پەیامی سەرۆکی PAK بە بۆنەی جەژنی رەمەزانەوە

به‌ ناوی خوای مه‌زن و دلۆڤان

پیرۆزبایی جه‌ژنی ره‌مه‌زان، پێشكه‌شی رۆڵه‌كانی نه‌ته‌وه‌ی گه‌وره‌ی كورد له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌كه‌م. هه‌روه‌ها، هاوخه‌میی له‌ گه‌ڵ هه‌ر كه‌س و خێزانێكی وڵات و نه‌ته‌وه‌كه‌م ده‌رده‌بڕم كه‌ له‌م جه‌ژنه‌دا، جێی ئازیزێكی به‌ هۆی دا بڕان یان كۆستی مه‌رگه‌وه‌، به‌تاڵه‌.

وه‌ك رێبه‌ری گه‌وره‌مان، حه‌زره‌تی شێخ عوبه‌یدوڵای نه‌هری، له‌ كاتی راپه‌ڕینه مێژووییه‌كه‌یدا، داگیركه‌رانی كوردستانی به‌ بێدین و خوانه‌ناسانێك پێناسه‌ كرد كه‌ نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌ بنده‌ستی ئه‌واندا، له‌ ته‌نگانه‌ و ناخۆشییدایه‌؛ مخابن ئازار و مه‌ینه‌تی رۆڵه‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان له‌ بنده‌ستیی ئه‌و داگیركه‌رانه‌دا، رێگا نادا، جه‌ژنه‌كانیشمان به‌ بێ داخ و كه‌سه‌ر تێپه‌ڕ بن. له‌م جه‌ژنه‌دا كه‌ ده‌بوو، هه‌موو ماڵباتێك ته‌ژیی له‌ شادی بێ و خوان و سفره‌ی گشت ماڵێك پڕ له‌ نێعمه‌ته‌ خواداییه‌كان بێ؛ كه‌چی به‌ هۆی حوكم و حاكمییه‌تی داگیركه‌رانه‌وه‌، هه‌زاران بنه‌ماڵه‌ی كورد، له‌ به‌ر شه‌هید كران یان زیندانی كرانی رۆڵه‌كانیان، به‌ هۆی په‌لاماردرانی گوند یان سووتاندنی ده‌غڵ و دانیان، به‌ هۆی زه‌وتكرانی موڵك و ماڵ یان له‌‌ به‌ر ئاواره‌یی و هه‌ڵكه‌ندنیان له‌ سه‌ر خاكی باووباپیرانیان، یان به‌ هۆی ده‌سكورتی و نه‌بوونیی نانی جه‌ژن، به‌ ناخی پڕ كه‌سه‌ره‌وه‌، جه‌ژن به‌ڕێ ده‌كه‌ن.
ئاواته‌خوازم په‌یام وجه‌ژنی ره‌مه‌زان هانده‌رمان بێ بۆ خۆراگریی و كۆڵنه‌دان له حاست داگیركه‌ران و گوڕ و تیندان به خه‌باتمان له پێناو كۆتایی هێنان به سه‌روه‌ریی( حاكمیه‌ت) فارس و ترك و عه‌ره‌ب له سه‌ر كوردستان و گه‌یشتن به ئازادیی و سه‌ربه‌خۆیی وبه‌خته‌وه‌ریی..

حسین یه‌زدانپه‌نا

14ی جۆزه‌ردانی 2719ك
4 ی ژووئه‌نی 2019 ز

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *