پارتی ئازادیی کوردستان، پێشنیاری بانگه‌وازێكی هاوبه‌ش بۆ ته‌حریمی هه‌ڵبژاردن راده‌گه‌یه‌نێ لێدوانێك له‌ وته‌بێژی سیاسیی PAKه‌وه‌

هەروەک دەزانین ،ڕۆژی 2ی ڕەشەمەی داهاتوو، دەوڵەتی داگیرکەر شانۆی هەڵبژاردنی خولی 11هەمینی مەجلیسه‌كه‌ی بەڕێوە دەبا.
جێی خۆشحاڵییه‌ كه‌ سەرجەم پارت و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ، هەڵوێستی بایكۆت و ته‌حریمیان راگه‌یاندوه‌.

ئێمە وەک پارتی ئازادیی کوردستان، بۆ بەهێزکردنی ئەو هه‌ڵوێسته‌ و پێشوازیی خه‌ڵكی كوردستان لێی و نا وتن بەو شانۆگەرییەی دوژمنی داگیركه‌ر ، داوا لە تێکڕای حیزب و رێكخراو و گرووپه‌ سیاسییه‌كانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین، سه‌ره‌ڕای جیاوازییه‌كانمان له‌ ‌ فکر و سیاسەت و ئه‌ده‌بیات و ستراتیژییدا،پێکەوە به‌ یه‌ك هه‌ڵوێست و یه‌ك بانگه‌وازی هاوبه‌ش داوای بایکۆتی گاڵته‌جاڕیی هه‌ڵبژاردن، له‌ خه‌ڵكی رۆژهه‌ڵاتی داگیركراو بكه‌ین.
وەها بانگەوازێکی هەمەلایەنەی هاوبەش بێجگه‌ له‌ كاریگه‌ریی دانان له‌ سه‌ر ره‌وتی ته‌حریم، وەڵامدانەوەیە بە چاوەڕوانیی خەڵکی کوردستان بەگشتی و رێز گرتنه‌ له‌ داوای توێژی نوخبەی کوردەواری و کەسایەتییەکانی کوردستان بۆ هه‌نگاوێكی ئه‌وتۆ.
جێی وەبیرهێنانەوەیە، كه بێجگه‌ له‌و به‌یاننامه‌ هاوبه‌شه‌ی كه له‌ 6ی به‌فرانباری رابردوودا ‌ به‌ پێشنیاری پارتی ئازادیی كوردستان، له‌ لایان PAKوچه‌ند لایه‌نێكه‌وه‌ ده‌رچوو، هه‌ر له‌و كاته‌دا پارتی ئازادیی کوردستان بۆ هه‌مان مه‌به‌ستی دیارییكراو، واته‌ ته‌حریمی ئه‌و شانۆگه‌رییه‌، له‌ گه‌ڵ لایه‌نی دامه‌زرێنه‌ری ناوه‌ندی هاوكاریی حیزبه‌كانی كوردستانی ئێران، دیدار و گفتووگۆی پێكهێنا؛ كه‌ ئێستاش پێی له‌ سه‌ر داده‌گرینه‌وه‌.
ده‌با ته‌حریمی هه‌ڵبژاردنی مه‌جلیسی داگیركه‌ر، رێزێك بێ بۆ شه‌هیدانی راپه‌ڕینی خه‌زه‌ڵوه‌ر و وه‌ڵامێك بێ به‌ تاوان و جینایه‌ته‌كانی هێزه‌ داگیركه‌ره‌كانی به‌رفه‌رمانی تاران. له‌ نیشتمانی داگیركراومان.

خه‌لیل نادری
وته‌بێژی سیاسیی پارتی ئازادیی كوردستان

18ی رێبه‌ندانی 2719 ك
7ی فێورییه‌ی 2020 ز

Share Button

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *