په‌یامی سه‌ره‌خۆشیی سه‌رۆكی PAK به‌ بۆنه‌ی كۆچی دوایی جه‌نابی میرته‌حسین به‌گ، میری ئێزیدییه‌كانی كوردستان و جیهان،

به‌ناوی خوای مه‌زن و دلۆڤان
كۆچی دوایی جه‌نابی میرته‌حسین به‌گ، میری ئێزیدییه‌كانی كوردستان و جیهان، كه‌ زیاتر له‌ 70 ساڵ بوو، میرایه‌تی كۆمه‌ڵگای ئێزیدیی ده‌كرد، خه‌سارێكی گه‌وره‌یه‌ بۆ كۆمه‌ڵگای ئێزیدیی. هاوكات زیانێكی كۆمه‌ڵایه‌تیی گرانه‌‌ بۆ كورده‌واریی.
میری نه‌مر، بێجگه‌له‌ میرایه‌تی كۆمه‌ڵگای ئێزیدیی، سه‌رده‌مانێكی ژیانی تێكه‌ڵه‌ به‌ خه‌باتی كوردایه‌تی و ره‌نجی ئاواره‌یی و ئازاره‌كانی.

میر ته‌حسین به‌گ، دوا ساڵه‌كانی ژیانی، سه‌رباری نه‌خۆشیی و ده‌رده‌داریی خۆی، خه‌م و كه‌سه‌ری داگیركرانی شنگال و ژێنۆسایدی خوشك و برا ئێزیدییه‌كانی، له‌ سه‌ر رۆح و دڵ نیشت. له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌ كوردستان و هه‌نده‌ران، عه‌وداڵی كه‌م كردنه‌وه‌ی باری گرانی فه‌رمانی غه‌در و تاوانی داعش له‌ سه‌ر خه‌ڵكه‌كه‌ی بوو.
به‌مبۆنه‌یه‌وه‌، سه‌ره‌خۆشیی پێشكه‌شی بنه‌ماڵه‌ی به‌ڕێزی میر و جڤاتی رۆحانی ئێزیدیی و سه‌رجه‌م چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگای ئێزیدیی ده‌كه‌ین. هیوادارین میراتگرانی میر ته‌حسین به‌گ، درێژه‌ده‌ری ئه‌و رێگا و ده‌وره‌ بن كه‌ میری كۆچكردوو تا دوا ساته‌كانی ته‌مه‌نی، له‌ رێبه‌رایه‌تی كردنی ئێزیدییه‌كان و پاراستنی پێوه‌ندیی و یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی نێوان هه‌موو پێكهاته‌كانی نه‌ته‌وه‌ی گه‌وره‌ی كورد، ده‌یگێڕا.
به‌هه‌شتی به‌رین بۆ كۆچكردوو و سه‌بر و ئۆقره‌ بۆ مێراتگرانی، له‌ خوای گه‌وره‌ داواكارین.

حسین یه‌زدانپه‌نا
8ی رێبه‌ندانی 2718
28ی ژانویه‌ی 2019

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *