ناسر قازی:سنور : بەشی یەکەم

بە پێی سەرچاوە زانستییەکان سێ بنەمای سەرەکی دەبنە هۆی پێکهاتنی سنوری سروشتی کە بریتین لە : پێکهاتەی جوغرافی ، سنوری فەرهەنگی ، سنوری نەتەوەیی بەدەر لەم سێ سەرچاوەیە هەر سنورێکی تر کە نەتەوەکان لێک جیا بکاتەوە سنوری دەسکرد و دور لە سنوری سروشتییە . سنور خۆی خاوەنی پێناسەیەکی تایبەتە کە دەتوانین بڵێین سنور بۆ جیا کردنەوە و پاراستنی خاک ، کەلتور ، سروشت و نەتەوە لە دەرەوە را و چوارچێوەی دەسەڵاتی ناوەوە دیاری دەکا . گەر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا سەیری سنورەکان بکەین زۆربەیان لە دەرەوەی چوارچێوەی پێناسەی سنوری سروشتی دیاری کراون . پێکهاتەی دانیشتوانی ناو سنورەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆربەی هەرە زۆریان لە بواری کەلتوری ، فەرهەنگی ، ئابوری ،

نەتەوەیی و ئایینی جیاوازی گرینگیان هەیە و هەروەها پێکهاتەی دەسەڵات لە ناو ئەم سنورانە دا نادیموکڕاتی و دور لە هەمو بەها ئازادییەکانن هەر بۆیە گەلی دەسەڵاتدار ئەم سنورانە نەک بە موڵکی نەتەوە / نیشتمان نازانن بەڵکو بە چاوی شوێنی دەسەڵاتداری تاک لایەنە و پێگەی تەڕاتێنی خۆیان ئەژمار دەکەن و پاراستنی سنورەکان نەک بۆ داکۆکی لە گەلانی ناو سنورەکە بەڵکو بۆ پاراستن و لە سەر پێ مانی دەسەڵاتی خۆیان سەیر دەکەن . هەر ئەم جیاوازی پێکهاتەیی و بیرۆکەی دەسەڵاتدارانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆتە هۆکاری سەرەکی ناکۆکی و ناتەبایی و بگرە شەڕ و هاڵۆزی نەتەوەیی و ئایینیە . یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی شەڕ لە ناو ئەم سنورانە دا دابەش نەکردنی دادپەروەرانەی دەسەڵاتی سیاسی و ئابوری لە ناو گەلانی دانیشتوی سنورە دەسکردەکان دایە . وڵاتە زلهێزەکان و فرۆشیاری چەک و تەقەمەنیش لەم هاڵۆزی و ناکۆکیانە کەڵکی ئابوری و سیاسی خۆیان وەردەگرن و بە دەسوەردان لە کار و باری ناوخۆی وڵاتەکان ئاڕاستەی ناکۆکییەکان بەرەو شەڕ و پێکدادان دەبەن تا بتوانن بەرهەمی کارگا و کارخانەکانی خۆیان لەگەڵ دۆلارە نەوتییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگۆڕنەوە . یەکێک لە سەرەکی ترین هۆکارەکانی دواکەوتنی ئابوری و بێکاری لە وڵاتێک دا شەڕ و ناتەباییە و بە پێچەوانەوە هۆکاری گەشە کردن و بەهێز بون و نەمانی بێکاری وڵاتێک لە فرۆشتن و بە بازاڕ کردنی بەرهەمی پیشەسازییە . وڵاتانی زلهێز و بەرهەم هێنی کاڵا و ئامێری پیشەسازی پێویستی زۆریان بە بازاڕی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە تا بتوانن قەیرانی بێکاری و بە قون دا کەوتنی ئابوری خۆیان چارەسەر بکەن . هەر بۆیە بەردەوام کەڵک لەم پێکهاتە ناتەبایەی ناو سنورەکان وەردەگرن و هەروەها بیرۆکەی توند و تیژی و شەڕەنگێزی لە ناو دەسەڵاتدارانی سنورە جیاوازەکان دروست دەکەن و ئەوان پەلکێشی پێکدادان و شەڕ دەکەن . لە ماوەی دو ساڵی رابردو دا بە سەدان ملیار دۆلار چەک لە لایەن زلهێزەکانەوە بە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست فرۆشراوە و لەو لاشەوە بە هەمان بڕ زانیاری سیخوڕی و نهێنی دراوەتە وڵاتە جیاکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست . کێشەی ئابوری رۆژئاوا بە شەڕی گەورەی وڵاتە بەرهەم هێنەکانی نەوت و گاز چارەسەر دەبێ و سنورە دەسکردەکان باشترین ئامرازی پێکهێنانی ئەم شەڕە ماڵوێرانکەرانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستن کە خاوەن دەسەڵاتەکان لە بری پێش گرتن پەرە بە بیرۆکەی شەڕ و هاڵۆزی دەدەن . بە بڕوای من تا ساڵی ٢٠٢٥ کە چین دەبێتە سەرەکیترین جەمسەری ئابوری و سەربازی دونیا ، رۆژئاوا و روسیە پلانیان هەیە بۆ کەم رەنگ کردنی شوێن پەنجەی چین لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، سنورە دەسکردەکان جارێکی تر داڕێژنەوە و وڵاتانی نوێ بە سنوری تازە بەدی بهێنن . هەر وەک شەڕی یەکەمی جیهانی کۆتایی بە دەسەڵاتی بنەماڵەیی و شەڕی دووەمی جیهانی کۆتایی بە ئیمپڕاتورییە بنچینەیەکان هێنا شەڕی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش (گەر وەک شەڕی سێهەم سەیری بکەین) کۆتایی بە دەسەڵاتی ئایین دێنێ و دونیایەکی سەر بە رۆژئاوا لەو ناوچەیە دا بەرهەم دێنێ .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دەتوانی ئەو تاگ و خەسڵەتانە HTML بەکاربێنیت: <a href="" title=""> <abbr title=""> <acronym title=""> <b> <blockquote cite=""> <cite> <code> <del datetime=""> <em> <i> <q cite=""> <strike> <strong>