پرسەنامەی پارتی ئازادیی کوردستانPAK بە بۆنەی کۆچی دوایی سەرۆک مامجەلال تاڵەبانی

بەڕێزان: بنەماڵەی سەرۆک تاڵەبانی!
بەرێز: مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان!
ئەندامان و لایەنگرانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان!
لەو کاتەدا کە کوردستانی خۆشەویستمان بەرەو قۆناغێکی گرینگ و چارەنووسساز لە رێدایە و گەلێک ئەگەر و هات و نەهاتی لە سەر رێیە؛ لە دەمێکدا کە نەتەوە و نیشمان زیاتر لە هەموو کاتێکی دیکە ئاتاجی سەرکردە و پێشسواری زانا و بە ئەزموون و خاوەن پێگەیە، مەرگی مامجەلال ، پێشمەرگەی بن تاشەبەردەکان، سەرکردەی قۆناغە سەختەکان، پیاوی بڕیارە گەورەکان و عەقڵ و کلیلی قەیرانە قووڵەکان؛ زەبر و خەسارێکی قورسی سیاسی و دەروونییە لە کوردستان و کوردایەتی.
بە بۆنەی ئەم خەسارەتە نەتەوەیی و نیشتمانییەوە، کۆمیتەی ناوەندیی پارتی ئازادیی کوردستان، پرسە و سەرەخۆشی پێشکەشی بەرێزتان دەکا و لەم کەسەر و کۆستە دڵتەزێنە و هەڵگرتنی باری خەم و پەژارەیدا، لە تەنیشت ئێوەین و هابەشییتان لە گەڵ دەکەین.
ئاواتەخوازین هەر وەک چۆن لە ژیاندا، هەوێنی تەباییی ماڵباتی گەورەی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و یەکڕیزی نێوان هێزە سیاسییەکان بوو، مەرگی مام ، هەر بەو تەرزە، دەرفەتێک بێ بۆ دەمەزەرد کردنەوەی ” یەکێتی ناو یەکێتی” و تەبایی نەتەوەیی و نیشتمانیی و بەپەرچدانەوەی هەڕەشەکان و خێرا کردنی هەنگاوەکان بۆ وەدیهێنانی ئەو ئاوات وهیوایەی خەڵکی باشووری کوردستان لە 25ی ئەیلوول دا لە رێفراندۆمە مێژووییەکەدا، بڕیاریان لە سەردا.
بەهەشتی هەرمان بۆ مامجەلالی هەمووان و ئۆقرە و سەبوورییش بۆ هەموو لایەکمان.
 
پارتی ئازادیی کوردستانPAK
کۆمیتەی ناوەندی
12 ی رەزبەری 2717
4ی ئۆکتوبری 2017

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *