هۆنراوەیەک ، غەدرێکی مێژوویی لە حەمەتاڵی بانە !

هەناری گوڵ هەناری
هەناری دانە دانە
سەرەڕێکەت لێ دەگرم
وەک حەمەتاڵی بانە
دەبو ئاوا بایە:
هەناری گوڵ هەناری
هەناری دانە دانە
دژ بە زاڵم راوەستن
وەک حەمەتاڵی بانە

مێژوو پڕە لە چەواشەکاری و غەدر لە مرۆڤە ئازا و بوێرەکان .
حەمەتاڵی بانە لەدایکبووی 1269 یە و کوڕی فەقێ حەمە میرزا . حەمەتاڵ هەر لە مناڵییەوە کاتێک لە شەڕەگەڕەکەکان کە لەو سەردەمەدا باو بوون ، بەشداری ئەکرد ، لە هەر دەستەیەکدا بوایەت ، ئەو دەستەیە سەرکەوتوو ئەبوو .

هەر لە سەردەمی لاویدا فێری سوارکاری و مەلەوانی بوو و بەهۆی نەترسییەوە هەر کات زوڵمێکی دەبینی پێی قەبووڵ نەدەکرا و نێوچاوانی گرژ و تاڵ دەکرد نازناوی تاڵ لە لایەن هاوڕێکانیەوە بڕا بە باڵای . حەمەتاڵ لە دێی ساوانی بانە بەهۆی چالاکی و بوێرییەوە لە لایەن ڕۆستەم خانەوە چەکدار دەکرێت و دەبێتە پاسەوانێکی چالاک و هەڵسووڕاو .
لە کاتی لێقەومانی بنەماڵەی شێخ مەحموود ، هەستی کوردایەتی و دڵسۆزی ، حەمەتاڵ هان دەدات و دەڕواتە باشماخی مەریوان بەپیری بنەماڵەی شێخ مەحموودی نەمر و دەیانباتە دێی ساوانی بانە و لەوێ بۆ ماوەیەک ڕێزیان لێ دەگرێت .
بەهۆی پەنادانی بنەماڵەی شێخ مەحموود لەلایەن حەیبەڵاخانی تیلەکۆ و ڕۆستەم خانی ساوان ، ڕەزاشا کە پارێزەری بەرژەوەندییەکانی ئینگلیسییەکان دەبێت دەکەوێتە بیری تۆڵەسەندنەوە لەو دوو کەسایەتییە لە کوردستان .
لەو کاتانەدا شەریف قەساوی خەڵکی کاشان کە حاکمی دەستنیشان کراو دەبێ لە کوردستان لەلایەن دەوڵەتی شای ئێران ، بێ ئەوەی دادگایی بکرێن بە بیانووی بێ بنەما ، حوکمی ئیعدامی حەیبەڵا ئاغای تیلەکۆ و ڕۆستەم خانی ساوان ( ئاغای حەمەتاڵ ) دەر دەکات .
حەمەتاڵ بڕیار دەدات تۆڵەی ئەو کارە بکاتەوە . بۆیە هێرش دەکاتە سەر مەعمووری ماڵیاتی دەوڵەت لە دێی شوێی بانە و لووت و گوێچکەی دەبڕێ و دەینێرێتەوە بۆ بانە و لە چەند شوێن هێرش دەکاتە سەر هێزەکانی دەوڵەتی شا .
بە ڕاپورت و پیلان دەیگرن و دەیگوازنەوە بۆ زیندانی قەسری تاران و ماوەی هەشت ساڵ لە زیندانی قەسر دەبێ و لە هەلێکدا لە زیندان هەڵدێ و بەهۆی ئەوەی دیسان نەیگرنەوە ڕوو دەکاتە خوراسان و بۆ ماوەیەک بە نەناسراوی لەوێ لە باخەکاندا کار دەکات و دواتر دەڕوات بۆ ئەفغانستان و لەوێوە دەڕواتە عەمان و لە ڕێگای خوزستان و کرماشانەوە دەگەڕێتەوە و دەڕواتە سلێمانی و ماوەیەک لە خزمەت شێخ مەحموود دەبێت و دوایی لەگەڵ کەسێکیتر بەناوی سەی عەتا کە ئەویش گوایە لە ڕۆژهەڵات چەند کەسێکی مەعمووری دەوڵەتی ئێرانی کوشتووە یەک دەگرن و هێزێک پێک دێنن و لەگەڵ هێزەکانی شا بەشەڕ دێن .
دەوڵەتی ئێران داوا لە دەوڵەتی عێراق دەکات کە ئەوانە گوایە لە ڕژیم یاخی بوون و دەبێت تەحوێڵی ئێران بدرێنەوە . بەڵام ئێراق لە وڵامدا دەڵێت کە ئەوانە شوێنێکی تایبەتیان نییە و کارێک لەدەستیان نایەت بۆ لەداو خستنیان .
بۆیە دەوڵەتی شای ئێران پەنا بۆ پیلانگێڕی دەبات و ناکۆکی دەخاتە نێوان سەی عەتا و دەیکاتە داردەستێک بۆ لەناوبردنی حەمەتاڵ .
سەی عەتا ئەو پیلانە جێبەجێ ئەکات و حەمەتاڵ دەکوژێت .
بۆ ئەوەی حەمەتاڵ نەبێتە قارەمان ، دەوڵەتی ڕەزا شا کەسێک بەناو عەباس دەکاتە فەرماندەی هەنگی مەرزی بانە و مەیدان دەداتە عەباس کە هەرچی دەتوانێ لەو سنوورانە دزی و تاڵان و کوشتوبڕ بکات و دەسە چەورەکەیان بساونە سەر حەمەتاڵ . هەرکەسێکیش سکاڵای دژی عەباس تۆمار دەکرد سکاڵاکەی دەهاتەوە بەردەست و سکاڵاکەری دەکوشت . حەمەڕەشی خانی بانە بۆ تۆڵە سەندنەوەی حەمەتاڵ ، لەناو پادگانی بانە فیشەکێ دەنێ بە سەر عەباسەوە و دەیکوژێ و پادگانی بانەش دەگرێ و دواتر بانە و سەقز و بڕێک لە ناوچەی مەریوان ئازاد دەکات .
بۆ ئەوەی حەمەتاڵ نەبێتە قارەمان ، جاشقەڵەمێکی ئەوکاتە ئەو هۆنراوە دەنووسێت و حەمەتاڵی قارەمان وەک چەتە و ڕێگر پێناسە دەکات کە جگە لە بوختیان شتێکیتر نییە . بۆیە بەپێویستم زانی لەسەر ئەوە ، ڕوونکردنەوەیەک بنووسم .
دەبێ لەجیاتی ئەو هۆنراوە بڵێین :
هەناری گوڵی هەناری
هەناری دانە دانە
دژ بە زاڵم ڕاوەستن
وەک حەمەتاڵی بانە

تێبینی سەرچاوەکان :
1ـ زبدەی تاریخ کرد و کردستان ، امین زکی بیگ ترجمە یداللە روشن اردلان ج 2

2ـ شەرفنامە ، تاریخ مفصل کردستان ، امیر شرف خان بدلیسی

3 ـ تاریخ مشاهیر کرد ، بابا مردوخ روحانی ج 3 بخش 2

4ـ مشاهیر بانە ( مجلە انترنتی )

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دەتوانی ئەو تاگ و خەسڵەتانە HTML بەکاربێنیت: <a href="" title=""> <abbr title=""> <acronym title=""> <b> <blockquote cite=""> <cite> <code> <del datetime=""> <em> <i> <q cite=""> <strike> <strong>