مەسرور بارزانی هەڵەیەکی سەد ساڵە ڕاست دەکاتەوە

گەلی کوردستان نزیکەی سەد ساڵە باجی عێڕاقی بوون دەدا، ئەو عێڕاقەی دەستکردی یەکێک لە قیزەونترین دەستەواژەیە لە ناو فەرهەنگ و مێژووی عەرەبی کە بە (ئیستعمار) ناساندیان و ئێستاش لە لاشعوری خۆیاندا بەگژی دادەچنەوە، کورد کە نە پرسی پێکرا ببێتە عێڕاقی و نە خۆی بەدوای ئەو ناو و جوگرافیایە نەچووە.

مەسرور بارزانی له‌ لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەی ئەلیکترۆنی بەزفیدی ئەمریکی دەڵێ” ئێمە باجی عێڕاقی بوون دەدەین” ئه‌مه‌ نەک سوڕانەوەیە بە دەوری ئەو بریارەی سەرۆک تڕامپ کە عێڕاقیەکانی قەدەغەکردوە لە چوونە ناو ئەمەریکا بەڵکو گەڕانەوەیە بۆ هەموو ئەو نەهامەتیانەی کە گەلی کوردستان لە سەد ساڵی رابردوو بینیویانە تەنها بەهۆی سەپاندنی ئەو ناوە بەسەریاندا، ئەو لێدوانەی مەسرور بارزانی لێ وردبوونەوەیە لەو دەستەواژە نەزۆکەی کە زیاتر لە نەوەد ساڵە تەنها خۆڵ لە چاوکردنی میللەتی کورد بووە چونکە لە پەنای دەستەواژەی برایەتی کورد و عەرەب تەنها خوێن و خاپورکردن و زەوتکردنی زیاتری مافەکانیی لێ وەبەرهاتووە، ئەو دەستەواژەیە کە لە عەقلیەتی عەرەبی تەنها مانایەک و لێکدانەوەیەکی هەڵگرتووە ئەویش لۆژیکی برا گەورەیی و برا بچووکی بووە کە بەردەوام کورد برای بچووک بووە و تەنها بە شایەنی ئەوە زاندراوە کە لە بەرامبەر فەرمان و خواست و حەزەکانی برا گەوەکەی ‘بەڵێ’ بڵێ و دەست لە سەر سنگ دابنێ.

سیاسیە کوردەکان کە لە ژێر کاریگەری هزری برایەتی گەلان کە لەگەڵ سەرکەوتنی شۆڕشی کۆمۆنستی لە روسیا بانگەشەی بۆ دەکرا کە لە ناوەڕاستی سەدەی بیست گەیشتە ترۆپکی بانگەشە بە ڕادەیەک هیچ بزاڤ و پارتێکی سیاسی نەدەوێرا لە دەرەوەی ئەو دەستەواژەیە بزاڤ بکات ئەگەر نا بە پاشڤەڕۆ و دژە مرۆڤایەتی دەیانناساندن بۆیەشە کوردەکان بڵندتر بانگی ئەو برایەتیەیان دەکرد بۆیەشە زۆر جار ئەو خۆهەڵخەڵەتاندنەی کوردان و خۆ تەسلیمکردن بەو دەستەواژەیە دەچووە خانەی ئەوەی کورد وەک ئەو قوربانیانە پێناسە بکرێن کە حەز لە جەلادەکانیان دەکەن.

قسەکانی مەسرور بارزانی تەواوکەری قسەکانی باوکیەتی کە بەر لە چەند رۆژیک دەربارەی ئایندەی گەلی کوردستان و عێڕاق رایگەیاند ” نەمانتوانی شەریکی باش بین دەکرێ ببینە درواسێی باش” بەر لە هەڵبژاردنی دراوسێیەتی پێویستە سیاسیەکانمان بەتایبەتیش گەنجەکان کار بۆ تاقیکردنەوەی دەستەواژەی دۆستایەتی کورد و عەرەب بکەن لە جیاتی دەستەواژەی برایەتی کورد و عەرەب لە هەمان کاتدا هەوڵبدەن عەرەب لەوە تێبگات کە دەستەواژەی دۆستایەتی لە برایەتی کەمتر نیە، لایەنی کەم با شانسێکی پێ بدەین و خۆمان لەو چوارچێوەیە تاقیبکەینەوە، لەگەڵ ئەوەش هەوڵبدرێ نشتیمان و دەوڵەت و سنوورەکان لە مێشکی مرۆڤی کوردستانی دروست بکرێ بەر لەوەی لە سەر نەخشەی جیهان ‌سنوورەکانی دیاری بکرێ و ئاڵامان لە نەتەوە یەکگرتووەکان بشەکێتەوە، چوونکە ئەو کات دەتوانین ببینە دۆست و دروسێی باش.

:ئاسۆ حاجی :dangepeshmarga

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *