په‌یامی سه‌رۆكی PAK به بۆنه‌ی رۆژی جیهانیی ژنه‌وه‌

پیرۆزبایی له‌ ژنانی نیشتمان

به‌ ناوی خوای گه‌وره‌و دلۆڤان
ژنی كورد له‌ كۆندا ده‌ورێكی دیاری له‌ خێزان و كۆمه‌ڵگادا گیڕاوه‌.هاوكات له‌ پێگه‌ی دایكایه‌تی و په‌روه‌رده‌ی منداڵدا، رۆڵی گرینگی له‌ پاراستنی زمان و ناسنامه‌‌ و به‌ها نه‌ته‌وه‌ییه‌كان و خه‌مڵین و گه‌شه‌ی ناسیۆنالیزمی كورد و به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ی فارسیفیكاسیۆن و ئاسمیلاسیۆن دا هه‌بووه‌.كورده‌واری هه‌رگیز كۆمه‌ڵگایه‌كی دژه‌ ژن نه‌بووه‌ و له‌ چاو كۆمه‌ڵگاكانی ده‌ور و پشتی، به‌ راده‌یه‌كی زۆر رێز و مافی ژنی تێدا بووه‌.

40ساڵه‌ تاران له‌ پاڵ، له‌شكركێشی و كوشتار و تاڵانی رۆژهه‌ڵات، ژن و پێگه‌ و رۆڵی ژنی كوردی له‌ ره‌هه‌ندی جۆراوجۆره‌وه‌ به‌ ئامراز و كه‌ره‌سته‌ی جۆراوجۆر كردوه‌ته‌ ئامانجی لێدان و وهه‌ڵته‌كاندن؛ تا له‌و رێگایه‌وه‌ شكۆ و كه‌سایه‌تی ژنی كورد بشكێت و شیرازه‌ی خێزان بترازێ و دواتر‌ كۆمه‌ڵگای كوردی و بزووتنه‌وه‌ رزگاریخوازییه‌كه‌ی له‌ گه‌ڵ قه‌یران و له‌مپه‌ڕی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ره‌وڕوو بكا. بۆیه‌ به‌شێكی زۆر له‌و كێشه‌ و دیاردانه‌ی به‌رۆكی ژن و كۆمه‌ڵگای رۆژهه‌ڵاتی كوردستانی گرتووه‌، ئاكامی پیلان و سیاسه‌ت و یاسا داسه‌پاوه‌كانی ده‌وڵه‌تی داگیركه‌ری ئێرانه‌ به‌ سه‌ر خه‌ڵك و خاكه‌كه‌ماندا. له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌، لاف و دروشمی بریقه‌دار و كرداری پێچه‌وانه‌ی هێندێك تاقم و گرووپی سیاسیی له‌ مه‌ڕ ژن،بایی خۆیان بۆ رۆڵ و پێگه‌ی ژن زیانبه‌خش بووه‌.
ژنی رۆژهه‌ڵات ده‌توانێ به‌ خۆ رێكخستن و خۆ به‌هێز كردن و پاڵپشتیی پیاوانی دڵسۆز و مرۆڤسالار و به‌ هه‌ڵگرتنی گوتاری نه‌ته‌وه‌یی و مرۆڤسالاریی ، فاكته‌رێكی كارا بێ بۆ پاك كردنه‌وه‌ی تاك و خێزان و كۆمه‌ڵگای كوردستان له‌و قه‌یران و پۆخڵه‌واتانه‌ی تاران چاندوونی.
به‌و‌ ئاواته‌وه‌،8ی مارس، رۆژی جیهانیی ژن له‌ ژنانی نیشتمانی داگیركراومان، له‌ دایكان و هاوسه‌ران و كچان و خوشكانی شه‌هیدانی رێگای رزگاریی كوردستان و هه‌روه‌ها ته‌واره‌كانی ئازادیی كوردستانTAK، پیرۆز ده‌كه‌م.
حسین یه‌زدانپه‌نا
17 ڕه‌شه‌مه‌ی 2718
8ی مارسی 2019

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *