په‌رلەمانی بەریتانیا سبەی گفتوگۆ لەسەر جینۆسایدی کورد دەکات

سبەی لە هۆڵی سەرەکیی پەرلەمانی بەریتانیا گفتوگۆ لەسەر بابەتی جینۆسایدی کورد دەکرێت بۆ ئەوەی پرسی بە کۆمەڵ کوشتنی ئەو گەلە بە فەرمی بناسێنرێت.

 

دانیشتنەکەی پەرلەمان دوا بە دوای ئەو سەرکەوتنە مەزنە دێت کە هەڵمەتی کۆکردنەوەی واژووی ئەلەکترۆنی بە خۆیەوەی بینی کە ٢٧.٦٠٠ کەس لە هاوڵاتیانی بەریتانیا دەنگیان بۆی دا و تێیدا داوای وەدەستهێنانی دادپەروەریان کرد بۆ قوربانیانی ئەو تاوانانە.

ئەو هەڵمەتە مانگی ئاداری ساڵی رابردوو لەلایەن پەرلەمانتاری بە رەچەڵەک کورد نازم زەهاوی راگەیەندرا وەک هەوڵێک بۆ داواکردن لە حکومەتی بەریتانیا بۆ ئەوەی پرسی بەکۆمەڵ کوشتنی گەلی کورد تاوتوێ بکات و راستی ئەو تاوانانەی کە دەرهەق بە گەلی کورد کراون بە فەرمی بناسێنێت.

 

دانیشتنەکە لە هۆڵی سەرەکیی پەرلەمان لە کاتژمێر دوو و نیوی دوای نیوەڕۆ بەڕێوەدەچێت. سەرکەوتنی دانیشتنەکە و گفتوگۆکان دەبێتە مایەی بە فەرمی ناساندنی جینۆسایدی کورد.

 

لەماوەی یەکساڵەی تەمەنی ئەو هەڵمەتە رەوەندی کورد لە بەریتانیا، نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پەرلەمانتارانی بەریتانیا لە سەرجەم پارتە سیاسیەکان پشتگیریان لێکرد، بە تایبەت ئەندامانی گرووپی کوردستان لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە، لە نێویشیاندا پەرلەمانتاران رۆبەڕت هاڵفن و مێگ مون کە لەم دواییانەدا توانیان سەرکەوتوانە رەزامەندیی لیژنەی کاری پەرلەمان کە بەرپرسیاریەتیی بڕیاردان و دابینکردنی دانیشتنی بۆ پرسەکە لە ئەستۆیە وەدەست بێنن بۆ ئەوەی جینۆسایدی کورد بخرێتە ناو ئەجێندای دانیشتنەکانی پەرلەمانی ئەو وڵاتە.

 

پەرلەمانتار رۆبەڕت هاڵفن لە دانیشتنی لیژنەکەدا گوتی ئەگەر جینۆسایدی کورد بەفەرمی لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیەوە نەناسێنرێت، ئەوا بکوژانی گەلی کورد نادرێنە دادگا و بە سزای خۆیان ناگەن. لەلای خۆیەوەش پەرلەمانتار مێگ مۆن ئاماژەی بەوە دا کە گفتوگۆکردن لەسەر جینۆسایدی کورد رەنگدانەوەی خۆی دەبێت لەسەر رووداوەکانی سوریا. پەرلەمانتار فابیان هامیڵتنیش پشتگیریی تەواوی پارتە سیاسیەکانی ناو پەرلەمانی بەریتانیای بۆ ئەو دانیشتنەی پەرلەمان دووپات کردەوە. پەرلەمانتار جەیسن مکاڕتنیش کە ئەفسەرێکی هێزی ئاسمانی بەریتانیا بوو لە زاخۆ لە سەردەمی بەڕێوەبردنی ناوچەی ئارام و پاراستنی گەلی کورد لە لای خۆیەوە گوتی، دەستنیشانکردنی دانیشتنێک بۆ تاوتوێکردنی جینۆسایدی کورد لە پەرلەمانی بەریتانیا باشترین سەرەخۆشیە لە یادی بیست و پێنج ساڵەی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە.

 

لەلای خۆیەوەش خاتوو بەیان سامی عبدالرحمان نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا گوتی: ” جینۆساید کارەساتێک بوو کە خەڵکی کوردی تووشی نەهامەتیەکی بێ‌وێنە کرد. خێزانی کورد بە هۆی ئەو تاوانانەوە لە یەکتر دابڕان. کوڕەکان و باوکەکان بە کۆمەڵ کوژران یان زیندە بەچاڵ کران، ژن و مناڵەکانیشمان بە گازی ژەهراوی بۆمباران کران. ئێمە دەمانەوێت جگە لە خۆمان، دۆستەکانیشمان ئەو نەهامەتیەی کە بەسەر گەلەکەمان هاتوون بناسن بۆ ئەوەی کەس و کاری قوربانیان و ئەوانەی کە له ژیان ماون ئەو لاپەڕە دابخەن، لە هەمان کاتیشدا ببێتە پەیامێک بۆ ئەو رژێمە زۆردارانەی کە بیر لە بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی دەکەنەوە. با بیر لە هەستی کەس و کاری ئەو قوربانیانەمان بکەینەوە کە ئێستا لە بەریتانیا ژیان بەسەردەبەن و خاوەن رەگەزنامەی ئەو وڵاتەن کاتێک لە هۆڵی پەرلەمان دادەنیشن و گوێ لەو دانیشتنەی تایبەت بە جینۆسایدکردنی کەس و کارەکانیان دەگرن.”

 

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا لە رێگای نامەیەکەوە بە لیژنەکەی راگەیاند کە لەم دواییانە هەردوو پەرلەمانی سوێد و نەرویژ گفتوگۆیان لەمەڕ جینۆسایدی کورد کرد. ئەوەشی راگەیاند کە رەوەندی کوردیش لە بەریتانیا پرسیاری ئەوە دەکات ئاخۆ بۆچی پەرلەمانی بەریتانیا هەمان کار ناکات.

 

لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ حکومەتی بەریتانیا لە وەڵامنامەیەکدا بۆ هەڵمەتی کۆکردنەوەی واژۆی ئەلەکترۆنی رایگەیاند کە گەلی کورد لە عێراق زیاترین پشکی نەهامەتی و کارەساتەکانی بەرکەوتووە. بەڵام لە هەمانکاتدا بەیاننامەکەی حکومەتی بەریتانیا ئاماژەی بەوە داوە کە کاری حکومەت نییە بڕیار لەسەر ئەوە بدات ئاخۆ ئەو کارەساتانەی کە گەلی کورد دووچاری بۆتەوە و دەکەونە ژێر بابەتی جینۆساید یان نا، لەبەر ئەوەی ئەو بابەتە پرسێکی یاسایی ئاڵۆزە.

 

دانیشتنی پەرلەمانی بەریتانیا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسی جینۆسایدی کورد لەوانەیە هانی حکومەتی ئەو وڵاتە بدات بۆ ئەوەی هەڵوێستەکەی خۆی لەمەڕ ئەو پرسە بگۆڕێت.

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *