وه‌ڵامنامه‌ی پارتی ئازادیی كوردستانPAK به‌ بانگه‌وازی كه‌سایه‌تییه‌كان بۆیه‌كگرتنی پارته‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان

له‌ ماوه‌ی رابوردوودا، 3 بانگه‌وازی به‌ جیا له‌ لایان ژماره‌یه‌ك كه‌سایه‌تی ئاكادیمی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان؛ پۆلێك له‌ كه‌سایه‌تییه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی رۆژهه‌ڵات و باشووری كوردستان و هه‌روه‌ها كه‌سایه‌تییه‌كی خه‌مخۆری كوردایه‌تی، دوویان روو له‌ پارت و لایه‌نه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌ گشتی و یه‌كیان روو له‌ پارتی ئازادیی كوردستان به‌ تایبه‌تی، گه‌یشتووه‌ته‌ سه‌ركردایه‌تی پارتی ئازادیی كوردستان.

پارتی ئازادیی كوردستان، وێڕای پێشوازیی و قه‌درزانیی له‌ ناوه‌رۆك و داخوازی هه‌ر سێ بانگه‌وازه‌كه‌، سه‌رنجی خاوه‌نانی به‌ڕێزی بانگه‌وازه‌كان و هۆگرانی دیكه‌ی رزگاریی كوردستان بۆ ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌ راده‌كێشێ:
1- بانگه‌وازه‌كان پێیان له‌ سه‌ر پێویستیی دامه‌زراندنی به‌ره‌یه‌كی یه‌كگرتووی كوردستانی بۆ وه‌ده‌سهێنانی مافی دیاریكردنی چاره‌نووس له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان داگرتووه‌. هه‌روه‌ها داوای ده‌سپێكردنی گفتووگۆی حیزبه‌كانیان‌ له‌ مه‌ڕ ئه‌و بابه‌ته‌ كردوه‌. پارتی ئازادیی كوردستان هه‌ر وه‌ك له‌ رۆژی له‌ دایكبوونییه‌وه‌ و له‌ یه‌كه‌م به‌یاننامه‌یدا، پێویستیی چێكردنی به‌ره‌ی یه‌كگرتووی كوردستانی، خستووه‌ته‌ روو؛ ئێستاش هاوده‌نگ و هاوڕا له‌ گه‌ڵ واژۆكه‌رانی به ‌په‌رۆشی ئه‌و بانگه‌وازانه‌، له‌ سه‌ر پێویستیی دامه‌زراندنی به‌ره‌یه‌كی یه‌كگرتوو، له‌ پێناو وه‌ده‌سهێنانی مافی دیاریكردنی چاره‌نووس، پێداده‌گرێته‌وه‌ و هه‌ر ئه‌مڕۆ به‌ به‌شداری میدیا و ژۆرنالیستی ئازاد و سه‌ربه‌خۆ، ئاماده‌یه‌ بۆ كۆبوونه‌وه‌ وده‌سپێكردنی گفتووگۆ له‌ گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌كان، له‌ سه‌ر ئه‌و پرس و بابه‌ته‌.
2- پارتی ئازادیی كوردستان گشت ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌ و ده‌رفه‌تانه‌ی به‌ڕێزانی واژۆكه‌ری بانگه‌وازه‌كان سه‌باره‌ت به‌ ئێستا و داهاتووی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، خستوویانه‌ته‌ روو، به‌ درووست و راسته‌قینه‌ ده‌زانێ و له‌ گه‌ڵ ناوه‌رۆكی پێشنیار و رێكار و داخوازه‌كانیانه‌ بۆ زاڵبوون به‌ سه‌ر هه‌ڕه‌شه‌كان و كه‌ڵكوه‌رگرتن له‌ ده‌رفه‌ته‌كان‌ .PAK هه‌ر ئه‌مڕۆ ئاماده‌ی هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی هه‌نگاوی به‌كرده‌وه‌یه‌.
3- پارتی ئازادیی كوردستان هه‌ر له‌م ماوه‌یه‌دا زیاتر له‌ جارێك، ئاماده‌یی خۆی بۆ هاوكاریی سه‌ربازیی و به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی هاوبه‌شی پیلان و پلانه‌كانی تاران ده‌ربڕیوه‌. لێره‌دا و له‌ وه‌ڵامی بانگه‌وازی به‌ڕێزاندا، راده‌گه‌یه‌نین كه‌ هه‌ر ئێستا ئاماده‌ین هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌مان، ئه‌و هێزانه‌ی كه‌ خاوه‌نی ئه‌زموونی شه‌ڕی پارتیزانی و شاریی له‌ گه‌ڵ داگیركه‌رانی به‌رفه‌رمانی تاران و قاڵبووی سێ ساڵ شه‌ڕی سه‌ركه‌وتووانه‌ له‌ گه‌ڵ داعش و خاوه‌نی نه‌به‌ردی مێژوویی پردێن، به‌ هه‌موو چه‌ك و چۆڵه‌كانیانه‌‌وه‌ بخه‌ینه‌ چوارچێوه‌ی سوپای میللی كوردستان وبه‌ر فه‌رمانی فه‌رمانده‌ییه‌كی بان حیزبیی، یان هاوبه‌ش له‌ گه‌ڵ حیزبه‌كان.
4- ئێمه‌ پێكهێنانی ناوه‌ندی هاوكاریی حیزبه‌كانی كوردستانی ئێران، له‌ چاو دۆخی پڕش و بڵاو و لێكترازانه‌كانی ده‌یه‌ی رابردووی ئه‌و لایه‌نانه‌، به‌ هه‌نگاوێكی ئه‌رێنی له‌ پێوه‌ندییه‌كانیاندا ده‌زانین؛ به‌ڵام به‌ وه‌ڵامده‌ری پێویستییه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی سیاسیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانی نابینیین. ئه‌و ناوه‌نده‌ بێجگه‌ له‌و ئیرادانه‌ی له‌ ناوه‌كه‌ی هه‌یه‌، هه‌تا ئێستا ستراتیژێكی دیاریكراو وستراكچێرێكی رێكخراوه‌یی نییه‌. ئێمه‌ یه‌كێتی و یه‌كگرتوویی حیزبه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌ پێكهێنانی به‌ره‌یه‌كی یه‌كگرتووی كوردستانی( له‌ سه‌ر بنه‌مای خه‌بات بۆ مافی دیاریكردنی چاره‌نووسی كوردی رۆژهه‌ڵات له‌ رێگای هه‌ڵبژاردن یان رێفراندۆمێكی ئازاده‌وه‌) و یه‌كخستنی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و چێ كردنی ده‌زگای دیپلۆماسی و ئاسایشی و راگه‌یاندنی هاوبه‌ش دا ده‌بینین. پارتی ئازادیی كوردستان، له‌ سه‌ر ئه‌م پرسه‌ و له‌ پێناو پێكهێنانی به‌ره‌یه‌كی یه‌كگرتووی كوردستانی و هه‌ر بابه‌تێكی پێوه‌ندییداری دیكه‌ به‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستانه‌وه‌، ئاماده‌ی گفتووگۆله‌ ته‌ك ناوه‌ندی هاوكاریی و لایه‌نه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و ناوه‌نده‌یه‌‌.
پارتی ئازادیی كوردستانPAK
كۆمیته‌ی پێوه‌ندییه‌كان
13 ی رەزبەری 2718
5ی ئۆکتوبری 2018

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دەتوانی ئەو تاگ و خەسڵەتانە HTML بەکاربێنیت: <a href="" title=""> <abbr title=""> <acronym title=""> <b> <blockquote cite=""> <cite> <code> <del datetime=""> <em> <i> <q cite=""> <strike> <strong>