مه‌جلیسی گشتیی و ئه‌نجوومه‌نی سه‌ربازیی PAK دۆخی سیاسیی-سه‌ربازیی كوردستان و ناوچه‌كه‌یان تاووتوێ كرد

به‌ مه‌به‌ستی تاووتوێكردنی باردۆخی كوردستان و ناوچه‌كه‌ و ده‌ركردنی بڕیاراتی پێویست بۆ هه‌ر ئه‌گه‌ر و پێشهاتێك كه‌ كاریگه‌ریی له‌ سه‌ر كوردستان دابنێ، هه‌ر كام له‌ مه‌جلیسی گشتیی و ئه‌نجوومه‌نی سه‌ربازیی پارتی ئازادیی كوردستان، به‌ جیا كۆبوونه‌وه‌.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی مه‌جلیسی گشتی و ئه‌نجوومه‌نی سه‌ربازیی PAKدا، سه‌رۆك و فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌یPAK له‌ لێكدانه‌وه‌یه‌كدا دۆخی ئارایی و ئه‌گه‌ر و شیمانه‌ سیاسی و سه‌ربازییه‌كانی كوردستان و ناوچه‌كه‌ی خسته‌ به‌رباس و هه‌ڵسه‌نگاندنی كۆبوونه‌وه‌كان.

مه‌جلیسی گشتی و ئه‌نجوومه‌نی سه‌ربازییPAK له‌ ئاكامگیریی له‌ لێكدانه‌وه‌ و باس و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كانی خۆیاندا، كۆمه‌ڵێك بریار و راسپارده‌یان ده‌ركرد كه‌ هێندێكیان بریتین له‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌:
1- پارتی ئازادیی كوردستان ئه‌و رێكارانه‌ ده‌گرێته‌ به‌ر كه‌ پێگه‌كه‌ی ده‌پارێزێ و له‌هاوكێشه‌ و یارییه‌ نوێییه‌كانیشدا، وه‌ك ئاكتۆرێكی سیاسی- سه‌ربازیی بمێنێته‌وه‌.
2- دیپلۆماسی و پێوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تیPAK به‌هێزتر بكرێ‌ و په‌ره‌ی پێبدرێ.
3- پارتی ئازادیی كوردستان له‌ پته‌وكردنی سیسته‌می سه‌ربازیی خۆی و بردنه‌ سه‌رێی ئاستی توانایی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی به‌ شێوه‌ی فره‌ ره‌هه‌ند، به‌رده‌وام ده‌بێ.
4- په‌ره‌ پێدانی تێكۆشان له‌ ‌ شاره‌كانی رۆژهه‌ڵاتی داگیركراو، پاراستنی ناوبانگ و خۆشه‌ویستیی PAK و بردنه‌سه‌رێی پێگه‌ی جه‌ماوه‌ریی.
5- حه‌ولدانی زیاتر بۆ ئه‌وه‌ی پڕۆژه‌ی سیاسیی PAK كه‌ بریتییه‌ له‌ “رێفراندۆمی دیاریكردنی چاره‌نووسیی سیاسیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان” بكرێته‌ دیسكۆرس( گوتار- گفتمان)ی تاكه‌كان و گشتیی كۆمه‌ڵگای رۆژهه‌ڵاتی كوردستان.
6- به‌رده‌وامبوونی PAK له‌ حه‌ولدان بۆ پێكهێنانی به‌ره‌ی یه‌كگرتووی كوردستانی له‌ سه‌ر بنه‌مای وه‌ده‌سهێنانی مافی دیاریكردنی چاره‌نووسی سیاسیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌ رێگای رێفراندۆمێكی گشتییه‌وه‌.
مه‌جلیسی گشتیی و ئه‌نجوومه‌نی سه‌ربازیی پارتی ئازادیی كوردستان، خۆشحاڵی خۆیان له‌ گه‌شه‌ی بیر و رێبازی كوردستانی و پاشه‌كشه‌ پێكردنی بیر و رێبازی ئێرانچیه‌تی له ناو خه‌ڵكی‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان ده‌رده‌بڕن. هه‌روه‌ها سڵاو و سوپاس ده‌نێرن بۆ ئه‌و تێكۆشه‌رانه‌ی له‌ بۆنه‌كانی رابردوودا، بوونه‌ ده‌نگی رزگاریخوازیی نه‌ته‌وه‌یی و به‌ په‌یام و هه‌ڵوێسته‌كانیان به‌ره‌نگاری پیلانه‌كانی تاران دژ به‌ پارتی ئازادیی كوردستان بوونه‌وه‌.

پارتی ئازادیی كوردستانPAK
كۆمیته‌ی راگه‌یاندن
29ی به‌فرانباری 2718
19ی ژانویه‌ی2019

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *