په‌یامی حسین یه‌زدانپه‌نا سه‌رۆكی PAK به‌ بۆنه‌ی ساڵی نوێی زایینی

به‌ ناوی خودای گه‌وره‌ و دلۆڤان

سته‌م و بێدادی ده‌رهه‌ق به‌ نه‌ته‌وه‌ی كورد و ئازار و مه‌ینه‌تییه‌كانی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه‌ له‌ ساڵی رابردوودا هه‌روا درێژه‌یان هه‌بوو. له‌ ساڵی دوو هه‌زار و هه‌ژده‌شدا كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تیی ویژدان و ئیراده‌ و بوێریی كۆتایهێنان به‌و دۆخه‌ی نه‌بوو كه‌ ئه‌م نه‌ته‌وه‌ دێرینه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌ ده‌ست تاران و ئه‌نكارا و دمشق و به‌غداوه‌، ده‌یكێشێ؛ بگره‌ به‌ نیگه‌رانی و دڵه‌ڕاوكێ بۆ چاره‌نووسیی رۆژاوای نیشتمان، پێ ده‌نێته‌ ساڵی تازه‌وه‌.

به‌ رووكاری ناوخۆییدا به‌ داخه‌وه‌ نه‌ ده‌رفه‌ته‌كان و نه‌ هه‌ڕه‌شه‌كانی ئه‌م قۆناغه‌ش له‌ ساڵی رابردوودا، نه‌بوونه‌ فاكته‌ر و پاڵنه‌رێك بۆ ئه‌وه‌ی حیزبه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان‌ تێكڕا بكه‌ونه‌‌ سه‌ر شاڕێی رزگاریی یه‌كجاریی كه‌ ئه‌ویش رێگای رێفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی و به‌ده‌وڵه‌تكردنی كوردستانه‌، تا له‌و ڕێگایه‌وه‌ پارسه‌نگی هێز به‌ قازانجی كورد بگۆڕن و یه‌كگرتووانه‌ هه‌ڕه‌شه‌كان دوور بخه‌نه‌وه‌ و ده‌رفه‌ته‌كان به‌كار بێنن. به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، به‌شێكی یه‌كجار زۆر له‌ هێز و وزه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیی كورد، له‌ كوێره‌ ڕێگاكانی فیدرالیزم و خۆسه‌ری و دێموكراتیزه‌ كردنی ده‌وڵه‌تی داگیركه‌ر و ململانێی له‌ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌ حیزبی و تایبه‌تییه‌كاندا، به‌ هه‌ده‌ر چوون.
به‌ هه‌موو ئه‌و راستیه‌ تاڵ و تفتانه‌وه‌، ئه‌وه‌ی هیوابه‌خشه‌‌، له‌لایه‌ك ئه‌و ده‌وره‌یه‌ كه‌ پێشمه‌رگه‌ی كوردستان بۆ پاراستنی ناسنامه‌ و خاك و خه‌ڵكی نیشتمان ده‌یگێڕێ و له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌، ئه‌و وه‌خه‌به‌ر هاتنه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگایه‌ كه‌ رۆژ به‌رۆژ زیاتر رێگای سه‌ربه‌خۆیی و به‌ده‌وڵه‌تبوونی كوردستان، پڕ رێبوار ده‌كه‌ن.
به‌و ئاواته‌وه‌ كه‌ فاكته‌ره‌ ده‌ره‌كی و ناوخۆییه‌كان له‌ ٢٠١٩دا، به‌ قازانجی دۆزی كورد بشكێته‌وه‌؛ پیرۆزباییه‌كی گه‌رم پێشكه‌شی ‌ مه‌سیحییه‌ كوردستانییه‌كان و نه‌ته‌وه‌ و ده‌وڵه‌تانی دۆستی كورد ده‌كه‌م.

حسین یه‌زدانپه‌نا
10ی بەفرانباری 2718
31ی دیسامبری 2018

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *