“پاراستنی كورد و كوردستان له‌ گره‌وی راماڵینی داگیركه‌ران و كۆتاییهێنان به‌ سه‌روه‌ریی ئێرانه‌‌!”

به‌یاننامه‌یPAK
به‌ بۆنه‌ی گیانبه‌ختكردنی پۆلێكی دیكه‌ له‌ ژینگه‌پارێزانی رۆژهه‌ڵاتی داگیركراو!دەوڵەتی داگیرکەری ئێران، بەردەوامە لە تاوانەکانی دژ بە رۆڵەکانی نەتەوەی کورد و نیشتمانەکەمان.
رۆژهه‌ڵاتی داگیركراو به‌ دانیشتوان و خاك و ناسنامه‌ و سامانی سه‌رزه‌وی و ژێرزه‌وی، بووه‌ته‌ ئامانجی تاران بۆ قڕكردن، له‌ناوبردن و شێواندن و كردنی به‌ زه‌وییه‌كی سووتاو.

لەسەرەتای ئەمساڵەوە وەک ساڵانی پێشوو، ئاگرتێبەردانی دارستانەکان و ڕەز و باخ و پاوانەکانی ڕۆژهەڵاتی داگیركراو، لەلایان سپای پاسدارانەوە دەستیان پێکرده‌وە.
خه‌ڵكی ئاسایی و ژینگەپارێزانی چالاك،بەدەستی بەتاڵ، به‌ بێ کەرەستەی پێویستی ئاگرکوژاندنەوەو خۆپارێزیی،له‌ پیلانی سووتماك كردنی دارستانه‌كانی نیشتمان ده‌ڕاسێن و بۆ پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ی ئه‌و دوژمنكارییه‌، فیداكارانه‌، سینگ به‌ كڵپه‌ی ئاگری دارستانه‌كانه‌وه‌ ده‌نێن.
ده‌وڵه‌تی داگیركه‌ر، تێكۆشه‌رانی ئه‌م بواره‌ی وڵاتپارێزییش، ته‌حه‌موول ناكا. چوونكه‌ پاراستنی ژینگه‌ی نیشتمان، به‌ستێنێكی دیكه‌ی پاراستنی نه‌ته‌وه‌ و خاك و سامان و ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌ییه‌. هه‌ر بۆیه‌ ژینگه‌پارێزی كورد، وه‌ك به‌ندكراوی سیاسیی، به‌چه‌شنی خه‌باتگێڕی رێگای ئازادیی، وه‌ك كۆڵبه‌ری بێده‌ره‌تان، ده‌بێته‌ ئامانج و نیشانه‌ی پیلانی دوژمنی داگیركه‌ر بۆ كوشتن و له‌ناوبردن. دوێنێ شه‌ریف باجوه‌ر و هاوڕێكانی له‌ داوی پاسدارانی داگیركه‌ردا، له‌ ناو بڵێسه‌ی ئاگری دارستانه‌كانی مه‌ریواندا بوونه‌ قه‌قنه‌س و ئه‌مڕۆ “موختار خه‌ندانی” و “بیلال ئه‌مینی” و “یاسین كه‌ریمی” هه‌ر به‌وته‌رزه‌ له‌ ئامێزی داربه‌ڕووكانی پاوه‌دا‌، پێكه‌وه‌ بوونه‌ نموونه‌یه‌كی دیكه‌ له جه‌نایه‌ت و تاوانی ده‌وڵه‌تدارانی ئێران دژ به‌ كورد كوردستان.
پارتی ئازادیی کوردستان، داخ و کەسەری خۆی بۆ مەرگی کارەساتباری ئه‌و پۆله‌ له‌ ژینگە پارێزانی کوردستان ڕادەگەیەنێ و دەگەڵ بنەماڵە و کەسوکاریان و خەڵکی شاری پاوە و گشت کوردستان هاوخەمی دەردەبڕێ.
رۆڵه‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان له‌ رۆژهه‌ڵاتی داگیركراو ده‌بێ له‌وه‌ دڵنیا بن كه‌ پاراستن و مانه‌وه‌ی كوردستان به‌ دانیشتوان و سروشت و سامان و گیانله‌به‌رانییه‌وه‌، له‌ گره‌وی راماڵینی هێزه‌ داگیركه‌ره‌كان و كۆتاییهێنان به‌ سه‌روه‌ریی سیاسیی ئێران له‌ سه‌ر نیشتمانه‌كه‌مانه‌. هه‌تا سه‌روه‌ریی ئێران به‌رده‌وام بێ، كوشتار، تاڵان، ماڵوێرانی،زیندان، هه‌ژاری، گۆڕینی دێمۆگرافی، شێواندنی ناسنامه‌، تێكدانی شیرازه‌ی خێزان و كۆمه‌ڵگا، ته‌فریس و ته‌تریك له‌ ده‌ڤه‌ره‌كانی باشوور وباكووری رۆژهه‌ڵات، به‌رده‌وام ده‌بن.
بۆیه‌ تێكۆشان و راپه‌ڕین بۆ رادانی داگیركه‌ران و هه‌ڵگرتنی سه‌روه‌ریی سیاسیی ئێران له‌ سه‌ر كوردستان، بۆ تاك و كۆی كورد و كوردستانیان ئه‌ركه‌، مافه‌، ئه‌خلاق و به‌ها و شه‌ره‌ف و مرۆڤایه‌تیی و پێویستیی ژیانه‌ ‌.

پارتی ئازادیی كوردستانPAK

9ی پووشپه‌ڕی 2720 كوردی
29ی ژووئه‌نی 2020 زایینی

🆔https://t.me/PAKeurope
🌐www.pak-eu.com
https://www.instagram.com/pak_europ/?hl=nl
https://www.facebook.com/pakeucom/?ref=bookmarks

Share Button

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *