هه‌واڵگری و ئاسایشی PAK، ئاماری كرده‌وه‌ سیخوڕی و تێرۆریستییه‌كانی تاران دژی PAK راده‌گه‌یه‌نێ:

له‌ پێنجه‌مین ساڵوه‌گه‌ڕی دامه‌زرانی رۆڵه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، له‌ به‌ره‌كانی جه‌نگ دژی داعش و دواتریش، له‌ به‌رانبه‌ر هێرشه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی و سوپای پاسداران، یه‌كه‌ی هه‌واڵگریی و ئاسایشی پارتی ئازادیی كوردستان، ئاماری حه‌وله‌ تێرۆریستییه‌كان و پیلانه‌ سیخوڕی و تێكده‌رانه‌كانی تاران دژی پارتی ئازادیی كوردستان راده‌گه‌یه‌نێ.

رێباز شه‌ریفی به‌رپرسی یه‌كه‌ی هه‌واڵگری و ئاسایشیPAK ئاشكرای كرد كه‌: یه‌ك حه‌وتوو پاش دامه‌زرانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی پارتی ئازادیی كوردستان له‌ به‌ره‌كانی جه‌نگ دژی داعش، هه‌نگاوه‌كانی تاران بۆ هه‌ڵكه‌ندنی هێزه‌كه‌مان‌ له‌ به‌ره‌كانی جه‌نگ ده‌ستی پێكرد و گوشارێكی زۆر خرایه‌ سه‌ر وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هێزه‌كانی پارتی ئازادیی كوردستان، به‌ره‌كانی جه‌نگ به‌جێبێڵن؛ به‌ڵام حه‌وله‌كانی تاران، بێئاكام مایه‌وه‌.
به‌رپرسی هه‌واڵگری و ئاسایشی PAK له‌م پێوه‌ندییه‌دا به‌ ئاماژه‌ به‌ بڵاو بوونه‌وه‌ی بابه‌تێك له‌ ماڵپه‌ڕه‌كانی ئێران، ده‌ڵێ: مانگێ به‌ سه‌ر دامه‌زرانی هێزه‌كه‌ی پارتی ئازادیی كوردستان له‌ به‌ره‌كانی جه‌نگ تێپه‌ڕیبوو كه‌ تاران، به‌ بڵاو كردنه‌وه‌ی بابه‌تێك به‌ ناونیشانی: “آموزش تروریستهای ایرانی در اقلیم کردستان”1 به‌ئاشكرا و بێ په‌رده،‌ ترس و نیگه‌رانیی خۆی له‌ به‌شداریی پارتی ئازادیی كوردستان له‌ شه‌ڕی داعش راگه‌یاند.
ئه‌ندامی فه‌رمانده‌یی گشتیی PAK، له‌ درێژه‌ی شیكردنه‌وه‌ی دژایه‌تییه‌كانی تاران دژ به‌ بوونی PAK له‌ به‌ره‌كانی جه‌نگ، ده‌ڵێ: دژایه‌تیی تاران له‌و بابه‌ته‌دا، گه‌یشته‌ ئه‌و ئاسته‌ی ساڵی ٢٠١٦ له‌ كاتی ئۆپه‌راسیۆنی گه‌وره‌ی مه‌حوه‌ری باشیك- ناوه‌ران ، گرووپه‌كانی حه‌شدی شه‌عبیی هاندا بوو كه‌ دژی PAK، هه‌ڵوێست بگرن و هه‌ڕه‌شه‌ له‌ PAK بكه‌ن. هه‌روه‌ها هه‌ر له‌و ساڵه‌دا، میدیاكانی تاران، وێڕای بڵاو كردنه‌وه‌ی وته‌كانی “ره‌حیم سه‌فه‌وی” یاریده‌ده‌ری خامنه‌یی له‌ دژی رێزدار كاك مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی ئه‌و كاتی هه‌رێمی كوردستان، دیمه‌نی جووڵه‌ی هێزه‌كانی PAK بڵاو بكه‌نه‌وه‌ و بڵێن: ئه‌م هێزانه‌ بۆ پێكهێنانی ده‌وڵه‌ت تێده‌كۆشن. 2

رێباز شه‌ریفی له‌ درێژه‌ی ئاشكرا كردنی حه‌وله‌كانی ئێران به‌ دژی رۆڵگێڕانی PAK، راده‌گه‌یه‌نێ كه‌: تاران پاش شكستهێنانی ئه‌و گوشارانه‌، رووی كرده‌ گوشاری راسته‌وخۆ بۆ سه‌ر هێزه‌كانی PAK، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ به‌ره‌كانی جه‌نگ هه‌ڵیانكه‌نێ و گۆشاره‌ ورد و درشته‌كان به‌مجۆره‌ ناو ده‌با:

١- حه‌ولدان بۆ تێرۆری فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌كانی PAK.
٢- حه‌ولدان بۆ تێرۆری فه‌رمانده‌كانی هێزه‌كانی PAK.
٣- ناردنی سیخوڕ بۆ كۆكردنه‌وه‌ی زانیاریی له‌ سه‌ر دۆخی PAK.
٤- ناردنی به‌كرێگیراو بۆ كاری تێكده‌رانه‌ و دڵساردكرنه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ و به‌جێهێشتنی به‌ره‌كانی جه‌نگ.

یه‌كه‌ی هه‌واڵگری و ئاسایشی PAK، كۆی ئه‌و پلان و كرده‌وانه‌ی له‌ ٥ ساڵی پێشوودا به‌مجۆره‌ تۆمار كردوه‌:
١- پلانی تێرۆریستیی به‌ چه‌كی سووك و نیوه‌قورس، نارنجه‌ك و بۆمبی سه‌عاتیی ١١ جار.
٢- ناردنی سیخوڕ بۆ كۆكردنه‌وه‌ی زانیاریی ٥ جار.
٣- ناردنی به‌كرێگیراو بۆ كاری تێكده‌رانه‌ و دڵسارد كردنه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ ٤ جار.
به‌رپرسی یه‌كه‌ی هه‌واڵگری و ئاسایشی PAK، ئاكامی كۆی ململانێ و به‌ربه‌ره‌كانێ له‌ گه‌ڵ دامه‌زراوه‌ تێرۆریستییه‌كانی ئێران له‌و پێنج ساڵه‌دا، به‌مجۆره‌ ده‌خاته‌ روو:
ئه‌لف: سه‌ركه‌وتنه‌كان:
١- تۆماركردنی گه‌وره‌ترین سه‌ركه‌وتنی هه‌واڵگری و ئاسایشیی( له‌ ئاستی ناوچه‌كه‌دا) به‌ سه‌ر تاران دا، به‌ پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ی پلانی ١٤ مانگه‌ی تێرۆری فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌كانی PAK و گرتنی ٧ تێرۆریستیی پله‌ باڵای وه‌زاره‌تی ئیتلاعات به‌ كه‌ره‌سته‌ی ته‌قاندنه‌وه‌ی زۆر پێشكه‌وتووه‌وه‌.
٢- گرتنی سه‌رجه‌م ئه‌و هه‌ڵخه‌ڵه‌تاو و به‌كرێگیراوانه‌ی كه‌ بۆ ئه‌و كرده‌وانه‌ نێردراون ؛ ژماره‌یه‌كیان له‌ لایان پارتی ئازادیی كوردستان و هێندێكیان له‌ لایان ئاسایشی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌.
٣- پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ی ٣ پارچه‌ TNT به‌ جیا، له‌ پلان و شوێنی جیاواز.

ب: زیانه‌كانمان:
١- تێرۆركران و گیانبه‌ختكردنی فه‌رمانده‌یه‌ك له‌ تیمی پاراستنی فه‌رمانده‌ی گشتیی PAK و دوو هه‌ڤاڵی پێشمه‌رگه‌.
٢- راكردنی ٣ تاوانبار له‌ ده‌سبه‌سه‌رییدا.
٣- گه‌یاندنی ٣ جار وێنه‌و زانیاریی به‌ دوژمن له‌ لایان دوو سیخوڕه‌وه‌ كه‌ دواتر ده‌سگیركران.
٤- زیان گه‌یشتن به‌ ئۆتۆمبێلێك له‌ ئاكامی ده‌سڕێژی تێرۆریستان.
٥- دڵسارد كرانه‌وه‌ و سه‌رنگه‌ر چۆڵكردنی ١٥ پێشمه‌رگه.‌

فه‌رمانده‌ رێباز شه‌ریفی راده‌گه‌یه‌نێ كه‌ تاران له‌ كرده‌وه‌كانیدا هه‌موو سنوورێكی دژی PAK به‌زاندوه‌و گه‌یشتووه‌ته‌ ئاستێك كه‌ گۆڕستانی شه‌هیدانی پارتی ئازادیی كوردستانی TNT رێژ كرد بوو‌.

به‌رپرسی هه‌واڵگری و ئاسایشی PAK، هه‌روه‌ها به‌ ئاماژه‌ به‌ تووڕه‌یی تاران و به‌غدا له‌ ده‌وری هێزه‌كانی PAK له‌ نه‌به‌ردی مێژوویی “پردێ” و تێكشكاندنی هێرشی ١٢٠٠٠كه‌سیی سوپاكانی تاران و به‌غدا، رایگه‌یاند كه‌:‌پاش شه‌ڕی پردێ، به‌كرێگیراوانی تاران، قینی خۆیان له‌ PAK به‌ بۆردومانكردنی باره‌گای پشتی جبهه‌ و شوێنی حه‌وانه‌وه‌ی بنه‌ماڵه‌كانیان رشت و ٤ مووشه‌كی گڕادیان تێگرت.

هه‌واڵگریی و ئاسایشی PAK، بێجگه‌ له‌ ناسین و به‌ربه‌ره‌كانێی پلان و كرده‌وه‌ تێرۆریستییه‌كان، له‌ گه‌ڵ پلانه‌كانی جه‌نگی نه‌رم و ده‌روونیی تاران و دامه‌زراوه‌كانی ، رووبه‌ڕوو بووه‌ ‌.
به‌رپرسی هه‌واڵگری و ئاسایشی پارتی ئازادیی كوردستان، له‌م پێوه‌ندییه‌دا راده‌گه‌یه‌نێ كه‌: له‌ ٥ ساڵی پێشوودا، پێبه‌پێی گه‌شه‌ و به‌هێز بوونی PAK، جه‌نگی نه‌رم و ده‌روونی تاران به‌ دژی PAK به‌ شێواز و ئامرازی جۆراوجۆر روو له‌ هه‌ڵكشان و په‌ره‌سه‌ندن دا بووه‌.
فه‌رمانده‌ رێباز شه‌ریفی شێواز و ئامرازه‌كانی جه‌نگی نه‌رم و ده‌روونی تاران دژی PAK به‌مجۆره‌ راده‌گه‌یه‌نێ:
١- درۆ و ده‌نگۆ و سیناریۆسازیی:
ئامانج له‌م كاره‌ كاریگه‌رییدانان له‌ سه‌ر رای گشتی و چاندنی تووی گومان و دوو دڵی له‌ سه‌ر خه‌بات و تێكۆشانی پارتی ئازادیی كوردستانه‌.
٢- شێواندنی دیمه‌ن و هه‌واڵی رووداوه‌كان:
له‌م شێوازه‌دا، میدیاكانی تاران به‌ كه‌ڵكوه‌رگرتن له‌و هه‌واڵانه‌ی له‌ لایان خودی PAKه‌وه‌ بڵاو ده‌بنه‌‌وه‌، راستی رووداوه‌كان ده‌شێوێنن. بۆ نموونه‌‌: له‌ گه‌ڕیانی ئۆپه‌راسیۆنه‌كاندا، هه‌واڵی بریندار بوونی فه‌رمانده‌ یان پێشمه‌رگه‌یه‌ك بڵاو ده‌كرێته‌وه‌. میدیاكانی تاران، بنه‌مای هه‌واڵه‌كه‌ هه‌ڵده‌گرن و به‌ درۆ ره‌نگی ده‌كه‌ن و راده‌گه‌یه‌نن كه‌ فڵانكه‌س له‌ پشته‌وه‌ ته‌قه‌ی لێكراو كوژرا. كه‌چی‌ برینداره‌كه‌، پاش ماوه‌یه‌ك ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌نگه‌ره‌كه‌ی. یان كاتێ له‌ كرده‌وه‌یه‌كی تێرۆریستیدا، فه‌رمانده‌یه‌ك و سێ هه‌ڤاڵی له‌ لایان به‌كرێگیراوێكه‌وه‌ تێرۆر كران، كۆمه‌ڵێ ئاكاونتی تازه‌ دروست كراو له‌ گه‌ڵ سیخوڕ و كرێگرته‌كانیان له‌ میدیا به‌ ناو سه‌ربه‌خۆكان و گرووپه‌كانی سه‌ر به‌ قه‌رارگای ره‌مه‌زان، خرانه‌ گه‌ڕ بۆ شێواندنی راستیی رووداوه‌كه‌ و یه‌ك به‌ دوای یه‌كدا، یه‌ك سیناریۆیان بڵاو ده‌كرده‌وه‌.

٣- دروستكردنی گوشاری میدیایی:
له‌م شێوازه‌دا، بۆ ئه‌وه‌ی شكستی پیلانێكی تێرۆریستی یان سیخوڕیی خۆیان داپۆشن، ئاكاونته‌كانی خۆیان له‌ سۆسیالمیدیا ده‌نگده‌ده‌ن كه‌ بۆ وێنه‌ به‌ ناوی دێموكراسی یان مافی مرۆڤه‌وه‌، گیرانی تێرۆریست یان سیخوڕێك، بخه‌نه‌ ژێر پرسیاره‌وه‌. به‌ داخه‌وه‌ زۆر جاریش، كه‌سانێك به‌ بێ ئه‌وه‌ی خۆیان بیانه‌وێت یان‌ راستیی بابه‌ته‌كه‌ بزانن، ده‌بنه‌ سه‌ربازی میدیایی دام و ده‌زگاكانی ئیتلاعات و سپای پاسداران.

٤- كه‌ڵكوه‌رگرتن و درۆ پێوه‌ كردن له‌و زنیارییانه‌ی له‌ سۆسیالمیدیای PAK دا بڵاو ده‌كرێنه‌وه‌:
ئامانج له‌م كاره‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ لایه‌ك وای ده‌ربخه‌ن كه‌ “زانیاری”یان له‌ دۆخی ناوخۆی PAK هه‌یه‌ و له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ درۆیه‌ك به‌ به‌رهه‌مه‌كانی دیكه‌ی مه‌كینه‌ی درۆ و چه‌واشه‌ی تاران زیاد بكه‌ن.وه‌ك نموونه‌: میدیای پاك وێنه‌یه‌ك له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی بڵاو كردوه‌ته‌وه‌، هاتوون گۆشه‌یه‌ك له‌ وێنه‌كه‌یان بڕیوه‌ و رایانگه‌یاندوه‌: هه‌ر ئێستا كۆبوونه‌وه‌ی پارتی ئازادیی كوردستان كێشه‌ی لێكه‌وتووه‌ته‌وه و دۆخه‌كه‌ به‌ره‌و ئاڵۆزیی ده‌چێت!

٥ – گوشار و ته‌ماع وه‌به‌رنانی بنه‌ماڵه‌ی پێشمه‌رگه‌ بۆ دابڕانی كچ و كوڕه‌كانیان له‌ ریزه‌كانی له‌شكری سه‌ربه‌خۆیی كوردستان:
وه‌زاره‌تی ئیتلاعات و رێكخراوی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران، بۆ هێنانه‌ خواره‌وه‌ی ژماره‌ی هێزه‌كانی پارتی ئازادیی كورستان كه‌ له‌ ئێستادا به‌رزترین ژماره‌ی پێشمه‌رگه‌ی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان پێكده‌هێنن، كاری به‌رده‌وام له‌ سه‌ر بنه‌ماڵه‌ی پێشمه‌رگه‌كانی PAK ده‌كه‌ن. له‌م كاره‌دا، بۆ هێندێكیان دۆخی خراپی ئابوورییان ده‌قۆزنه‌وه‌ و ته‌ماعیان وه‌به‌ر ده‌نێین. بۆ ژماره‌یه‌كی دیكه‌یان، هه‌ڕه‌شه‌ و گوشار به‌كار دێنن. بۆ ئه‌و بنه‌ماڵانه‌ی ده‌چنه‌ ژێر باری ئه‌و ویسته‌وه‌، رێوشوێن و خه‌رجیی داده‌نێین كه‌ ‌ بڕۆنه‌ لای دام و ده‌زگاكانی حوكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سكاڵا له‌ سه‌ر PAK تۆمار بكه‌ن و له‌ میدیاكانیش به‌ تۆمه‌تی جۆراوجۆر ناوی بزڕێنن‌.

٦- به‌كارهێنانی كه‌سی دابڕاو و ته‌سلیمیی بۆ دژایه‌تیی PAK:
وه‌زاره‌تی ئیتلاعات و رێكخراوی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران، هێندێك له‌ ته‌سلیمیه‌كانی پاك به‌ یه‌كێ له‌م شێوازانه‌ به‌كار ده‌هێنن:
– ناچاری ده‌كه‌ن له‌ گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ی پێشمه‌رگه‌كان پێوه‌ندیی بكات، درۆكانی ئه‌وان بڵێته‌وه‌ و هانیان بدات بۆ هێنانه‌ ده‌رێی رۆڵه‌كانیان له‌ ریزه‌كانی PAK.
– ناچاری ده‌كه‌ن له‌ گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌كانی PAK پێوه‌ندیی بكات و حه‌ولی دڵسارد كردنه‌وه‌یان بدات.
– ده‌یاننێرن بۆ ریزی ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه‌ شووره‌ی ئاسایشیان لاوازه‌ كه‌ له‌وێڕا به‌ ناوی حیزبایه‌تییه‌وه‌ حه‌ولی دڵسارد كردنه‌وه‌ و دابڕاندنی پێشمه‌رگه‌ی PAK بده‌ن. لێره‌دا بۆ ئه‌وان گرینگ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ PAK داببڕن، جا بۆ هه‌ركوێ بێت، گرینگ نییه‌.

٧- به‌كار هێنانی “په‌رستوو” بۆ راوی پێشمه‌رگه‌كانیPAK:
شێوازیێكیتر له‌ جه‌نگی ده‌روونی و نه‌رمی تاران دژی PAK، به‌كارهێنانی سیخوڕه‌ ژنه‌كانیانه‌ كه‌ خۆیان پێیانده‌ڵێن “په‌ره‌ستوو”. دام و ده‌زگا تێرۆریستییه‌كانی تاران، په‌ره‌ستووه‌كانیان راده‌سپێرن كه‌ پێوه‌ندیی له‌ گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ كوڕه‌كانی PAK بكه‌ن و كار له‌ سه‌ر هه‌ست و رۆحی گه‌نجانه‌یان بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی دڵساردیان بكه‌نه‌وه‌ تا سه‌نگه‌ر و ریزی له‌شكری سه‌ربه‌خۆیی كوردستان چۆڵ بكه‌ن.

به‌پرسی هه‌واڵگری و ئاسایشی PAK، له‌ درێژه‌ی لێدو‌انه‌كه‌یدا ئاماژه‌ به‌ ده‌وری خراپی هێندێك گرووپ و لایه‌نی رۆژهه‌ڵات له‌ گه‌رم كردنی ته‌نووری جه‌نگی نه‌رم و ده‌روونی تاران دژی PAK ده‌كا و ده‌ڵێ: به‌ داخه‌وه‌ له‌ پێنج ساڵی رابردوودا هێندێك گرووپ و لایه‌نی رۆژهه‌ڵات، به‌ دووپاتكردنه‌وه‌ی درۆ ده‌له‌سه‌ و سینارۆكانی تاران دژ به‌ PAK و حه‌ولدانیان بۆ هه‌ڵكه‌ندنی پێشمه‌رگه‌ی PAK له‌ سه‌نگه‌ره‌كانیان له‌‌ گه‌رمه‌ی شه‌ڕی داعش و له‌و رۆژانه‌دا كه‌ كوردستان و كورد كه‌وتنه‌ به‌ر مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌ له‌ لایان تاران و به‌غدا و تركیاوه‌؛ هاوته‌ریب بوون له‌ گه‌ڵ ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سوپای پاسداران بۆ دژایه‌تی رۆڵه‌كانی رۆژهه‌ڵات له‌، له‌شكری سه‌ربه‌خۆیی كوردستاندا.

پارتی ئازادیی كوردستانPAK
كۆمیته‌ی راگه‌یاندن

٢٥گه‌لاوێژی ٢٧١٩ ك
١٦ی ئووتی ٢٠١٩ ز

١- https://www.tabnak.ir/fa/news/435206/%D8%A2%D9%85%D9%88%D8%B2%D8%B4-%D8%AA%D8%B1%D9%88%D8%B1%DB%8C%D8%B3%D8%AA%E2%80%8C%D9%87%D8%A7%DB%8C-%D8%A7%DB%8C%D8%B1%D8%A7%D9%86%DB%8C-%D9%87%D9%85%D8%B2%D9%85%D8%A7%D9%86-%D8%A8%D8%A7-%DA%A9%D9%85%DA%A9-%D8%A7%DB%8C%D8%B1%D8%A7%D9%86-%D8%A8%D9%87-%D8%A7%D9%82%D9%84%DB%8C%D9%85-%DA%A9%D8%B1%D8%AF%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D9%86

 

٢-
https://www.tabnak.ir/fa/news/638829/%D8%B1%D9%85%D8%B2%DA%AF%D8%B4%D8%A7%DB%8C%DB%8C-%D8%A7%D8%B2-%D8%A2%D8%BA%D8%A7%D8%B2-%D8%AA%D8%AC%D8%B2%DB%8C%D9%87-%D8%AE%D8%B7%D8%B1%D9%86%D8%A7%DA%A9-%D8%B9%D8%B1%D8%A7%D9%82-%D9%88-%D9%87%D8%B4%D8%AF%D8%A7%D8%B1-%D8%A7%DB%8C%D8%B1%D8%A7%D9%86-%D9%88%DB%8C%D8%AF%DB%8C%D9%88%D9%87%D8%A7%DB%8C%DB%8C-%D8%A7%D8%B2-%D9%84%D8%BA%D9%88-%D9%82%D8%B1%D8%A7%D8%B1%D8%AF%D8%A7%D8%AF-%D8%AA%D8%B3%D9%84%DB%8C%D8%AD%D8%A7%D8%AA%DB%8C-%D8%A8%D8%B2%D8%B1%DA%AF-%D8%A7%DB%8C%D8%B1%D8%A7%D9%86-%D9%88-%D8%A2%D9%85%D8%B1%DB%8C%DA%A9%D8%A7-%DA%A9%D9%87-%D8%A8%D9%87-%D8%A7%DB%8C%D8%B1%D8%A7%D9%86-%D8%B6%D8%B1%D8%A8%D9%87-%D8%B2%D8%AF?fbclid=IwAR3_3AhrhdBuDr7AnckUNBsln3uRVrxFyZFEg9LhIQnvnn0jJdwDI2AM2q8

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *