هێزه‌کانی رووس و عوسمانییه‌وه و کوشتاره‌که‌ی 1915 و 1916، راگوێزانی ئه‌و 700 هه‌زار کورده‌ی به فه‌رمانی سوڵتانی عوسمانی له‌و ساڵانه‌دا، نیوه‌یان له سه‌رمان و له برسان قڕیان هات، قات و قڕییه‌که‌ی شه‌ڕی یه‌که‌م که به هه‌زاران کوردی له نێو برد، هێرشه‌کانی سوپای تورکیای ئه‌تاتورک و ئێرانی ره‌زاخان بۆ سه‌ر کوردستان و له سه‌رده‌می نوێ‌دا زیان و خه‌ساره‌ته مرۆڤییه‌کانی پیلانی ئه‌لجه‌زایر و شه‌ڕی ئێران- عێراق و کوژرانی هه‌زاران کورد له په‌لاماره‌کانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ سه‌ر کوردستان، گرتن و کوشتنی هه‌زاران کورد له رۆژاوای کوردستان به ده‌ستی رێژیمی سوریا، کوشتاری کوردان له باکووری کوردستان له چاره‌گه سه‌ده‌ی رابردوودا و 182000 ئه‌نفالکراوی گه‌رمیان و 8200 بارزانی و 5000 فه‌یلی و کیمیابارانی حه‌ڵه‌بجه و سه‌رده‌شت و ناوچه‌کانی دیکه به ده‌ستی رێژیمی به‌عسی عێراق، ئه‌و کاره‌ساتانه‌یه که به سه‌ر هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌کی دیکه‌ی ئه‌م جیهانه به‌م ته‌رزه نه‌هاتووه. ئه‌م کاره‌ساتانه ئاکامی کۆلۆنی بوون و سیاسه‌تی ته‌فر و تووناکردنی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی کورد و سڕینه‌وه‌ی خاکه‌که‌ی له سه‌ر نه‌خشه‌ی جیهان بووه . سیاسه‌تی ده‌وڵه‌ته داگیرکه‌ره‌کانی کوردستان دژ به نه‌ته‌وه‌ی کورد هه‌ر چه‌ند به رواڵه‌ت و شێواز جیاواز بووه، به‌ڵام له ناوه‌رۆک و ئامانج دا هه‌موو له خزمه‌ت ئه‌م ستراتیژییه‌دا بووه.
هۆکاری سه‌ره‌کی ئه‌و شه‌ڕ و ململانێیه‌ی کوردستان له کۆنه‌وه تووشی بووه و هۆکاری دابه‌ش و داگیرکرانی، هه‌ڵکه‌وته ستراتیژییه گرینگه‌که‌ی بووه که وه‌ک ناوچه‌یه‌کی وشکایی هه‌موو ده‌روازه ده‌ریاییه‌کانی به یه‌کتر به‌ستووه‌ته‌وه و له کۆنه‌وه رێگای به‌یه‌کگه‌یاندنی رۆژهه‌ڵات و رۆژاوا بووه. دۆزینه‌وه‌ی په‌ترۆل بایه‌خی هه‌ڵکه‌وته ستراتیژییه‌که‌ی زیاتر کردووه و هاوکات شوێنه ستراتیژییه‌که‌ش بایه‌خی تایبه‌تی به په‌ترۆڵه‌که‌ی داوه.
کورد بۆ رزگاری له کۆلۆنیالیزم و سیاسه‌تی سرینه‌وه‌ی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی، زیاتر له هه‌موو گه‌لانی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست بۆ ئازادی خه‌باتی کردووه و قوربانی داوه . راپه‌ڕینه‌کانی میر به‌درخان، شێخ عوبه‌یدوڵڵای نه‌هری و شێخ عه‌بدولسه‌لام بارزانی، حوکمڕانی شێخ مه‌حمود، شوڕش و ده‌سه‌ڵاتداریی چه‌ند ساڵه‌ی سمکۆ، راپه‌ڕینی شێخ سه‌عیدی پیران، شۆڕشی ئاگری و شۆڕشی ده‌رسیم و شۆڕشه‌کانی بارزان و جمهوری کوردستان و شۆڕشی ئهیلوول ئه‌و زنجیره شۆڕش و راپه‌ڕین و ده‌سه‌ڵاتدارییه بوون که بۆ ئازادیی و سه‌ربه‌خۆیی کوردستان و مافه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورد به‌رپاکران.
گه‌لێ هۆکاری ورد و درشت له پشت سه‌رنه‌که‌وتنی کورد له رێی پێکهێنانی ده‌وڵه‌تی نهتهوهییداههبوون که ده‌کرێ ئه‌م چه‌ن خاڵه‌به 3 هۆکاری سه‌ره‌کیی دابنرێن:
– سروشتی وڵات و بایه‌خی ستراتیژیی کوردستان: به هۆی سروشتی کوردستان، کورد له نێوخۆدا نه‌یتوانیوه پاڵوێکدا و به هۆی شاخ و رووباره‌کانه‌وه له چه‌ندین هه‌ڕێمی لێک دوور نیشته‌جێ بووه. هه‌روه‌ها به هۆی بایه‌خی ستراتیژیی بۆ زلهێزه‌کان، به‌تایبه‌ت بریتانیا، نه‌ک هه‌ر یارمه‌تیی نه‌دراوه ببێته ده‌وڵه‌ت،به‌ڵکوو خه‌بات و تێکۆشانی بۆ به ده‌وڵه‌تبوون په‌کخراوه.
– سیسته‌می سیاسی جیهان و نه‌بوونی دۆستی ستراتیژیی: ئه‌و سیسته‌مه سیاسییه‌ی که به سه‌ر جیهان و به سه‌ر پێوه‌ندی نێوان ده‌وڵه‌ته زلهێز و بڕیار به ده‌سته‌کاندا زاڵ بووه، دژ به ئازادیی کورد و به‌ده‌وڵه‌تبوونی که‌وتووه‌ته‌وه. کورد دۆستی ستراتیژیی نه‌بووه و ته‌نانه‌ت ده‌وڵه‌ته ناکۆکه‌کان، له سه‌رکوت و دامرکاندنه‌وه‌ی راپهڕینهکانیدا کۆک بوون. ئه‌گه‌ر جار و بار یه‌کیان لایه‌کی له شۆڕشی کورد کردبێته‌وه ته‌نیا هه‌ڵوێستێکی کاتی و تاکتیکی بووه.
– تێپه‌رینی هێندێک ده‌رفه‌تی ره‌خساو: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که دوو فاکته‌ری پێشتر به دژی رزگاریی نه‌ته‌وه‌یی کورد، ئاماده بوونیان هه‌بووه، به‌و حاڵه‌شه‌وه هێندێک ده‌رفه‌ت که ره‌خساون نه‌قۆزراونه‌ته‌وه. ناشاره‌زایی له سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی، ناکۆکیی و کێشه‌ی نێوخۆیی کورد و نائاماده‌یی له مه‌یدانی ململانێی سیاسی‌دا، هۆکاری ئه‌وه بوون. پاش شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانی ده‌رفه‌تێک بۆ کورد هه‌ڵکه‌وت ببێته ده‌وڵه‌ت، به‌ڵام ئه‌و ده‌رفه‌ته به‌و هۆیانه‌وه له ده‌سچوو.
دابه‌شکرانی کوردستان له جاری یه‌که‌مدا، زه‌بری قورسی له یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی کورددا و دۆخێکی ناله‌بار و ئاڵۆزی تووش کرد. به‌ڵام شه‌ڕی جیهانی یه‌که‌م بێجگه له نه‌هامه‌تییه زۆر و زه‌وه‌نده‌کانی، ئاکامه سیاسییه‌کانی که بریتی بوون له پارچه پارچه‌کردنی کوردستان و پێکهێنانی ژماره‌یه‌ک ده‌وڵه‌تی تازه که هه‌رکام یه‌کێ له پارچه‌کانی کوردستانی پێوهلکێنرا و به هه‌مووان گه‌مارۆی کوردستانی دابه‌شکراویان دا؛ باری سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و کولتووری کوردیان چه‌ند قات خراپترکرد. ئیتر له‌وه به‌ولاوه، 4 ده‌وڵه‌تی داگیرکه‌ر، یه‌کگرتووانه کوردستانی دابه‌شکراویان چاودێری ده‌کرد و هه‌ر جموجۆڵێ له هه‌ر پارچه‌یه‌ک سه‌ری هه‌ڵدابا به هه‌مووان گه‌له‌کۆمه‌کیان لێده‌کرد. له لایه‌کی دیکه‌وه، ناسیۆنالیزمی کورد له ژێر کاریگه‌ریی ئه‌و دۆخه داسه‌پاوه‌دا، به سه‌ر 4 که‌رتدا، دابه‌ش بوو. ئێتر به پێچه‌وانه‌ی رابردوه‌وه که شۆڕشه‌کانی کورد سنووری عوسمانی و ئێرانیان ده‌به‌زاند، بزووتنه‌وه‌ی کورد له هه‌ر پارچه‌یه‌ک مه‌حکووم بوو به‌وه‌ی له سنووری ئه‌و پارچه‌یه‌دا ببزوێ؛ هه‌ر پارچه‌یه‌ک حیزبی تایبه‌ت به خۆی لێ دامه‌زرا، دروشمی تایبه‌تی خۆی هه‌ڵگرت و تاکتیک و ستراتیژی خۆی دیاریی کرد. له ساڵه‌کانی 1932 تا 1939 گه‌له‌کۆمه‌کی داگیرکه‌ران قۆناخێکی پڕ مه‌ترسیی بۆ کورد خوڵقاند. په‌یمانی سه‌عداباد لووتکه‌ی ئه‌و مه‌ترسییانه بوو.
له شه‌ڕی دووهه‌می جیهانیدا ده‌رفه‌تێک بۆ کورد هه‌ڵکه‌وت بتوانێ له به‌شێک له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان، ” دەوڵەتی جمهووریی کوردستان” دابمه‌زرێنێ. دامه‌زرانی دەوڵەتی جمهووریی کوردستان گرینگ‌ترین رووداوی سه‌رده‌می نوێی کورد بوو. هه‌روه‌ها له ده‌یه‌ی حه‌فتای سه‌ده‌ی بیسته‌مدا شۆڕشی ئهیلوول توانی گوڕوتینێکی گه‌وره به بزاڤی ناسیۆنالیزمی کورد بدا و هێندێک ده‌سکه‌وت له باشووری کوردستان به‌ده‌س بێنێ. هه‌ر دوو دهسکهت بوونه قوربانیی سات و سه‌ودای جیهانی دووجه‌مسه‌ریی و هه‌ره‌سیان هێنا.
سه‌رده‌می “شه‌ڕی سارد”یش بۆ نه‌ته‌وه‌ی کورد، هه‌ر درێژه‌ی ته‌رتیباته سیاسییه‌که‌ی پاش شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانی بوو. دۆستی ستراتیژیی نه‌بوو؛ به کۆلۆنی و کۆیله‌یی مایه‌وه.
هاوکات له‌گه‌ڵ شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانی و دابه‌شکردنه‌وه‌ی کوردستان، رێژیمی تێزاری روسییه رووخا‌و و یه‌کێتی سۆڤیه‌ت دامه‌زرا. دراوسێتی کوردستان و یه‌کێتی سۆڤیه‌ت کوردستانی خسته به‌ر کاریگه‌ریی ئه‌و گۆڕانکارییه. به له دایکبوونی سۆڤیه‌ت، ئایدۆلۆژیای مارکسیزم – لینینیزم له کوردستان په‌ره‌ی ئه‌ستاند و بۆ ده‌یان ساڵ بووه ئایدیۆلۆژیایه‌کی کاریگه‌ر و شوێندانه‌ر له سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی کورد و تێکۆشه‌ره‌کانی له هه‌موو پارچه‌کانی کوردستان.
یه‌کێتی سۆڤیه‌ت نه‌ک هه‌ر نه‌بووه پاڵپشتی کورد و بزوتنه‌وه رزگاریخوازییهکهی، به‌ڵکوو یه‌که‌م ده‌وڵه‌ت بوو که‌مالیسته‌کانی به‌ڕه‌سمی ناسی و بووه پاڵپشتی هه‌ردوو رێژیمه‌که‌ی مسته‌فاکه‌مال و ره‌زاخان. ده‌وڵه‌تی سۆڤییه‌ت بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی کوردی به بزووتنه‌وه‌ی کۆنه په‌رستانه و خێڵه‌کی دانا؛ ئه‌گه‌ر جاروبار سووکه لایه‌کی له کورد ده‌کرده‌وه تاکتیکیی و کورتخایه‌ن بوو. له ده‌قه‌کانی خودی مارکسیزم – لینینیزمیشدا هیچ جێگایه‌کی تایبه‌ت وسه‌ربه‌خۆ بۆ پرسی نه‌ته‌وه و نه‌ته‌وایه‌تی ته‌رخان نه‌کراوه و له باشترین حاڵه‌تدا دۆزی نه‌ته‌وه‌یی نه‌ته‌وه‌بنده‌سته‌کان، کراوه‌ته پاشکۆی خه‌باتی چینی کرێکار و له رهوژهنی خه‌باتی چینایه‌تی و سوسیالیزمه‌وه ده‌ڕوانێته پرسی نه‌ته‌وه‌یی. پراکتیکی زۆربه‌ی حیزب و رێکخراوه مارکسی- لینینیهکانیش له کوردستان و ئه‌و وڵاتانه‌ی کوردیان پێوه‌لکێنراوه له لێکدانه‌وه‌یه‌کی گشتیی‌دا کورد و بزووتنه‌وه‌که‌ی تووشی زیان و گێره و کێشه‌ی زۆر کرد؛ تا جێگایه‌ک که یه‌کێ له فاکته‌ره‌کانی سه‌رهه‌ڵدانی شه‌ڕی نێوخۆیی و دژایه‌تیکردنی ناسیۆنالیزمی کورد و ته‌نانه‌ت هێندێکجار پشتیوانیی له ده‌وڵه‌ته داگیرکه‌ره‌کان، بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه. به گشتی کورد و بزووتنه‌وه رزگاریخوازییهکهی له سۆنگه‌ی سیاسه‌تی یه‌کێتی سۆڤیه‌ت و په‌ره‌گرتنی ئایدۆلۆژیای م. ل له کوردستان و پراکتیکی ژماره‌یه‌ک له حیزب و رێکخراوه مارکسیستییه‌کانی کورد و ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی کوردستانیان پێوه‌لکێنراوه، تووشی خه‌ساره‌تی زۆر هاتووه.
له پاڵ ئه‌وه‌دا داگیرکه‌رانی کوردستان له فره ئایینی و مه‌زهه‌بییه‌که‌ی کورد بۆ ئاسمیله‌کردن و سڕینه‌وه‌ی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی که‌ڵکیان وه‌رگرتووه. پارێزگاکانی کرماشان، ئیلام ، لۆرستان و ده‌وروپشتی هه‌مه‌دان که ده‌بوو ناوه‌ندی به‌ربه‌ره‌کانی دژی سیاسه‌تی ته‌فر و توونا کردنی کورد و کوردستان بن، به هۆی پچڕانی پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ به‌شه‌کانی دیکه‌ی کوردستان و نه بوونی رێکخستنی سیاسی کارامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی، ئه‌و به‌شه‌ی له خه‌باتی سیاسی – نه‌ته‌وه‌یی دوور خسته‌وه. ئێستا ههلو مه‌رجه‌که گۆڕاوه، سیاسه‌تی دابه‌شکردنی کورد له روی ئایینی و مه‌زهه‌بییه‌وه کاریگه‌رییه‌کی ئه‌وتۆی نه‌ماوه.
به رووخانی دیواری به‌رلین له نوامبری 1989 وتێکڕمانی یه‌کێتی سۆڤیه‌ت له ئۆکتۆبری 1991دا، شه‌ڕی سارد و جیهانی دووجه‌مسه‌ریی کۆتایی پێهات. خه‌باتی نه‌ته‌وه بنده‌سته‌کان بۆ ئازادیی و کیانی نه‌ته‌وه‌یی، تێکۆشان له پێناو ئازادیی و دیمۆکراسی و چوونه سه‌رێی بایه‌خه‌کانی مافی مرۆڤ و کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی، له هۆکاره ناوخۆییه‌کانی ئه‌و گۆڕانکارییه مه‌زنانه بوون. به پێچه‌وانه‌شه‌وه، ئه‌و گۆڕانکارییانه له سه‌ر په‌ره‌گرتنی ئه‌و بایه‌خ و چه‌مکانه کاریگه‌ر و شوێندانه‌ر بوون.
له سه‌رده‌می شه‌ڕی سارد و جیهانی دووجهمسهرییدا، هێزی ده‌وڵه‌ت به پێوه‌ری توانای نیزامیی ده‌پێورا؛ فاکته‌ری نیزامیی ئاراسته‌ی ململانێکانی دیاریی ده‌کردو هه‌ر دووجه‌مسه‌ری رۆژاوا و رۆژهه‌ڵات به پێی پارسه‌نگی هێز، ناوچه‌کانی به‌ر نفوزی خۆیان دابه‌ش کردبوو. ئه‌مڕۆ به کۆتایی هاتنی جیهانی دوو جه‌مسه‌ریی و شه‌ڕی سارد، ده‌وری فاکته‌ری نیزامیی و ئایدۆلۆژیا لاواز بووه و توانای ئابووریی گرینگ‌ترین ره‌گه‌زی هێزی ده‌وڵه‌ته و ده‌سه‌ڵات و جێگه‌و پێگه‌ی هه‌ر ده‌وڵه‌تێک له سیسته‌می نوێی جیهانیدا دیاریی ده‌کا. بۆیه له لۆژیکی ده‌سنیشانکردنی ناوچه ژئۆپۆلیتیکی و ژئۆستراتیژییهکاندا گۆڕانکاریی روویداوه و ئه‌و ناوچانه به پێی فاکته‌ری نیزامیی دیاریی ناکرێن و به پێی توانای ئابووریی و بوونی سه‌رچاوه‌ی سروشتیی دیاری ده‌کرێن. فاکته‌ری نیزامیی وه‌ک هێزی پاڵپشتیکردنی ئامانجه ئابوورییه‌کان به حیساب دێ. پاش له‌به‌ریه‌کترازانی یه‌کێتی سۆڤیه‌ت، پارسه‌نگی هێز روومایه‌کی له جیهانی نوێ نه‌خشاند که چه‌ند جه‌مسه‌رێک له پێشبڕکێ و ململانێ و هاوکارییدا بوون له‌گه‌ڵ یه‌کتر و دووجه‌مسه‌ریی جێی خۆی دایه چه‌ن جه‌مسه‌ریی. شه‌ڕی یه‌که‌می که‌نداو گۆڕانی له ته‌رازووی هێز پێکهینا و به چوونه سه‌رێی هێژموونی سیاسیی ئه‌مریکا، جیهانی ئێستا وه‌ک سیسته‌مێکی سیاسیی “یه‌ک – چه‌ند جه‌مسه‌ریی” ده‌خوێندرێته‌وه. واته، چه‌ن جه‌مسه‌ری گه‌وره‌ی سیاسی – ئابوریی هه‌ن که ئه‌مریکا له نێویاندا باڵا ده‌سته و زیاترین ده‌سه‌ڵات و توانای له ئاراسته‌کردنی ره‌وتی روداوه‌کاندا هه‌یه. له‌م جیهانه‌دا، ئه‌م جه‌مسه‌رانه، له بازنه‌یه‌ک له هاوکاری، کێبه‌رکێ و ململانێدا جێیانگرتووه.
ئه‌م سیسته‌مه سیاسییه و پێویستییه‌کانی، جیهانی ئه‌مڕۆی به هه‌موو به‌شه‌کانییه‌وه تووشی گۆڕان کردوه و چه‌مکه‌کانی “سه‌روه‌ری ده‌وڵه‌ت” و سنووری ده‌وڵه‌تانی له‌ق و تووشی گۆڕان و سه‌ر له نوێ پێناسه و داڕشتنه‌وه کردووه. یه‌کێک له نیشانه هه‌ره دیاره‌کانی لهرزۆکبوونی ” سه‌روه‌ریی ره‌های ده‌وڵه‌تان”،له جیهانی دوای شه‌ری سارد دا، دوکتورینی “ده‌ستێوه‌ردانی مرۆڤی” UN ه که تا ئێستا ژماره‌یه‌ک نه‌ته‌وه‌ی له کوشتار و قڕکردنی زیاتر پاراستووه؛ له وانه کورد له باشووری کوردستان ، سۆمالی، رواندا، بۆسنیا، کۆسۆڤۆ ، هاییتی و …هتد. بریاری مێژوویی 688 UN و دانانی “هه‌رێمی ئاسایش و دژه فرین” له باشووری کوردستان، نه‌ته‌نیا بوو به هۆی ئه‌وه‌ی سنوورێک بۆ سیاسه‌تی قڕکردنی ده‌وڵه‌تی داگیرکه‌ری عێراق دژ به کورد دابندرێ، به‌ڵکوو به هۆی ئه‌م بڕیاره‌وه ده‌سپێک و وه‌رچه‌رخانێکی گه‌وره‌ش له ژیان و چاره‌نووسی به‌شێک له نه‌ته‌وه دابه‌شکراوه‌که‌مان روویدا. کورد توانی به ئیراده‌ی خۆی و به که‌ڵکوه‌رگرتن له‌و پرێنسیپه، به کرده‌وه ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی نه‌ته‌وه‌یی خۆی دابمه‌زرێنێ. هه‌ر له‌وێوه پیرۆزیی سنووره‌کانیش درزی تێکه‌وت و ژماره‌یه‌ک نه‌ته‌وه‌ی بنده‌ست یه‌ک به داوی یه‌کدا ، ته‌لبه‌ندی سنووره ده‌سکرده‌کانیان پچڕاند و ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی خۆیان پێکه‌وه‌نا. به له‌به‌رچاوگرتنی گشت ئه‌م دیاردانه ، ده‌توانین بڵێین به بڕانه‌وه‌ی شه‌ری سارد و کۆتاییهاتنی جیهانی دووجه‌مسه‌ریی، گه‌لێک چه‌مک و به‌ها و پرێنسیپ ، هه‌ر له‌و کاته‌دا ، ده‌ره‌تان و ده‌رفه‌تی نوێ بۆ نه‌ته‌وه ژێرده‌سته‌کان هه‌ڵکه‌وتووه که ده‌توانن به پشتبه‌ستن به پرۆژه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی بۆ به ئاکام گه‌یاندنی سه‌رکه‌وتوانه‌ی خه‌باته‌که‌یان،که‌ڵکی لێوه‌ربگرن.
پێبهپێی له بار بوونی فاکته‌ره نێوده‌وڵه‌تییه‌کان، له ئاستی نه‌ته‌وه‌ییشدا،به‌شێوه‌یه‌کی بێوێنه ره‌وتی خۆناسینی نه‌ته‌وه‌یی و گرینگی‌دان به ناسنامه و خۆجیاکردنه‌وه له وی دیی، له نێو رۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورد دا له گه‌شه‌کردن و به هێزبووندایه. گرینگی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و پرسه‌کانی پێوه‌ندییدار به‌و چه‌مکه ، هیچکات وه‌ک ئێستا بۆ تاکی کورد گرینگی و بایه‌خی نه‌بووه. ئه‌م ره‌وته تایبه‌ت به شار و ناوچه و مه‌ڵبه‌ندێکی کوردستان نییه؛ خۆ به کورد زانیین و گه‌ڕان به دوای ناسنامه و سیمبۆل و هێما نەتەوەییەکان، خۆشه‌ویستی ئاڵا و ئاره‌زووی سه‌روه‌ریی نه‌ته‌وه‌یی ، به پانتایی جۆغرافیای کوردستان هه‌موو لایه‌کی گرتووه‌ته‌وه و بوونه‌ته به‌شێک له هه‌ست و نه‌ست و بیری تاکی کورد. بۆ که‌ڵک وه‌رگرتن له‌و هه‌ل و ده‌رفه‌تانه، بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازیی کورد پێویستی به به‌خۆداچوونه‌وه له دروشم و ئامانج و رێبازی تا ئێستای دایه. شێوه‌ی رێکخستن و ئه‌ده‌بیاتی سیاسی و رێگا چاره‌سه‌ره‌کانی سه‌رده‌می شه‌ری سارد،چیدیکه ناتوانن وه‌لامده‌ره‌وه‌ی ئه‌م هه‌لوومه‌رجه نوێیه بن. پێویسته سه‌رده‌می پاشه‌کشه و خۆ ماتکردنی ناسیۆنالیزمی کورد به مه‌به‌ستی مانه‌وه و خۆ پاراستن، کۆتایی بێ و بزووتنه‌وه‌ی کورد به ئاشکرا و به بێ هیج ترس و له‌رزێکی سیاسی له ستراتیژیی سیاسیی- نه‌ته‌وه‌یی خۆی، واته سه‌روه‌ریی سیاسی و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی بدوێ. وه‌دیهێنانی ئه‌و ئامانجه پێویستی به گه‌ڵاڵه، پرۆژه و ئیراده‌ی لێبڕاوی نه‌ته‌وه‌یی هه‌یه.
رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هه‌رێمێکی ژئۆستراتیژی و ژئۆئێکۆنومی جیهانه و به‌و هۆیه‌وه بایه‌خێکی گرینگ و ژیاریی هه‌یه بۆ جیهان و ده‌وڵه‌ته زلهێزه‌کان. هاوکات ناوه‌ندێکی گه‌رمی قه‌یرانی سیاسی و بارگرژی نێوان ده‌وڵه‌ت و لایه‌نه‌کان و مه‌ڵبه‌ندی تێکچرژانی بهرژهوهندیییه دژ به یه‌که‌کانه. توند و تیژی و شه‌ڕ و ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ره‌کیی شێوازی گۆڕانکارییه‌کان له‌م هه‌رێمه‌دا بووه. ته‌رتیبات و ئارایشی سیاسیی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هی شه‌ڕی یه‌که‌می جهیانییه که له سه‌ر بناخه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیی وڵاتانی رۆژاوایی به‌تایبه‌ت ئینگلیس و فه‌رانسه به‌بێ له به‌رچاوگرتنی ویست و ئیراده و به‌رژه‌وه‌ندی و مافه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورد رێکخراوه. ئه‌و وڵاتانه ژماره‌یه‌ک ده‌وڵه‌ت – نه‌ته‌وه‌ی توتالیتێریان دامه‌زراند که دواتر بوونه ده‌وڵه‌تی مافیایی و کاری تاڵان و رادانی سامانی کوردیان بۆ مسۆگه‌ر کردن. ئه‌مرۆ هاوکێشه‌کانی رۆژهه‌لاتی ناوه‌راست گۆڕانیان به‌سه‌ردا هاتووه. ئه‌گه‌ر تا بڕانه‌وه‌ی شه‌ری سارد،گۆرانکاری ته‌نیا ویستی نه‌ته‌وه و گه‌له بنده‌سته‌کانی هه‌رێمه‌که بوو،ئه‌مرۆ ئه‌مریکا و هاوپه‌یمانه‌کانی له پێناو به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆیان و له ترسیی تێرۆر و له نێوچوونی ئاسایشی ولاته‌کانیان،ده‌ستیان به گۆڕانکاری له رۆژهه‌لاتی ناوه‌راست کردووه. کورد به گشتی و باشوری کوردستان به تایبه‌تی به به‌شداری له‌و گۆرانکاریانه‌دا و هاوپه‌یمانیی سیاسی له گه‌ل ئه‌مریکا قازانجی کردووه. پرسی تێکۆشان دژی تێرۆریزم ئه‌و پێوه‌ندییه توند و تۆڵتر ده‌کا. به بێ هه‌ڵته‌کاندنی ئه‌و ته‌رتیباته سیاسییه کۆنه‌ی رۆژهه‌لاتی ناوه‌راست و ئازادیی نه‌ته‌وه‌ی کورد، هیچکام له‌و وڵاتانه‌ی کوردستانیان پێوه‌لکێنراوه هێمنی و ئاسایش به خۆیانه‌وه نابینن، رێگای دیمۆکراسی و سه‌قامگیری له رۆژهه‌لاتی ناوه‌راستدا ناکرێته‌وه و هه‌موو جیهان باجی بارگرژی و ئالۆزییه‌کان ده‌دا. کێشه‌ی کورد گرفتی گرووپێکی ئیتنیکی بچووک نییه که به زه‌بر و زه‌نگ بنه‌بڕ بکرێ؛ پرسی نه‌ته‌وه‌یه‌کی 40 میلیۆنییه که به بێ ره‌زامه‌ندیی خۆی دابه‌شکراوه. ئازادیی کورد کلیلی دیموکراسی و سه‌قامگیریی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته.
ئێران یه‌کێک له ده‌وڵه‌ته‌کانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته که له یهکگرێدانی به زۆری چه‌ند نه‌ته‌وه و خاکی لێکجیاواز پێکهاتووه. بێجگه له کورد 4 نه‌ته‌وه‌ی دیکه‌ش به بێ مافیی له بنده‌ستی ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌دان. فارسه‌کان خاوه‌نی ده‌وڵه‌تی ئیرانن.
ئێرانی ئه‌مڕۆ وه‌ک ده‌وڵه‌ت، ئه‌و قه‌واره سیاسیه‌یه که ره‌زاخان پاش لادانی ئاخرین شای قاجار، پێکه‌وه‌ی نا. ره‌زاخان به لاسایی کردنه‌وه‌ی نمونه‌ی ئوروپایی” نه‌ته‌وه سازیی” وه‌ک مسته‌فا که‌ماڵ ئه‌تاتورک ، به پشت به‌ستن به ئه‌رته‌ش و زه‌بر و زه‌نگی بێ‌سنوور، که‌وته په‌لاماردانی هه‌ر ده‌سه‌ڵات و دهیاردهیهکی نه‌ته‌وه نه‌فارسه‌کان و به‌ناوی ” میلله‌تی ئێران” ه‌وه، تێکۆشا وڵاتێکی خاوه‌ن یه‌ک نه‌ته‌وه، یه‌ک شوناس، یه‌ک زمان و یه‌ک کو‌لتوور ساز بکا. ره‌زاخان له ماوه‌ی 20 ساڵ فه‌رمانڕه‌واییدا، شۆڤینیزمی فارسی کرده سیاسه‌تی ره‌سمی ده‌وڵه‌ت، زمان و جل و به‌رگ و نه‌ریت و هه‌موو بۆنه نه‌ته‌وه‌ییه نهفارسییهکانی دایه به‌ر هێرش، قه‌ده‌غه‌ی کردن و هه‌موو دام و ده‌زگاکانی ده‌وڵه‌تی بۆ تواندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌کانی دیکه له بۆته‌ی نه‌ته‌وه‌ی فارس‌دا، به‌کارهێنا. حه‌مه‌ڕه‌زاشای کوڕی هه‌ر ئه‌و رێچکه و رێبازه‌ی گرته‌به‌ر و ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌مڕۆش به سیسته‌مێکی توتالیتێرهوه، هه‌ر پارێزه‌ری ئه‌و قه‌واره‌یه و شۆڤێنیزمی فارسن.
ئێرانی ئه‌مڕۆ چ وه‌ک ده‌وڵه‌تێکی ساده و چ وه‌ک سیسته‌مێکی سیاسی توتالیتێر، نه له روانگه‌ی کورده‌وه شه‌رعییه‌تی هه‌یه، نه له‌گه‌ڵ سیسته‌می جیهانی ده‌گونجێ . رێژیمی کۆماری ئیسلامی به رێکخستنی تاقم و گروپه توندڕه‌و و تیرۆریستییه‌کان له وڵاتانی موسوڵمان و عه‌ره‌بی و دژایه‌تی له‌گه‌ڵ پڕۆسه‌ی ئاشتی نێوان فه‌له‌ستین و ئیسرائیل و ده‌ستێوه‌ردان له کاروباری عێراق و به حه‌ولدان بۆ به‌رهه‌مهێنانی چه‌کی ئه‌تۆمی، ئاشتی جیهانیی له مه‌ترسیی هاویشتووه و بووه‌ته له‌مپه‌رێکی سه‌ره‌کیی له رێی ته‌بایی و ئاشتی و سه‌قامگیریی له ناوچه‌که‌دا.
رۆژهه‌ڵاتی کوردستان، پارچه‌یه‌کی کوردستانه که له پاش شه‌ڕی چاڵدێرانه‌وه به پێی “رێککه‌وتننامه‌ی زه‌هاو” خرایه سه‌ر ئیران. سنووری جوغرافیی له رێژگه‌ی ئاوی گوندی “پههناوهر”ه‌وه که ده‌ڕژێته ئاراسه‌وه ده‌سپێده‌کا، له‌گه‌ڵ ئاراسدا به ته‌نیشت چیای ئاراراته‌وه به‌ره‌و خوار درێژ ده‌بێته‌وه تا باشوری ده‌ریاچه‌ی ورمێ، له وێڕا به‌ره‌و خوارتر ده‌کشێ و مه‌ڵبه‌نده‌کانی موکریان و ئه‌رده‌ڵان ده‌بڕێ و هێندێک له ناوچه‌کانی پارێزگای هه‌مه‌دان ده‌گرێته‌وه و به‌ره‌و کرماشان و ئیلام ده‌ڕوا و ده‌گاته هه‌رێمه‌کانی لوڕ و به‌ختیاری و تا سه‌ر که‌نداو درێژ ده‌بێته‌وه. به وتهیهکیتر رۆژهه‌ڵاتی کوردستان به پێی مێژوو و جوغرافیا به شێوه‌یه‌کی گشتی بریتیه له هه‌موو ئوستانه‌کانی ئێستای رۆژاوای ئێران بێجگه له خووزستان. هه‌روه‌ها له پارێزگاکانی خوراسانی باکووری و خوراسانی رهزهویی هه‌رێمگه‌لێک هه‌ن که کوردیان لێ نیشته‌جێیه و کوردستانێکی پچووکیان لێکه‌وتووه‌ته‌وه . له‌وانه ئیسفه‌راین، بجنوورد، شیروان، قووچان، ده‌رگه‌ز، چناران، باجگیران. فاکته‌ره مێژوویی، جوغرافی و کولتوورییه‌کان و ویست و ئیراده‌ی دانیشتوان، پێوه‌ره‌کانی دیاریکردنی سنووری نه‌ته‌وه‌یی کوردستانن. ئه‌و مه‌ڵبه‌ند و شوێنانه‌ی تووشی ئاسمیلاسیۆن هاتوون و باری دیمۆگرافییان شێوێندراون، فاکته‌ره مێژوویی و جوغرافییه‌کان یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ی بڕیاری دیاریکردنی سنووری نه‌ته‌وه‌ییانه.
رۆژهه‌ڵاتی کوردستان تا ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی 19 به کرده‌وه ملی به بنده‌ستی نه‌داوه و له رێگه‌ی میرنشینه‌کانی لوڕ و ئه‌رده‌ڵان و موکریان و برادۆسته‌وه، سه‌ربه‌خۆیی خۆی پاراستووه. به‌ڵام سه‌ربه‌خۆییه‌که‌ی پاش رووخانی میرنشینه‌کان له ده‌سداوه و ته‌وقی کۆیله‌تی و بنده‌ستی ده‌وڵه‌تی فارسی که‌وتووه‌ته مل. بنه‌ماڵه‌ی په‌هله‌وی، بۆ تواندنه‌وه و ئاسمیله‌کردنی کورد، بێجگه له قه‌ده‌غه‌کردنی جل و به‌رگ و زمانی کوردی و په‌لامار و سه‌رکوتی شۆڕش و راپه‌ڕینه‌کانی کورد، نیشتمانه‌که‌یان که‌رت که‌رت کرد و به سه‌ر چه‌ند پارێزگادا، دابه‌شیانکرد.
نه‌ته‌وه‌ی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان ، له دابه‌ش و داگیرکرانی نیشتمانه‌که‌یه‌وه تا ئێستا له قۆناغی جیاجیا به شێوازی جۆراوجۆر بۆ رادانی داگیرکه‌ر له نیشتمان و به ده‌سته‌وه گرتنی چاره‌نووسی سیاسی خه‌باتی کردووه. قۆناخی تازه‌ی ئه‌و خه‌باته، له روخانی رێژیمی په‌هله‌وی و هاتنه سه‌رکاری کۆماری ئیسلامییه‌وه ده‌ستی پێکردووه که تا ئه‌مڕۆ به شێوه‌ی جه‌ماوه‌ریی، پێشمه‌رگه‌یی، مه‌ده‌نی و تێکه‌ڵاو درێژه‌ی هه‌یه.
خه‌باتی نه‌ته‌وه‌ی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان خه‌باتێکی رزگاریخوازییه و به‌شێکه له تێکۆشانی گشتیی نه‌ته‌وه‌ی کورد بۆ ڕاماڵینی داگیرکه‌ران و ئازادیی و سه‌ربه‌خۆیی و یه‌کگرتنه‌وه‌ی خاک و نه‌ته‌وه.
کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان هه‌روه‌ک چۆن به‌شه‌کانی دیکه‌ی نه‌ته‌وه‌ی کورد له ژیان له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌کانی تورک و عه‌ره‌ب له چوارچێوه‌ی یه‌ک ده‌وڵه‌تدا، ئه‌زموونی تفت و تاڵیان هه‌یه؛ له ژیان له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌ی فارس له چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تێکدا، ئه‌زموونی کاره‌ساتبار و پڕ تراژیدیای هه‌یه. بۆیه ئه‌سته‌مه بهورابردووهوه، پێکه‌وه ژیان له ناو یه‌ک ده‌وڵه‌تدا سه‌رکه‌وتوو بێ. ژیانی به ئاشتی و دوور له توند و تیژیی ته‌نیا به دابینکرانی مافی سیاسیی نه‌ته‌وه‌یی یه‌کسان ده‌لوێ.
پارتی ئازادیی کوردستان که تا کۆنگره‌ی یه‌که‌می به ناوەکانیی یەکێتی شۆڕشگێڕانی گەلی کوردستان” و “یه‌کێتی شۆرشگێرانی کوردستان”ه‌وه له خه‌باتدا بووه، دابه‌ش و داگیرکردنی کوردستان به ناڕه‌وا ده‌زانێ؛ بۆ هه‌ڵته‌کاندنی ئه‌و ته‌رتیباته سیاسییه‌ی به سه‌ر کورددا سه‌پێنراوه و سەربەخۆیی و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی، له ساڵی 1991ه‌وه پێیناوه‌ته مه‌یدانی خه‌باتی رزگاریی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه و پێشه‌نگی بزاڤی ناسیۆنالیزمی ئازادیخوازی کوردییه له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان.
***
پارتی ئازادیی کوردستان
پرێنسیپ ، ئامانج و سیاسه‌ته‌کانی
پارتی ئازادیی کوردستان، که له ساڵی 2691 ک(1991ز) تا کۆنگره‌ی یه‌که‌می به ناوەکانی “یەکێتی شۆڕشگێڕانی گەلی کوردستان” و “یه‌کێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان”ه‌وه له خه‌بات دابووه، درێژه‌ده‌ری تێکۆشانی رابردووی نه‌ته‌وه‌که‌مانه بۆ ئازادیی و سه‌ربه‌خۆیی کوردستان و خۆی به میراتگری رۆحیی و هه‌ڵگری په‌یامی رێبه‌رانی شه‌هیدی نه‌ته‌وه‌که‌مان ده‌زانێ. سنووری تێکۆشانی PAK رۆژهه‌لاتی کوردستانه. پارتی ئازادیی کوردستان تێده‌کۆشێ ببێته مه‌کۆی تێکۆشه‌رانی نه‌ته‌وه‌یی و رێکخه‌ری هه‌موو چین و توێژه‌کانی کوردستان بۆ رزگاری له کۆلۆنیالیزم و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی.
پارتی ئازادیی کوردستان خۆی به پارێزه‌ری مافی هه‌موو کوردێک له هه‌ر کوێیه‌ک ده‌زانێ و له‌م روانگه‌یه‌وه هیچ تایبه‌تمه‌ندییه‌کی ئابووری، سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی، زاراوه‌یی، ئایینی و مه‌زهه‌بی، له نێو کۆمه‌ڵگای کوردییدا، نابێ ببێته هۆی لێکدابڕانی هیچ تاک و کۆمه‌ڵێکی کوردی له بنه‌ماڵه‌ی مه‌زنی کورد. ئه‌و کوردانه‌ی له ئاکامی سیاسه‌تی داگیرکه‌رانه‌وه به‌ره‌و ناوچه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی خاکی کوردستان وه‌ک رۆژهه‌ڵاتی پارێزگای خۆراسان و هێندێک شوێنی دیکهراگوێزراون، به‌شێکی جیانه‌بووه‌وه له نه‌ته‌وه‌ی کوردن.
پارتی ئازادیی کوردستان دابه‌ش و داگیرکردنی کوردستان به ناره‌وا ده‌زانێ ، دان به هیچ رێککهوتننامهیهکدا که کورد و کوردستانی پێ دابه‌ش و داگیرکرا بێ نانێ و بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه، یان له کارخستنی فه‌رمی یان عه‌مه‌لیی هه‌موو ئه‌و رێککه‌وتننامانه‌ی له شه‌ڕی چاڵدێرانه‌وه تا شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانی و دواتر بۆ دابه‌شکردن وله ناوبردنی کورد‌و کوردستان به‌ستراون، به شێوه‌ی سیاسی و قانوونی له هه‌موو ئاسته‌کاندا،تێده‌کۆشێ. دابه‌ش و داگیرکردنی کوردستان به بڕیار و ئیراده‌ی کورد نه‌بووه و به زه‌بر و زه‌نگ به سه‌ریدا سه‌پێنراوه. داسه‌پاندنی ئه‌و ناڕه‌واییه له رابردوودا و درێژه کێشانی تا ئێستا، ره‌وایی و قانوونی بوونی پێنابه‌خشێ. نه‌وه‌ی نوێی کورد ته‌نیا له سه‌ر ئیراده‌ی ئه‌مڕۆی راده‌وه‌ستێ و چاره‌نووسی خۆی بۆ چۆن ژیان و هه‌ڵبژاردنی سیسته‌می حقوقی سیاسیی و جۆری پێوه‌ندیی له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌کانی دراوسێی، خۆی دیاریی ده‌کا.
پارتی ئازادیی کوردستان، رێکه‌وتننامه‌ی سیڤێر، ده‌سه‌ڵاتداریی چه‌ند ساڵه‌ی سمکۆ، حوکمڕانی شێخ مه‌حمود، کۆماری کوردستان و خه‌باتی مۆدێڕن و هاوچه‌رخی کورد و حکومه‌تی باشوری کوردستان به “ئورگانه‌کانی به‌رجه‌سته‌کردنی که‌سایه‌تی یاسایی نێونه‌ته‌وه‌یی” کورد و ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و مافی ره‌وای بۆ گه‌یشن به ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی نه‌ته‌وه‌یی داده‌نێ و خه‌باتی بۆ ده‌کا.
پارتی ئازادیی کوردستان راماڵینی سه‌ر له‌به‌ری هێز و داموده‌زگای ده‌وڵه‌تی داگیرکه‌ری ئێران له کوردستان و وه‌دیهێنانی سه‌ره‌وه‌ریی نه‌ته‌وه‌یی و راگه‌یاندنی دەوڵەتی جمهووریی کوردستان و داگرتنی ئاڵای داگیرکه‌ر و هه‌ڵکردنی ئاڵای کوردستان له هه‌موو خاکی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان به ئه‌رکی سه‌ره‌کی و له پێشی خۆی داده‌نێ. خاشه‌بڕکردن و سڕینه‌وه‌ی هه‌موو شوێنه‌وار و ئاسه‌واره‌کانی شێواندنی ناسنامه و کولتور و که‌سایه‌تی تاکی کورد، له ئه‌رکه به په‌له‌کانی کۆماری کوردستانه. هه‌ر رێگایه‌کی دیکه‌ی وه‌ک سیسته‌می فیدرالی بۆ چاره‌سه‌رکردنی پرسی کورد، ته‌نیا ده‌توانێ کاتی، بۆ قۆناخێک و له به‌ر پارسه‌نگی هێز ره‌چاو بکرێ. PAK له حاڵی حازردا پێکهێنانی “ده‌وڵه‌تی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان له ده‌ره‌وه‌ی وڵات” وه‌ک جێگره‌وه‌ی حاکمییه‌تی ده‌وڵه‌تی داگیرکه‌ری ئێران له کوردستان، به پێویستییه‌کی سیاسی و پرۆژه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی داده‌نێ.
پارتی ئازادیی کوردستان بۆ راماڵینی داگیرکه‌ران و رزگارکردنی کوردستان و دامه‌زراندن و پاراستنی دەوڵەتی جمهووریی کوردستان، که‌ڵک وه‌رگرتن له هه‌ر که‌ره‌سه و تێکنیکێکی ئه‌م سه‌رده‌مه بۆ به‌چۆکداهێنانی دوژمنانی کورد و به‌رگریی له کوردستان به مه‌رجێ به‌ده‌ر له تێرۆر و ره‌شه‌کوژی بێ، به‌ڕه‌وا داده‌نێ؛ له هه‌موو شێوه‌کانی خه‌بات و یه‌ک له‌وان خه‌باتی چه‌کدارانه و جه‌نگی ئازادیبه‌خشی وڵات و به ده‌وڵه‌تبوونی کورد، که‌ڵک وه‌رده‌گرێ.
پێشمه‌رگه هێزی رادانی داگیرکه‌ر، به‌رگریی له نیشتمان و پاراستنی کۆماری کوردستانه. پارتی ئازادیی کوردستان بۆ یه‌کخستنی هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان له به‌ر فه‌رمانی فه‌رمانده‌ییه‌کدا، تێده‌کۆشێ و له بارودۆخی له‌باردا بۆ گه‌شه‌پێدانی به ئه‌رته‌شێکی مۆدێرن و رێکووپێک، حه‌ول ده‌دا.
پارتی ئازادیی کوردستان دژی له‌تکردنی نه‌ته‌وه‌ی کورد به چین و توێژ و ره‌گه‌زی دوژمن به یه‌کترن. PAK بۆسڕینه‌وه‌ی هه‌موو جۆره‌کانی چه‌وسانه‌وه‌ی مرۆڤ، هه‌ڵگرتنی هه‌ڵاواردنی ره‌گه‌زیی، دابینکردنی یه‌کسانی نێوان ژن و پیاو، ته‌بایی و ئاشتی، یه‌کێتی و دادگه‌ریی و مرۆڤ سالاریی له کوردستان تێده‌کۆشێ. PAK شه‌ڕی براکوژی له نێوان رۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌دا به حرام ده‌زانێ و بۆ پێکهێنانی به‌ره‌یه‌کی یه‌کگرتووی کوردستانی تێده‌کۆشێ. به‌ره‌ی کوردستانی پێشمه‌رجێکی گرینگی که‌ڵکوه‌رگرتن له ده‌رفه‌ته‌کان و سه‌رکه‌وتنی خه‌باتی رزگاریخوازیی کوردستانه.
پارتی ئازادیی کوردستان، به چاوێکی ئازاد و بێلایه‌نانه ده‌ڕوانێته بنه‌ما ئابوورییه‌کانی کۆمه‌ڵگه، دژی پێکهێنانی کارتێل و تراست و پاوان و قۆرخکردنه، له سه‌ر دادپه‌روه‌ریی کۆمه‌ڵایه‌تی پێداده‌گرێ و که‌ڵک وه‌رگرتنی دروست له کانگاکان و سامانی ژێرزه‌ویی کوردستان و دانانی ژێرخانی ئابووریی و پیشه‌سازیی و پڕۆژه‌ی به‌رهه‌مهێن و میکانیزه‌کردنی کشتوکاڵ و ئاژه‌ڵداری و دابه‌شکردنی دادپه‌روه‌رانه‌ی سه‌روه‌تی نه‌ته‌وه‌یی و په‌یڕه‌وکردنی سیسته‌مێکی ماڵیاتیی گونجاو، به‌رێگاکانی به‌رقه‌راریی دادپه‌روه‌ریی کۆمه‌ڵایه‌تی و خاشه‌بڕکردنی هه‌ژاری و نه‌داری ودابینکردنی ژیانێکی ئاسووده بۆ هاووڵاتیانی کوردستان ده‌زانێ . PAK له سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌یه که ده‌بێ ئابووری کوردستان له سه‌ر بنه‌مای دادگه‌ریی کۆمه‌ڵایه‌تی و تایبه‌تمه‌ندیی ناوچه‌یی بێ. سیسته‌می کۆکردنه‌وه‌ی ئابووریی له ناوه‌ند ره‌ت ده‌کاته‌وه‌و لاگیریی له سیسته‌مێکی ئابووری ده‌کا که‌له سه‌ر تایبه‌تمه‌ندیی ناوچه‌کان و به‌پێی که‌ره‌سه‌ی خاوێ که له کانگاکاندا هه‌یه، کارخانه و بنکه پیشه‌ییه‌کان دابمه‌زرێ. سیسته‌می ئابووری کوردستان ده‌بێ له خزمه‌ت پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیی کورددا بێ. له‌لایه‌که‌وه به‌شێک بێ له سیسته‌می جیهانی که نه‌زمی نوێ دابه‌شی ده‌کا و له لایه‌کی دیکه‌وه تایبه‌تمه‌ندی خۆشی هه‌بێ بۆ گه‌شه‌کردن له‌و بوارانه‌دا که له ناوچه‌که‌دا رکه‌به‌ریی له‌گه‌ڵ ناکرێ.
دەوڵەتی جمهووریی کوردستان به‌رپرسی دابینکردنی بژێوی هه‌ر دانیشتوویه‌کی کوردستانه که له هه‌لومه‌رجی بێ‌کاری ، بێداهاتی یان که‌مئه‌ندامی و په‌ککه‌وته‌ییدا بێ. هه‌موو که‌س ده‌بێ له بیمه‌ی ده‌رمانی و بیمه‌ی پیری و په‌ککه‌وته‌یی و که‌مئه‌ندامی که‌ڵک وه‌ربگرێ. هیچکه‌س نابێ له برسان بمرێ و بێئه‌نوا و شوێنی حه‌سانه‌وه بێ. هه‌بوونی کان و سه‌رچاوه سروشتییه‌کانی کوردستان و داهاتی نه‌فت و سیسته‌مێکی ماڵیاتیی گونجاو، ئه‌و ده‌ره‌تانه بۆ کۆماری کوردستان پێکدێنێ که بودجه‌ی تایبه‌تی بۆ هه‌ژاران و بێده‌رامه‌تان ته‌رخان بکا. دابینکردنی لانی که‌می بژێوی ژیان بۆ نه‌داران ده‌بێته هۆی جێگیر بوون و مانه‌وه‌ی خه‌ڵک له گونده‌کان و پێش به ره‌وی به کۆمه‌ڵی خه‌ڵک و گوشارهێنان بۆ شاره‌کان و زیاد بوونی فه‌ساد و گه‌نده‌ڵکاری له کۆمه‌ڵگه‌دا ده‌گرێ.
پارتی ئازادیی کوردستان له کۆماری کوردستاندا له رێگای دامه‌زراندنی سیسته‌می پارلمانی، پلۆرالیستی ، فره‌حیزبی، حکومه‌تی قانوون و قانوونی بنه‌ڕه‌تی نووسراو، جیاکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌کان له یه‌کتر و سیسته‌می قه‌زایی سه‌ربه‌خۆ، بۆ دیمۆکراتیزه‌کردنی ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی تێده‌کۆشێ. هه‌روه‌ها له رێی به‌هێزکردنی گیانی هاوکاری و ته‌ساموح و لێبوردن له نێوان چین وتوێژه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، پێڕه‌وانی ئایین و مه‌زهه‌به جۆراوجۆره‌کان، ژن و پیاو، گوندنشین و شارستانی، لاو و به‌ساڵاچوو، ساخ و په‌ککه‌وته، خاوه‌ن مۆڵک و کرێچی، قوتابی و مامۆستا، شاگرد و وه‌ستاکار، هه‌روه‌ها به پاڵپشتیکردنی NGO کان و رێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی بۆ دیمۆکراتیزه‌کردنی کۆمه‌ڵگه و پێوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان تێده‌کۆشێ.
پارتی ئازادیی کوردستان، به خه‌بات بۆ دابین و ده‌سته‌به‌رکردنی مافه‌کانی مرۆڤ ( ده‌سنیشانکراو له راگه‌یه‌ندراوی جیهانیی مافه‌کانی مرۆڤدا) مافی هاووڵاتی بوون و مافی ده‌نگدانی ئازاد، نهێنی و گشتی و ئازادییه‌کانی: دین و مه‌زه‌ب، خاوه‌ندارێتی، ئه‌ندێشه و باوه‌ڕ ده‌ربڕین، پێکهێنانی کۆڕ و کۆمه‌ڵ و ئه‌نجومه‌نی پیشه‌یی و سیاسی، پێوه‌ندیی و تێکه‌ڵاویی، سه‌فه‌ر و نیشته‌جێ بوون و ئازادی چاپه‌مه‌نیی، بۆ چه‌سپاندنی سه‌روه‌ریی و ده‌سه‌ڵاتدارێتی خه‌ڵک تێده‌کۆشێ.
پارتی ئازادیی کوردستان رێز له ئایینه ئاسمانییه‌کان ده‌گرێ. ده‌سته‌به‌رکردنی ئازادی و دابینکردنی ئه‌منییه‌ت بۆ په‌یره‌وانیان له به‌جێهێنانی رێورهسمهکانیان و پاراستنیان له به‌کارهێنانی ئامرازیی ده‌سته و تاقمه‌کان و رێگه‌نه‌دان به ده‌ستێوه‌ردانی داموده‌زگاکانی ده‌وڵه‌ت و ئایین له کار و باری تایبه‌تی یه‌کتر، به ئه‌رکی حکومه‌تی کوردستان ده‌زانێ.PAK تێده‌کۆشێ ناسیۆنالیزمی کورد ببێته ئاڵقه‌ی قایمی یه‌کێتی گشت رۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه به هه‌موو ئایین و دین مه‌زه‌ب و ته‌ریقه‌تێکه‌وه.
پارتی ئازادیی کوردستان تاک به بنه‌ما و خێزان به شیرازه‌ی کۆمه‌ڵگه ده‌زانێ و مه‌رجی گه‌شه و پێشکه‌وتنی کۆمه‌ڵ له گه‌شه‌ی تاک و خێزانی ساخ و سڵامه‌تدا ده‌بینێ. بۆیه بۆ پاراستنی ماف و ئازادییه‌کانی تاک، ده‌رفه‌ت دان به پشکووتنی به‌هره‌کانی و رێکردنه‌وه بۆ داهێنانه‌کانی له هه‌موو بواره‌کاندا و مافی پێکه‌وه‌نانی خێزان وئاسانکاری بۆی و دابینکردنی پێداویستیه‌کانی گه‌شه و سڵامه‌تییان، خه‌بات ده‌کا.
له کۆماری کوردستاندا مافی خوێندن هه‌مووانییه، هه‌موو که‌س له هه‌ر پله‌یه‌ک و له هه‌ر ته‌مه‌نێکدا ده‌بێ بخوێنێ. په‌روه‌رده‌کردنی مرۆڤی کورد و پاراستنی سڵامه‌تی له‌ش و فیکری هه‌موو دانیشتوانی کوردستان له ریزی پێشه‌وه‌ی ئه‌رکه گرینگه‌کانی کۆماری کوردستانه. خوێندن و وه‌رزش و راهێنان له هه‌موو بواره‌کانی سه‌ره‌تایی و مام ناوه‌ندی و زانستگه‌دا به‌له‌به‌رچاوگرتنی ویست و هۆگریی خوێندکار و به‌رنامه‌ی ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی کۆمه‌ڵگای کوردستان و به که‌ڵکوه‌رگرتن له تێکنۆلۆژی سه‌رده‌م رێکده‌خرێ. په‌روه‌رده‌کردنی مناڵ به شیوه‌یه‌کی باش و سه‌رده‌میانه و قه‌ده‌خه‌کردنی کار پێی، له پرۆگرامه‌کانی حکومه‌تی کوردستانه.
زمانی کوردی زمانی ره‌سمی ده‌وڵه‌تی کوردستانه. زمان ئه‌له‌مێنتێکی گرینگی شوناسی نه‌ته‌وییه و بژارکردن و گه‌شه پێدانی تا ئاستی دروستبوونی زمانێکی ستاندارد و یه‌کگرتوو بابه‌تێکی ژیاری و گرینگه. پاراستنی زمانی کوردی له تێکدان و شێواندن، ئه‌رکی حکومه‌تی کوردستانه. په‌ره‌پێدانی فه‌رهه‌نگ و رۆشنبیری نه‌ته‌وه‌یی له رێی رمێندان به هونه‌ره‌کانی شانۆ و سینه‌ما، موسیقی و گۆرانی و هه‌ڵپه‌ڕکێ، خۆشنووسی و په‌یکه‌رتاشی و شێوه‌کاری، ئه‌و پرسه فه‌رهه‌نگی و کولتووریانه‌ن که پارتی ئازادیی کوردستان بایه‌خیان پێده‌دا و له ریزی ئه‌رکه گرینگه‌کانی کۆماری کوردستانیان داده‌نێ.
پارتی ئازادیی کوردستان له کۆماری کوردستاندا له‌سه‌ر ده‌سته‌به‌رکردنی یه‌کسانی و دابینکردن و چه‌سپاندنی ماف و ئازادییه‌کانی هه‌موو دانیشتوان و نه‌ته‌وه نه‌کورده‌کان و که‌مایه‌تییه ئایینی و مه‌زهه‌بیه‌کانی کوردستان پێداده‌گرێ و بۆ پته‌وکردنی پێوه‌ندیی هاونیشتمانی له نێوان کورد و ئه‌واندا تێده‌کۆشێ. شار و گونده‌کانی کوردستان که خه‌ڵکی نهکوردیشی تێدا نیشته‌جێن، به شێوه‌ی کانتونه‌کانی سویس، به‌ڕێوه بردنیان له سه‌ر بناخه‌ی دیاریکردنی رێژه‌ی زۆرایه‌تی نفوس ده‌بێ.
پارتی ئازادیی کوردستان پاراستنی خاک و ژینگه و پاراستن و را‌گرتن و په‌ره پێدانی دارستان و لێره‌واره‌کان و سامان و سه‌رچاوه ئاوی و ژێرزه‌وییه‌کان که سامانی نه‌ته‌وه‌یین و دروستکردنی نیشتمانێکی سه‌وز و په‌روه‌رده و په‌ره‌پێدانی رۆشنبیریی ژینگه پارێزیی و پاراستنی شوێنه‌واره‌کان و ئاساره کۆن و مێژووییه‌کانی کورد و حه‌ولدان بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی به‌شه دزراوه‌کانی به ئه‌رکی خۆی و حکومه‌تی کوردستان و هه‌موو تاکێکی کورد ده‌زانێ.
پاراستنی پاقژی و بنه‌بڕکردنی نه‌خۆشییه مه‌ترسیداره‌کان و قه‌لاچۆکردنی ماده‌سڕکه‌ره‌کان و ئاشناکردنی رۆڵه‌کانی کورد له‌گه‌ڵ پێشکه‌وتنه‌کانی زانست بۆ سڵامه‌تی و ژیانیکی پاقژ، کۆنتڕۆڵی خۆراک و پاراستنی مرۆڤ له به‌کارهێنانی هۆرمۆنی قه‌ڵه‌وکردنی حه‌یوان و په‌له‌وه‌ر و داووده‌رمانی کیمیاویی له نێوبردنی په‌تای گیا‌و ده‌غڵ و دان و کونترۆڵی رێژه‌ی نفوس به‌پێی به‌رنامه‌یه‌کی زانستی و به‌له‌به‌ر چاوگرتنی به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وه‌یی، ئه‌رکی حکومه‌تی کوردستانه.
له روانگه‌ی پارتی ئازادیی کوردستانه‌وه، پرسی نه‌ته‌وه‌یی کورد، پرسێکی نێوده‌وڵه‌تییه. هه‌ر بۆیه فاکته‌ری نێوده‌وڵه‌تی کاریگه‌رترین شوێنه‌واری له سه‌ر چاره‌نووسی کوردستان هه‌یه. له‌م رووه‌وه پارتی ئازادیی کوردستان پێوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی به له به‌رچاوگرتنی ئه‌م راستییه و به پێی به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وه‌یی رێکده‌خا. PAK له‌م قۆناخه‌دا، بۆ که‌ڵک وه‌رگرتن له پرێنسیپی”ده‌ستێوه‌ردانی مرۆڤی” و دانانی هه‌موو خاکی رۆژهه‌لاتی کوردستان به”هه‌رێمی دژه‌فرین”، تێده‌کۆشێ. به‌کارهێنانی پرێنسیپی ده‌ستێوه‌ردانی مرۆڤی و دانانی هه‌رێمی دژه فرین، له سالی 1991ه‌وه ژماره‌یه‌ک نه‌ته‌وه، یه‌ک له‌وان کوردی له باشوری کوردستان له ده‌سدرێژیی و به‌رده‌وامیی کوشتار و قڕکردن پاراست و ده‌رفه‌تی سیاسی له باری بۆ کرده‌وه.
پارتی ئازادیی کوردستان، بۆ پێکهێنانی نوینهرایهتییهکی کوردستانی هه‌موو پارچه‌کانی کوردستان بۆ ده‌ربڕینی ده‌نگ و ئیراده‌ی یه‌کگرتووی کورد له‌ئاستی نێونه‌ته‌وییدا تێده‌کۆشێ. نوێنه‌رایه‌تییه‌کی ئه‌وتۆ ده‌توانێ داوای ئه‌ندامه‌تی له رێکخراوه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان و یه‌ک له‌وان ئه‌ندامه‌تی رێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان بکا. نوێنه‌رایه‌تییه‌کی ئه‌وتۆ پێکهاته و سترۆکتۆری سه‌ربه‌خۆ له کار و باری حیزبایه‌تی ده‌وێ. هاوکات بۆ پێکهێنانی کۆنگره‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی هه‌موو پارچه‌کانی کوردستان بۆ یه‌کخستنی گوتاری نه‌ته‌وه‌یی ونیشتمانی و رێکخستنی پێوه‌ندی و دیاریکردنی ئه‌رک ومافه‌کانی نێوان بزاڤی پارچه‌کانی کوردستان تێده‌کۆشێ.
پارتی ئازادیی کوردستان له خه‌باتی نه‌ته‌وه بنده‌سته‌کانی ئێران بۆ دیاریکردنی مافی چاره‌نووس و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی خۆیان پشتیوانی ده‌کا، له قۆناخی ئێستادا بۆ به هێزکردنی هاوکاری و له داهاتوودا بۆ ره‌چاوکردنی بنه‌ماکانی دراوسێتیی باش له‌سه‌ر بنه‌مای رێزی به‌رانبه‌ر، ده‌ستێوه‌رنه‌دان له کاروباری یه‌کتر و به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌ش تێده‌کۆشێ.
پارتی ئازادیی کوردستان زانیاری و دیکۆمێنته‌کانی تاوانه‌کانی کوردقڕان و ژینۆسایدی کورد و تاڵانی سامان و داراییه‌کانی کۆده‌کاته‌وه، رێکیان ده‌خا و له کات و هه‌لی له‌باردا بۆ پێکهێنانی دادگایه‌کی نێوده‌وڵه‌تی که بۆ بژاردن و قه‌ره‌بووکردنه‌وی خه‌ساره‌ته گیانی و مادیی و مه‌عنه‌وییه‌کان، به‌رپرسایه‌تی بخاته ئه‌ستۆی ده‌وڵه‌تی ئێران و به‌رعۆده‌ی بناسێ، تێده‌کۆشێ.
******************
وەڵامێک بنووسە