پارتی ئازادیی كوردستانPAK هێرشی مووشه‌كیی بۆ سه‌ر عه‌ره‌بستانی سعوودی مه‌حكووم ده‌كا

له‌ بێده‌نگیی و چاوپۆشییه‌كانی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تیی به‌رانبه‌ر ره‌فتاره‌كانی ئێران؛ تاران ئاستی ده‌سدرێژییه‌كانی دژ به‌ وڵاتانی ناوچه‌كه‌ و پێشێلكردنی سه‌روه‌رییه‌كانیان، گه‌یانده‌ تێگرتنی مووشه‌ك و به‌كارهێنانی فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان بۆ سه‌ر دامه‌زراوه‌ی نه‌فتیی ئارامكۆی عه‌ره‌بستانی سعوودی.

به‌م هێڕشه‌، تاران نیشانی دا كه‌ هیچ حیسابێك بۆ یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و پرسی ئاشتی و سه‌قامگیریی ناكا. ئه‌گه‌ر پێشتر گرووپه‌ تێرۆریستییه‌كانی به‌ر فه‌رمانی، هێڕشی تێرۆریستییان ده‌كرده‌ سه‌ر دامه‌زراوه‌ و به‌رژه‌وه‌ندیی و خه‌ڵكی، وڵاتان، ئێستا ئیتر به‌ پانه‌وه‌ مووشه‌كی بالستیك و فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان، بكار ده‌هێنێ.

ئه‌م هێڕشه‌، سه‌لماندییه‌وه‌ كه‌ تاران به‌ زبانی نه‌رم و سازشكارانه/ئه‌و جۆره‌ی كه‌ ئورووپاییه‌كان ده‌یكه‌ن/ حاڵی نابێت و ته‌نیا زبانی هێز، ده‌توانێ هه‌وساری ده‌سدرێژی و سنووربه‌زاندنه‌كانی بكات.

ئه‌گه‌ر له‌ ئۆكتۆبری 2017دا رێگا به‌ تاران نه‌درایه‌ 10000 پاسدار بڕژێنێته‌ پارێزگای كه‌ركووك و فه‌رمانده‌یی داگیركردنی كه‌ركووك بكات و ساڵی رابردوو كه‌ ئه‌م كاتانه‌ مووشه‌كبارانی بنكه‌وباره‌گاكانی حیزبی دێموكراتی له‌ شاری كۆیه‌ده‌كرد، وه‌ڵامێكی شیاوی له‌ لایان ئه‌مریكا و كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ پێ بدرایه‌ته‌وه‌، ئه‌مڕۆ نه‌یده‌توانی خاكی عه‌ره‌بستانی سعوودی بكاته‌ ئامانجی مووشه‌ك و فڕۆكه‌كانی.

پارتی ئازادیی كوردستان وێڕای مه‌حكووم كردنی ئه‌و ده‌سدرێژییه‌، هیواداره‌ كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تیی گه‌یشتبێته‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی كه‌ تاران، بووه‌ته‌ مه‌ترسیی بۆ سه‌ر ئاشتی و سه‌قامگیریی جیهانیی و ره‌فتار له‌ گه‌ڵی بخه‌نه‌ ناو چوارچێوه‌ی فه‌سڵی ٧ی مه‌نشووری رێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان.

وته‌ بێژی سیاسیی

پارتی ئازادیی كوردستان

29ی خه‌رمانانی 2719ك

20ی سێپتامبری 2019ز

Share Button

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *