پەیامی رێکخراوی ئازادیی ژنانی کوردستان- نینا بە بۆنەی ٨ی مارس

ژنانی ئازادیخوازی نەتەوەکەمان!
تێکۆشەرانی یەکسانیخوازیی!
رۆژی جیهانیی ژن لە کاتێکدا دەگەڕێتەوە کە نەتەوەکەمان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە بە قۆناغێکی زۆر هەستیاردا تێدەپەڕێ و زیاتر لە هەموو کاتێکی دیکە پێویستی بە یەکڕیزی و یەکدەنگی و پتەوکردنی ریزەکانی نێوان ژن و پیاو و سەرجەم چین و تویژەکانی کۆمەڵگای کوردستانە.
ئێمە لە دۆخێکدا یادی رۆژی جیهانی ژن دەکەینەوە کە سیستەمی سیاسیی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان هەروا گەورەترین لەمپەڕی سەر رێێ وەدییهاتنی ماف و ئازادییەکانمانە. ئەو دەوڵەتانە بە زەوتکردنی مافی دیاریی کردنی چارەنووسیی نەتەوەکەمان، گەورەترین ماف و ئازادیی نەتەوەیەک و تاکەکانی لە هەر دوو رەگەزی ژن و پیاویان زەوت کردوە و رێیان لە پێشکەوتن و پەرەسەندی کۆمەڵایەتی ومرۆڤیی کۆمەڵگای کوردستان گرتووە.

بێجگە لەو هەموو نەهامەتییانەی کە راستەوخۆ لە سۆنگەی داگیر کراوی کوردستان و بندەستیی داگیرکەرانەوە، تووشی ژنی کورد بوون، پێکهێنانی دەوڵەتی ئیسلامی( داعش)، وەک بەرهەمی هاوبەشی سیاسەتی ئەو دەوڵەتانەی کوردستانیان داگیرکردوە، لە دوو ساڵی رابردوودا، ژنی کوردی تووشی وەها تراژیدیاییەک کرد، کە وەک پەڵەیەکی دیکە بە نێوچاوانی کۆمەڵگای جیهانییدا دەمێنێتەوە.
بەڵام ئەوە تەنیا دیوێکی دۆخی ژنی کوردە. دیوی دیکەی هەلومەرجی ژنی کورد، بریتی بووە لەو کۆڵنەدان و بەرەنگارییەی کە لە دەیان خانەی جۆراوجۆردا لە حاست داگیرکەران و سیاسەتەکانیاندا دەینوێنن کە بە بێ ئەوە بزووتنەوەیەک بە ناوی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی کورد بوونی نەدەبوو. هەروەها لە دوو ساڵی رابردوودا و لە ” شاجەنگی کوردان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست”دا ، ژنی کورد، لە تەنیشت کارەساتەکاندا، روو سوور و سەر بڵیندە بەو دەورەی لە دیفاع لە نیشتمان و بەرپەرچدانەوەی هێرشبەراندا هەیەتی. ئێمە سەربەرزین بەوەی لەم نەبەردە چارەنووسسازەی نەتەوەکەماندا بەشێک لە ئەندامانی رێکخراوی ئازادیی ژنانی کوردستان شانبەشانی پێشمەرگەکانی پارتی ئازادیی کوردستان بوونەتە هێزی جێ پەنجە دیاریی رۆژهەڵاتی نیشتمان لەو بەرەنگارییە مێژووییەدا.
رێکخراوی ئازادیی ژنانی کوردستان- نینا، بە بۆنەی گەڕانەوەی 8ی مارس رۆژی نێونەتەوەیی ژن، وێرای پیرۆزبایی لە ژنانی کوردستان گشت جیهان سوور بوونی خۆی لە درێژەدان بە خەبات لە پێناو ماف و ئازادییەکانی ژنی کوردو ئازادیی سەربەخۆیی کوردستان رادەگەێنێتەوە.
سەرکەوێ خەباتی کورد لە پێناو سەربەخۆیی و بەدەوڵەتبوونی کوردستان
شەکاوە بێ ئاڵای یەکسانیخوازی و مرۆڤسالاری لە کوردستان
رێکخراوی ئازادیی ژنانی کوردستان- نینا
8 مارسی 2016

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دەتوانی ئەو تاگ و خەسڵەتانە HTML بەکاربێنیت: <a href="" title=""> <abbr title=""> <acronym title=""> <b> <blockquote cite=""> <cite> <code> <del datetime=""> <em> <i> <q cite=""> <strike> <strong>