پارتی ئازادیی کوردستانPAK پشتیوانیی خۆی لە بەرەنگاریی شەڕڤانانی رۆژاوای کوردستان رادەگەێنێ

پاش ئەوەی لە 16ی ئۆکتۆبری 2017دا بەشێکی زۆر لە خاک و خەڵکی باشووری کوردستان لە گەلەکۆمەکییەکی نێودەوڵەتیدا کەوتە بەر هێرشی سوپاکانی ئێران و عێراق و داگیرکرانەوە؛ ئێستا دەوڵەتی ترکیا کە یەکێک لە لایەنەکانی پیلانگێڕی 16ی ئۆکتوبر بوو، لە حەولدایە بەشی خۆی لەو گەلەکۆمەکییە دژی کورد، لە رۆژاوای کوردستان وەربگرێت.

هەر بۆیە عەفرینی داوەتە بەر هێرشی ئاسمانی و هەڕەشەی هێرش و داگیرکاریی . لەم هەلوومەرجەدا، ئەوەی دەتوانێ نەتەوەکەمان و دەسکەوتەکانی لە رۆژاوای نیشتمان بپارێزێ، بەرەنگاریی لێبڕاوانە و یەکڕیزانەی رۆڵەکانی نەتەوەکەمانە . رووداوەکانی پاش ١٦ی ئۆکتۆبر سەلماندیان پاراستنی خاک و خەڵک و دەسکەوتەکانی خەباتمان لە گرەوی بەرەنگاریی و شکاندنی هێرشی دوژمنانە لە گۆڕەپان و بەرەکانی جەنگ. هاوکات ئەرکی نەتەوەیی و نیشتمانی هەر تاک و گرووپێکی پارچەکانی دیکەی کوردستانە کە بە هەر شێوە و رێگایەکی گونجاو پاڵپشتیی لە عەفرین بکەن تا هەموو رۆڵەکانی کورد پێکەوە شکست بە نیازی هێرش و داگیرکاریی ترکیا دژی عەفرین بێنن. هەنگاو و هەڵوێستی خێرای کوردستانیانی نیشتەجێی دەرەوەی وڵات دەتوانێ لە بەهێز کردنی گیانی بەرەنگاریی لە عەفرین و پەکخستنی هێرشی ترکیا، دەور و کاریگەریی هەبێت.
پارتی ئازادیی کوردستان، هیڕشی دەوڵەتی ترکیا مەحکووم دەکا و پشتیوانیی خۆی لە دیفاع و بەرەنگاریی شەڕڤانانی رۆژوای کوردستان رادەگەێنێ. پارتی ئازادیی کوردستان، ئامادەیە بە رێکەوتن لە گەڵ YPG، هەر چی زووتر یەکێ لە هێزەکانی پێشمەرگەی بۆ بەشداریی لەو بەرەنگارییە رەوایە رەوانەی رۆژاوای کوردستان بکا.
ئیرادەی خۆڕاگری و ملنەدان بە داگیرکەران پیلانەکان تێکدەشکێنێ و سەرکەوتن وەدیدێنێ.

پارتی ئازادیی کوردستانPAK
کۆمیتەی ناوەندیی
30 بەفرانباری2717
20 ژانویەی 2018

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *