پرسه‌نامه‌كانی سه‌رۆكی پارتی ئازادیی كوردستانPAK

له‌ دوو په‌یامی جیاوازدا، به‌ڕێز حسین یه‌زدانپه‌نا، فه‌رمانده‌ی ئازادیی و سه‌ربه‌خۆیی رۆژهه‌ڵات، له‌ گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌كانی قوربانییه‌كانی خستنه‌خواره‌وه‌ی فرۆكه‌ ئۆكراینییه‌كه‌ و بنه‌ماڵه‌ی د.جه‌لال حاجی زاده‌، هاوخه‌می ده‌رده‌بڕیوه‌. ده‌قی هه‌ر دوو پرسه‌نامه‌كان به‌مجۆره‌ی خواره‌وه‌ن:

بۆ بنه‌ماڵه‌‌ كۆست كه‌وتووه‌كانی قوربانییه‌كانی جینایه‌تی خستنه‌خواره‌وه‌ی فڕۆكه‌ ئۆكراینییه‌كه

به‌ ناوی خوای گه‌وره‌ودلۆڤان

گیانبه‌ختكردنی ئازیزانی ئێوه‌ له‌ پیلانی خستنه‌خواره‌وه‌ی فڕۆكه‌كه‌یاندا، هه‌تا بڵێی دڵته‌زێن و جه‌رگبڕ بوو. تاران به‌م كرده‌وه‌یه‌، ده‌یان ژماره‌ی به‌ حیسابی تاوانه‌ گه‌وره‌ دژی ئینسانییه‌كانی زیاد كرد.‌
ئێمه‌ له‌ ئازار و ژانی ئه‌و كۆسته‌ گه‌وره‌ی به‌سه‌ر ئێوه‌دا‌ هاتووه باش‌ تێده‌گه‌ین. هه‌ر بۆیه‌ له‌ ناخی دڵه‌وه‌، به‌ قووڵیی برینی سه‌ر رۆح و دڵتان، هابه‌شی خه‌متانیین.
ئه‌م برینه‌و زۆر برینی دیكه‌ی ده‌ستی تاران، ره‌نگه‌ ته‌نیا به‌ راماڵینیان له‌ نیشتمانه‌ داگیركراو و زامداره‌كه‌مان و ئه‌ستاندنی ئازادیی و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، ساڕێژ ببنه‌وه‌.
بۆیه‌ ئاواته‌خوازین خوێنی به‌ ناهه‌ق رژاوی رۆله‌كانی ئێوه‌، خوشك و برا غه‌درلێكراوه‌كانی ئێمه‌ له‌و تاوانه‌دا، ببێته‌ هانده‌ری زیاترمان بۆ گه‌یشتن به‌و رۆژه‌.
له‌ خوای گه‌وره‌ داواكارین ئه‌و رۆڵه ‌غه‌درلێكراوانه‌ی كوردستان، بخاته‌ به‌ر دلۆڤانی خۆی و ئۆقره‌ و سه‌بوورییش به‌ ئێوه‌، ببه‌خشێت.

بۆ بنه‌ماڵه‌ی داخداری د.جه‌لال حاجیزاده‌
به‌ ناوی خوای گه‌وره‌ و دلۆڤان

له‌ ده‌سچوونی د.جه‌لال حاجیزاده‌، خه‌ساره‌تێكی به‌رچاوه‌ بۆ كۆمه‌ڵگای ئاكادیمی و رووناكبیری كوردستان به‌ گشتی و ره‌وتی نه‌ته‌وه‌یی و سه‌ربه‌خۆییخوازیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، به‌ تایبه‌تی. د.جه‌لال حاجیزاده‌، به‌و چه‌كه‌ی خۆی پێ ته‌یار كردبوو، واته‌ چه‌كی زانست،‌ چووه‌ جه‌نگی پاشكۆیه‌تی و ئێرانچێتی و پێداگریی له‌ سه‌ر بیر و رێباز و نیشتمان و نه‌ته‌وه‌ و ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ. ئه‌و له‌ كاتێكدا، عاشقانه‌ له‌و پێناوه‌دا تێده‌كۆشا، دڵی له‌ لێدان كه‌وت و رێگای دژوار، به‌ڵام ره‌واو پڕ شانازیی ئازادیی و سه‌ربه‌خۆیی كوردستانی، بۆ ئه‌وینداران و عه‌وداڵانی ئه‌و رێگا و رێبازه‌ به‌جێهێشت. به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشیتان پێشكه‌ش ده‌كه‌ین و هاوبه‌شیی خۆمان، له‌م كۆسته‌دا راده‌گه‌یه‌نین.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مه‌رگی د.جه‌لال جێگای گۆمانه‌و دوور نییه‌ كه‌ له‌ ئاكامی پلانێكی جینایه‌تكارانه‌ی دام و ده‌زگا مرۆڤكوژه‌‌كانی به‌رفه‌رمانی تاران بووبێت، هه‌موو لایه‌كمان ئه‌ركدارین به‌وه‌ی، په‌یجووری بین و‌ راستییه‌كانی جوانه‌مه‌رگ بوونی ئه‌و رۆڵه‌ دڵسۆزه‌ی نیشتمانی داگیركراومان، روون بێته‌وه‌.
به‌هه‌شتی نه‌مریی بۆ د.جه‌لال و سه‌بووری و دانبه‌خۆدا گرتن، بۆ هه‌موو داخدارانی كۆچی بێگه‌ڕانه‌وه‌ی.

Share Button

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *