(پێویسته‌ سه‌رجه‌م شار و شارۆچكه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی نیشتمان خۆیان به‌ خاوه‌نی خه‌م و ماته‌می مه‌رگی ناخ هه‌ژێنی خوشك و برا سنه‌ییه‌كانیان بزانن)

په‌یامی سه‌رۆكی PAK
به‌ بۆنه‌ی كاره‌ساتی سووتانی 30 هاووڵاتیی له‌ سنه‌

به‌ ناوی خوای مه‌زن و دلۆڤان

به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ له‌ ئاكامی خۆ پێدادانی تانكه‌رێكی نه‌وتكێشی هه‌ڵگری نه‌وتی قاچاخ به‌ ئوتووبووسێكی پڕ سه‌رنشین له‌ تێرمینالی سنه‌، نزیكه‌ی 30 رۆڵه‌ی كورد، له‌ ئاگردا سووتان و بوونه‌ خه‌ڵووز.

خه‌ڵكی كوردستان‌ قوربانیی بێبڕانه‌وه‌ی سیاسه‌ت و رێكار و ره‌فتاری داگیركه‌رانه‌ی تارانن و هه‌ر جاره‌ی به‌ رووداوێك، یه‌ك یه‌ك، یان یه‌كجێ به‌‌ كۆمه‌ڵ قڕ ده‌كرێن و له‌ ناو ده‌چن. كوشتنی بێ كۆتایی كۆڵبه‌ران، قوربانییه‌كانی مین، وه‌رگه‌ڕان و پێكدادانی به‌رده‌وامی ئۆتۆمبێله‌كان له‌ رێگاو بانه‌ خراپ و ناله‌باره‌كان، وه‌رگه‌ڕان و پێكدادانی ده‌یان جاره‌ی تانكه‌ره‌ نه‌وتكێشه‌كانی هه‌ڵگری نه‌وتی قاچاخ له‌ رێگاوبانه‌كانی كوردستان، كیمیایی كرانی ئاوی رووبار و به‌نداوه‌كان، گیرۆده‌ كردنی به‌ پلان و سیسته‌ماتیكی لاوانی كورد به‌ ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان و ئێعدامی رۆڵه‌كانی كوردستان به‌ تاوانی ئازادیخوازیی و به‌ بیانوو و تۆمه‌تی هه‌ڵبه‌ستراو، بوونه‌ته‌ دیارده‌گه‌لی به‌رده‌وام له‌ كوردستانی داگیركراو.
رووداوی دڵته‌زێنی به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ و ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر خه‌ڵكی كوردستان دێ، نه‌ به‌هه‌ڵكه‌وته‌ و نه‌ رووداوگه‌لی دبڕاو له‌ یه‌كترن. كۆی ئه‌م رووداوانه و كاره‌ساتی له‌م چه‌شنه‌، به‌رهه‌م و ئاكامی حاكمیه‌تی داگیركه‌رانه‌ی ده‌وڵه‌تی ئێران له‌ سه‌ر نه‌ته‌وه‌ و نیشتمانه‌ داگیركراوه‌كه‌مانه‌ و هه‌تا، كوردستان و كورد له‌ بنده‌ستی تاران و بێ ده‌وڵه‌ت و سه‌روه‌ریی بمێننه‌وه‌، كوشتاری به‌ تاك و كۆی خه‌ڵكی وڵاته‌كه‌مان به‌رده‌وام ده‌بێ و كاره‌سات و موسیبه‌ته‌ سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تی و سرووشتییه‌كان كۆتاییان نایێ.
بۆیه‌ له‌ ئاستی گه‌وره‌ و یه‌كجارییدا ته‌نیا به‌ راماڵینی دوا سه‌ربازی داگیركه‌ر له‌ سه‌ر خاكی نیشتمان و به‌ده‌سته‌وه‌ گرتنی سه‌روه‌ریی و ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی، كۆتایی به‌ كوشتار و مه‌ینه‌تییه‌كانی رۆڵه‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان دێ. هاوكات به‌ هه‌ستان و ده‌نگهه‌ڵبڕینی یه‌كگرتووانه‌ دژ به‌ هه‌ر تاوانێك كه‌ هێزه‌كان و دام و ده‌زگاكانی ده‌وڵه‌تی داگیركه‌ر له‌ كوردستان ده‌یخوڵقێنن، یان هه‌ر كاره‌سات و رووداوێك كه‌ به‌رهه‌م و ئاكامی سیاسه‌ت و ره‌فتاری ده‌وڵه‌تی داگیركه‌ره‌؛ ده‌كرێ سنوورێك بۆ ئه‌و سیاسه‌ت و ره‌فتارانه‌ دابنرێت و له‌ مه‌ینه‌ت و قوربانییه‌كان كه‌م بكرێنه‌وه‌.
ئه‌و كاره‌ساته‌ی له‌ شاری سنه‌ خوڵقاوه‌، موسیبه‌تێكه‌ بۆ گشت رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و بگره‌ سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌ی كورد. بۆیه‌ پێویسته‌ سه‌رجه‌م شار و شارۆچكه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی نیشتمان خۆیان به‌ خاوه‌نی خه‌م و ماته‌می مه‌رگی ناخ هه‌ژێنی خوشك و برا سنه‌ییه‌كانیان بزانن و به‌ گێڕانی سێ رۆژ ماته‌می گشتی و دانانی پرسه‌ و به‌هاناوه‌ چوونی كه‌س وكاری قوربانییه‌كان و به‌شداری له‌ رێوڕه‌سمه‌كانیان، روومای یه‌كبوونی نه‌ته‌وه‌یی كورد و بێزاریی و ره‌تكردنه‌وه‌ی حاكمییه‌تی تاران له‌ سه‌ر كوردستان، پیشان بده‌ن.
ئێمه‌ به‌ قووڵی له‌ ئازار و ژانی برینێ كه‌ ئه‌و كاره‌ساته‌ له‌ سه‌ر دڵ و ده‌روونی بنه‌ماڵه‌ داغداره‌كانی قوربانییه‌كان دایناوه‌ تێده‌گه‌ین؛ له‌گه‌ڵیانین و هاوبه‌شی خه‌م و كۆستیانین.
به‌هه‌شتی به‌رین بۆ قوربانییه‌كان و سه‌بر و دان به‌خۆدا گرتن بۆ كه‌سوكاره‌كانیان ئاواته‌خوازین.

حسین یه‌زدانپه‌نا

20ی پووشپه‌ڕی 2718
11 ژوولای 2018

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دەتوانی ئەو تاگ و خەسڵەتانە HTML بەکاربێنیت: <a href="" title=""> <abbr title=""> <acronym title=""> <b> <blockquote cite=""> <cite> <code> <del datetime=""> <em> <i> <q cite=""> <strike> <strong>