ناسر قازی سنور : بەشی دووەم

لە بەشی یەکەم دا پێناسەیەکی سەرەتایی سنور و پێکهاتەی ناو سنورەکانم کرد . لە کۆتایی دا گەیشتمە ئەم جێگایە کە وڵاتانی رۆژئاوایی و روسیە پلانیان هەیە پێش ساڵی ٢٠٢٥ سنورەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگۆڕن و شێوازێکی تری دەسەڵاتداری لەم بەشەی زەوی دابمەزرێنن . لە ماوەی چەند ساڵی رابردو دا هێندێک ئامرازی تازە هاتۆتە ناو پێگەی ژیانی مرۆڤ کە کاریگەری راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی لە سەر ململانەی سیاسی و رکابەری ئابوری جیهانی داناوە و هەروەها چەند بابەتێکی ژینگەیی و سروشتی بە هۆی گۆڕانکاری کەش و هەوا ئاڕاستەی یارییەکانی کە لە ناوچە دا گۆڕیوە ، هەر بۆیە دەبێ ئەم بابەت و بڕگانەش بۆ پێشبینی داهاتو لە بەرچاو بگرین . ئامرازەکان وەک تەکنەلۆژیای ئەلەکتڕۆنی و سایبەری و گۆڕانکاری سروشتی وەک گەرم بون و ووشک بونی هێندێک سەرچاوەی ئاو و لە ناوچونی کشت و کاڵی بەشێک لەم شوێنانەیە .

لە رابردو دا زلهێزەکان بە ناردنی دەیان هەزار سەرباز و ئامێر و چەک دەستیان بە سەر وڵاتێک دا دەگرت و سیاسەت و ئابوری ئەم وڵاتەیان دەخستە ژێر رکێفی خۆیان بەڵام پەیدا بونی تەکنەلۆژیا و بەهێز بونی سیستەمی سایبەری و توانای دەسوەردان لە وڵاتان لەم ڕێگەوە بۆتە هۆکارێک کە بۆ داگیر کردنی وڵاتێک پیویست بە گواستنەوەی دەیان هەزار سەرباز و ئامێر و چەک نەبێت بەڵکو تەنیا سەدان راوێژکاری سەربازی و چەند ئامێرێکی ئەلەکتڕۆنی پێگەی سەربازی و ئابوری داگیرکەر بەهێز دەکا و وڵاتێک دەخاتە ژێر رکێفی زلهێزەکان . لە لایەکی ترەوە گۆڕانکاری خێرای سروشتی و کەش و هەوا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا هێندێک شوێن کە خاوەنی ئاوێکی زیاترن و پێگەیەکی سروشتی بە نرختریان هەیە بەرچاوتر و گرینگتری کردون . لە سەدەی داهاتو دا یەکێک لە سەرچاوەکانی گرینگی ئابوری ئاوە و لەم ناوەش دا وڵاتانی خاوەن ئاو هەستیان بەم گرینگییە کردووە و دەستیان داوەتە پڕۆسەی گل دانەوە و ئەنبار کردنی زیاتری ئاو . لە ساڵی ٢٠١١ پەیماننامەیەک لە نێوان وڵاتانی سنورهاوبەش دا واژۆ کرا بەم ناوەرۆکە : تا ساڵی ٢٠٢٥ هەر وڵاتێک کە خاوەنی سەرچاوەی ئاوە دەتوانێ بەنداو و سەد دروست بکا و ٧٠%ی ئاوی سەرچاوە گل داتەوە بۆخۆی و گەر تا ساڵی ٢٠٢٥ نەیتوانی ئەم کارە بکا ، ئیتر بۆی نییە تا ٩٩ ساڵی داهاتو دەسکاری سەرچاوەی ئاو بکا و دەبێ وڵاتی دووەم کە روبار ئەڕواتە ناوی لەم ئاوە کەڵک وەربگرێت . ئەم پەیماننامەیە یەکێکی تر لە هۆکارە شاراوەکانی گۆڕانکاری سیاسی و دەسوەردان لە سنورەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەژمار دەکرێ . بە بڕوای من حکومەتەکانی داهاتو نەک لە سەر بنەمای نەتەوە/نیشتمان بەڵکو لە سەر بنەمای ئابوری/نیشتمان دادەمەزرێن کە پێکهاتەیەکی نوێ لە سیستەمی حوکمداری جیهانییە . بەم واتایە کە بناغەی حوکمڕانی نەک نەتەوە یا ئایین بەڵکو بەرژەوەندییە باڵاکانی ئابوری پێکهاتەی دانیشتوانی ناو سنورەکان پێک دەهێنێت . ئابورییەک کە بنچینەی لە سەر پێکهاتەی سروشتی وڵاتەکان دەبێ وەک سەرچاوەی ئاو و کشت و کاڵ و نەوت و کانزاکان . ئەمە دەرفەتێکی زێڕینە بۆ ئەم نەتەوانەی خاک و پێگەی ژیانیان لە چوارچێوەی سنورێکی دەوڵەمەند بەم سەرچاوانەیە . ئیتر باوی ئەوە نەماوە وڵاتانی رۆژئاوایی نەوت بەرن و خاوەن نەوت تێر بکەن . بەڵکو پێویستە جگە لە فرۆشی نەوت خۆیان ببنە مایەی تێر و تەسەل کردنی خەڵک لە بواری بەرهەمە سروشتییەکانەوە . سیاسەتی داهاتوی جیهانی سیاسەت و پلانێکی بێ ڕەحمانەتر لە پێشوتر دەبێ و هەرکەس و نەتەوەیەک خۆی نەبێتە باوکی خۆی ئیتر دەستی ناگاتە دەمی و برسێتی دەبێتە هۆی کۆیلەبونی زیاتری . ناسر قازی

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دەتوانی ئەو تاگ و خەسڵەتانە HTML بەکاربێنیت: <a href="" title=""> <abbr title=""> <acronym title=""> <b> <blockquote cite=""> <cite> <code> <del datetime=""> <em> <i> <q cite=""> <strike> <strong>