پرسەنامەی رێبەری سەربەخۆیی ڕۆژھەڵات، بۆ کۆچی مامۆستا پەرتەو کرماشانی

بە ناو خوای گەورە و دلۆڤان

نەتەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی داگیرکراو بە گشتی و، باشووری رۆژهەڵاتی نیشتمان و کۆمەڵگای ئەدەب و وێژەی کوردیی بە تایبەتی، بە مەرگی شاعیری هەڵکەوتووی شەیدای کوردستان:مامۆستا عەلی ئەشرەف نەوبەتی «پەرتەو کرماشانی»، تووشی خەسارێکی گەورە بووە. هەڵبەت نەک هەر لەبەر ئەوەی شێیعرەکانی بە دڵ و هەستی خەڵکەکەیەوە دەنووسان، بەڵکوو لە بەر ئەوەی پەرتەو کرماشانی کۆڵەکەیەک بوو لە مەیدانی بەرەنگاریی و ململانێ و بەربەرەکانێی ناسنامەیی لەو دەڤەرە.

پەرتەو کرماشانی لە هەرێمێک چاکی مەردایەتیی بەلادا کرد کە کاربەدەستانی تاران لە دامەزراندنی دەوڵەتی بەناو مۆدێڕنی ئێرانەوە، هەموو پلان و پیلانگێڕییەکی نەرم و ڕەقیان بۆ ئاسمیلە کردن و داماڵینی دانیشتوان و مێژوو و جوغرافیاکەی لە ناسنامەی کوردبوون، گرتبووە بەر. ئەو لە ناوچەیەک چەکی وشە و پەیڤی دژی دەوڵەتی داگیرکەری ئێران هەڵگرت کە هاوکات مەڵبەندی سەرهەڵدانی نووسەری وەک «غوڵامڕەزا ڕەشیدی یاسەمی»یە.کاراکتێرێک کە بە راسپێردران و پشتیوانیی بێ درێغی حکوومەتی پەهلەوی، وەک بەشێک لە سیاسەتی وەک یەک کردنی کەلتووری و ناسنامەیی و سەرەنجام تواندنەوەی کورد لە ناسنامەی نەتەوەی سەردەستی فارسدا، کتێبی «کُرد و پیوستگی نژادی و تاریخی او» ی نووسیبوو.
لە کاتێکدا کرماشان شاری شیرینی کورد، کرا بووە مەکۆی تێکۆشانی دار و دەستە و ڕەوتە پانئێرانیستەکان، پەرتەو بە دوای«شامیی»دا ئەرکێ گەلێ قورسی خستبووە سەر شان خۆی. هەم دەبوو لە حاست سیستەمی راگەیاندن و پەروردە و داپڵۆسینی دەوڵەتی داگیرکەر رابوەستێ و هەم لە گەڵ شێواوی و شلوێی ناسنامەیی خەڵکەکەی بەربەرەکانێ بکات.«پشتم لە بارێ دەرد و خەم شکیا، نییەزانم چوو بکەم؛ دەردم یەسە لە ماڵی خوەم بێ خانومانم ئەرمەنی».
کۆڵنەدان و تێکۆشانی کەلتووری و ئەدەبی پەرتەوی نەمر لە ژیاندا لە گەڵ خوێن و عارەقەی پێشمەرگەکانی سپای میللیی کوردستان و پارتی ئازادیی کوردستان ، بۆ گەڕاندنەوەی ناسنامەی دزراوی کرماشان و ناوچەکانی باشووری ڕۆژهەڵات بە گشتیی و شاربەدەر کردنی ناسنامەی ساختەی ئێرانیی، تێکەڵ و ئاوێتەی یەکتر بوو بوون. ئێستاش رۆحی نەمری، دەگاتەوە ڕۆحی ئەو سەردارانەی لە گۆڕەپانەکانی نەبەرد و بەربەرەکانێ لە گەڵ داگیرکەرانی ئەم ئاو و خاکەدا، سەریان دانا بەڵام ملیان بە دەوڵەتی داگیرکەر نەدا. پەیڤەکانیشی بە هەمیشە وەک بەیداخی ناسنامەی کوردی و کوردستانی کرماشان دەشەکێنەوە. سەرەخۆشی بێ لە گشت کوردستان و لە ماڵباتی پەرەتەو و خێڵی عاشقانی ئەدەب و وێژەی کوردیی.

سڵاو لە ناو و یاد و پەیڤەکانی پەرتەوی کرماشانی

حسەین یەزدانپەنا

6ی ڕێبەندانی 2721ک
26ی ژانویەی2022ز

Share Button

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *