په‌یامی رێکخراوی ئازادیی ژنانی کوردستان-نینا به‌ بۆنه‌ی 23هه‌مین ساڵوه‌گه‌ڕی دامه‌زرانی PAK

له‌ 23هه‌مین ساڵوه‌گه‌ڕی دامه‌زرانی پارتی ئازادیی کوردستان، به‌ناوی سکرتێر و سه‌رجه‌م ژنانی ریزه‌کانی رێکخراوی ئازادیی ژنانی کوردستان-نینا، پیرۆزباییه‌کی گه‌رم له‌ سه‌رۆکایه‌تی و سه‌رجه‌م کادر و ئه‌ندامان و پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌کانی پارتی ئازادیی کوردستان ده‌که‌ین.

دامه‌زراندنی پارتی ئازادیی کوردستان له‌ هه‌لومه‌رجێکدا که‌ گوتاری ئێرانچێتی و درووشمی خودموختاری و سیاسه‌تی ئێران مێحوه‌ری باڵی به‌سه‌ر ئه‌ده‌بیات و خه‌باتی سیاسی و رێکخراوه‌یی رۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا کێشابوو، داهێنان و رچه‌شکێنییه‌کی بوێرانه‌ و به‌جێ و پڕکردنه‌وه‌ی بۆشاییه‌کی سیاسی بوو له‌و به‌شه‌ له‌ نیشتمان. پارتی ئازادیی کوردستان جگه‌ له‌وه‌ی ئاڵای خه‌باتی سه‌ربه‌خۆییخوازیی و به‌ده‌وڵه‌تبوونی کوردی به‌رز کرده‌وه‌ و ئه‌ده‌بیات و بیری نه‌ته‌وه‌یی جارێکی دیکه‌ له‌ ریزی رۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌مان بووژانده‌وه‌، سه‌رله‌به‌ری ساڵانی خه‌بات و تێکۆشانی سیاسی و رێکخراوه‌یی پڕ بووه‌ له‌ داهێنان و رچه‌شکێنی.
دامه‌زران و له‌دایکبوونی پارتی ئازادیی کوردستان وه‌چه‌رخان و نوقته‌ گۆرانێکی بێوێنه‌ بوو له‌ گوڕه‌پانی بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان، وه‌چه‌رخانێک که‌ گه‌ڵێ ده‌سکه‌وتی بۆ نه‌ته‌وه‌که‌مان به‌ دوای خۆیدا هێنا. PAK جگه‌ له‌وه‌ی جارێکی دیکه‌ گیانی به‌ به‌ر رمز و سیمبول و هێما نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی کورد دا کرده‌وه‌، ئاسه‌واری هه‌موو ئه‌و حه‌ولانه‌ی ئه‌ساله‌تی راسته‌قینه‌ی کورد و ئامانجی خه‌باته‌که‌ی به‌ ده‌یان ساڵ به‌لارێدا ده‌برد ئاشکرا کرد و کاریگه‌رییه‌کانی که‌م کرده‌وه‌.
ئێستا پاش 23 ساڵ خه‌بات له‌ پێناو سه‌ربه‌خۆیی و به‌ده‌وڵه‌تبوونی کورد، په‌یام و رێبازه‌که‌ی رێبه‌ر و سه‌رکرده‌ی نه‌ته‌وه‌یی کورد، کاک سه‌عید یه‌زدانپه‌نا و رێبواران و درێژه‌ده‌رانی رێبازه‌که‌ی، بووه‌ته‌ په‌یام و رێبازی هه‌موو کوردستانییه‌ک و رۆژ له‌ دوای رۆژ زیاتر په‌ره‌ ده‌گرێ و گه‌شه‌ ده‌کا. 
رێکخراوی ئازادیی ژنانی کوردستان- نینا خۆی به‌ پشتیوان و هاوخه‌باتی هه‌موو خه‌باتگێرانی ریزه‌کانی پارتی ئازادیی کوردستان ده‌زانێ له‌ پێناو ئه‌و ستراتیژییه‌ی په‌یامی ده‌وڵه‌ت و سه‌ربه‌خۆیی بۆ کورد و کوردستان هه‌ڵگرتووه‌.
له‌م بۆنه‌یه‌دا‌ هه‌زاران سڵاو پێشکه‌شی گیانی پاکی رێبه‌ر و دامه‌زرێنه‌ری پارتی ئازادیی کوردستان کاک سه‌عید یه‌زدانپه‌نا و سه‌رجه‌م شه‌هیدانی PAK و بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی کوردستان ده‌که‌ین.
رێکخراوی ئازادیی ژنانی کوردستان-نینا
30 
گوڵانی 2714
20 
مای 2014 ‌ ‌ 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *