هه‌وڵ ده‌درێت كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكایش ددان به‌ جینۆسایدی گه‌لی كوردستاندا بنێت

هاوسەری باڵیۆزی پێشووی ئەمەریكا لە عێراق زاڵمای خەلیلزاد و گرووپێكی هاوڕێی، بەڵێنیان بە وەزارەتی شەهیدان و كەسوكاری قوربانیانی هەڵەبجە داوە، لە كۆنگرێسی ئەمەریكادا كار بۆ جینۆسایدی كورد بكەن.

بەرپرسی فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوەی هەرێم فەلاح مستەفا پێی وایە باسكردنی ئەنفال و كیمیابارانی كورد لە كۆنگرێسی ئەمەریكا و هەوڵدان بۆ بەجینۆسایدناساندنی گرنگە، ئەگەرچی ئەمەریكا لەو وڵاتانە بوو كە لە كاتی ئەم كارەساتانەدا بێدەنگ بوو.

بە گوتەی وەزیری شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەرێم ئارام ئەحمەد، ماوەیەك لەمەوپێش خێزانی زاڵمای خەلیلزاد و شاندێكی هاوڕێی بەڵێنی كاركردنیان بۆ بەجینۆسایدناساندنی تاوانەكانی دژ بە كورد لە كۆنگرێسی ئەمەریكا داوە. ئەو شاندە پسپۆڕ بوون لە بواری جینۆسایددا و چوونەتە وەزارەتی شەهیدان و هەڵەبجە.

ئەمەریكا و جینۆسایدی كورد
لە كۆنگرێسی ئەمەریكایشدا كە وەك پەرلەمانی وڵاتانی دیكەیە، ژمارەیەك كۆنگرێسمان بایەخ بە جینۆسایدی كورد دەدەن.

بە بۆچوونی بەرپرسی فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان فەلاح مستەفا، هەرچەندە ئەمەریكا لە كاتی ڕوودانی ئەنفال و كیمیاباراندا بێدەنگیی هەڵبژارد، بەڵام دوای ڕاپەڕین و بە تایبەتیش لە دوای 2003ـوە چیرۆكی نەهامەتییەكانی كوردیان بۆ باس كراوە و دەربڕینی دۆستایەتییشیان بۆ كورد لەوەدا بووە كە جارێكی دیكە ئەو تاوانە ڕوو نەدەنەوە.

بەكارهێنانی كیمیاوی لە دژی هەڵەبجە، یەكێك لەو خاڵانە بوو كە ئەمەریكا لە ڕووخانی ڕژێمی بەعسدا بەكاری هێنا.

لە سەردەمی سەرۆكایەتیی جۆرج بووش، كۆڵن پاوڵ كە وەزیری دەرەوە بوو سەردانی هەڵەبجەی كرد. هەروەها چەندین جار كۆنسووڵی ئەمەریكا لە هەرێم و كۆنگرێسمان و ئەمەریكایی دیكەیش سەردانیان كردووە.

سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە لوقمان عەبدولقادر بۆچوونی وایە كە هەموو ئەوانەی دەچنە هەڵەبجە، زۆر باش دەزانن كە ڕووداوەكە چییە و كوردیش چی بەسەر هاتووە.

بڕیارە دوای یادی هەڵەبجە (16ـی ئادار) و یادی ئەنفال (14ـی نیسان) شاندێكی حكوومەت و برینداران و كەسوكاری قوربانیانی هەڵەبجە بچنە ئەمەریكا و كارەساتی كیمیابارانكردنەكە بگێڕنەوە.

ڕۆڵی ناڕاستەوخۆ
بۆچوونێك هەیە كە تا ئێستا بەشداریی ئەمەریكا لە پرسی جینۆسایدی هەڵەبجەدا ناڕاستەوخۆ بووە. بۆ نموونە: پاراستنی هەرێم و دامەزراندنی دادگەی باڵای تاوانەكانی عێراق.

بە گوتەی ئارام ئەحمەد ئەمەریكا لە رێگەی جیاجیاوە پشتیوانییان بۆ جینۆسایدی كورد هەبووە، هەروەك بوونی ئەو وڵاتە بۆ پاراستنی هەرێمی كوردستان و دواتریش دامەزراندنی دادگەی باڵای تاوانەكانی عێراق كە تۆمەتبارانی ئەنفال و كیمیابارانی كوردی سزا دا.

ئەمەریكا وەك یەكێك لە زلهێزانی دنیا كاریگەری بەسەر بڕیارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و كۆمەڵی نێودەوڵەتیشەوە هەیە، هەر بۆیە هەوڵی ئەم وڵاتە بۆ جینۆسایدی كورد بە بایەخەوە تەماشا دەكرێت.

ئارام ئەحمەد پێی وایە ئەگەر كورد بتوانێت لە ڕووی سیاسییەوە پشتگیریی ئەمەریكا بە دەست بهێنێت لە مەسەلەی جینۆسایددا، ئەوا ڕووە یاساییەكەیشی ئاسان دەبێت. لە ماوەی ڕابردوودا،

پەرلەمانی نەرویژ و سوید و بەریتانیا ئەنفالی كوردیان وەك جینۆساید ناساند. قۆناغی داهاتوو كۆنگرێسی ئەمەریكایە و دواتریش پەرلەمانی ئەورووپا لەم مەسەلەیەدا بە گرنگ دەزانرێت.

دانا وه‌هبی

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *