پەیامی سەرۆکیPAK و فەرماندەی گشتیی هێزەکانی، بە بۆنەی ٢٧هەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی پارتی ئازادیی کوردستان | نوێنەرایەتی ئوروپا پارتی ئازادیی کوردستان
پەیامی سەرۆکیPAK و فەرماندەی گشتیی هێزەکانی، بە بۆنەی ٢٧هەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی پارتی ئازادیی کوردستان

بە ناوی خوای گەورە و دلۆڤان
ئۆگرانی ئازادیی و سەربەخۆیی کوردستان!
فەرماندە و پێشمەرگە و تێکۆشەرانی ریزەکانی پارتی ئازادیی کوردستان!
بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و خەباتگێڕانی پارتی ئازادیی کوردستان!

بیست و حەوت ساڵ لە تەمەنی پڕ سەروەریی و شانازیی پارتی ئازادیی کوردستان تێپەڕ بوو.
بنیات و فەلسەفەی لە دایکبوونی پارتی ئازادیی کوردستان، گەڕاندنەوەی کورد و بزووتنەوە سیاسییەکەی بوو بۆ سەر ناسنامە و گوتار و رێبازی رەسەن و راستەقینەی خۆیان.
بە لەدایکبوون و وەسەرپێکەوتنی پارتی ئازادیی کوردستان، رۆژهەڵاتی نیشتمان بووە خاوەنی دیسکۆرس و ئەدەبیات و ستراتیژ و سیاسەت و پراکتیکێک کە تەنیا لە سەردەمی ژێکاف و دەوڵەتی جمهوری کوردستاندا، بەخۆیەوە دیتووە.

ناسنامە، گوتار، ستراتیژ، ستراکچێر و پڕۆژە و رەفتاری سیاسیی پارتی ئازادیی کوردستان، هەڵقوڵاوی هەلومەرج و دەرد و دەرمانی کوردستان و پرسە سیاسییەکەیەتی.
بۆیە نەخوێنی ئەوانە بەفێڕۆ دەڕوا کە گیانیان لە ریزەکانیدا بەختکردوە و نە رەنجی ئەوانە بەخەسار دەچێ کە لە پێناو ئامانجەکانییدا تێدەکۆشن.
لەم یاد و بۆنە مێژووییەدا، سڵاوی ئەمەگ و وەفا پێشکەشی رێبەری شەهیدمان دامەزرێنەری پارتی ئازادیی کوردستان کاک سەعیدی نەمر دەکەم.
سڵاوی میراتگرانە و خوێن ئەستێنانە دەنێرم بۆ کاروانی شەهیدانی ٢٧ ساڵ خەباتی کۆڵنەدەرانەی پارتی ئازادیی کوردستان؛ ئەوانەی وا لە سەر خاکی رۆژهەڵاتی نیشتمان و لە گەڕیانی شەڕ و تێکهەڵچوون لە گەڵ هێزەداگیرکەرەکانی بەرفەرمانی تاراندا گیانیان بەخت کردوە؛ یان لە زیندانەکانی دوژمنی داگیرکەردا بە سەری بەرزەوە بەرەوە پەتی سێدارە ومەیدانی ئێعدام چوون، یان لێرە و لەوێ بە فەرمانی تاران تێرۆر کران.
سەری رێز دادەنوێنم لە حاست هەڤاڵانی شەهیدمان لە جەنگی تێرۆر و بەرەنگاربوونەوەی دەوڵەتی تێرۆریستیی داعش دا.
سەری رێز لە حاند خوێنی ئەو هەڤاڵانەم دادەنەوێنم کە لە حەماسەی مێژوویی و چارەنووسسازی” پردێ” دا لە بەرەنگاربوونەوەی سوپاکانی تاران و بەغدادا رژان.
هەروەها، زام و برینی سەر و لەشی ئەو فەرماندە و پێشمەرگە قارەمانانەی پارتی ئازادیی کوردستان ماچ دەکەم کە لە هەر سەنگەر و گۆڕەپانێکی ئەو ٢٧ ساڵەدا پێکراون.
دەست و چەکی ئەو فەرماندە و پێشمەرگانە لە بانسەر و لە سەر دڵم دادەنێم کە لە تەمەنی ٢٧ ساڵەی PAK دا لە رۆژهەڵاتی نیشتمان یان لە پارەچەکانی دیکەی، بەرەنگاریی سوپاکانی تاران و داعش و بەغدا بوونەتەوە و نیشتمان ونەتەوەکەیان بە تەنیا جێنەهێشتووە.
سڵاو دەنێرم بۆ تەوارەکانی ئازادیی کوردستانTAK کە مانایان بە ماف وئەرک و رۆڵی ژنی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەخشیوە.
سڵاو دەنێرم بۆ هەڵۆکانی ئازادیی کوردستانHAK کە لە هەناوی رۆژهەڵاتی داگیرکراودا تێدەکۆشن و بەگژ سوپای داگیرکەردا دەچنەوە.
بەگەرمی دەستی ئەو هەڤاڵانە دەگووشم کە لە هەندەران و دەرەوەی وڵات، بوونەتە باڵوێزی خۆبەخشی کوردایەتی و پەیامدەری سەربەخۆیی و بەدەوڵەتبوونی کوردستان.
هەروەها سڵاو و سوپاسی گەرم پێشکەشی هەر رۆڵەیەکی نەتەوەکەمان لە چوارپارچەی نیشتمان دەکەم کە بە هەر شێوەیەک و بەهەر رادەیەک پاڵپشتی و هاوکاری و هاودڵی لە گەڵ پارتی ئازادیی کوردستان کردوە.
سڵاو لە پارتی ئازادیی کوردستان، قوتابخانەی بیر و کرداری نەتەوەیی، دەوڵەتخوازیی، فیداکاری و ئەخلاقمەداری.

حسین یەزدانپەنا
٣٠ گوڵانی ٢٧١٨
٢٠ مایسی ٢٠١٨

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دەتوانی ئەو تاگ و خەسڵەتانە HTML بەکاربێنیت: <a href="" title=""> <abbr title=""> <acronym title=""> <b> <blockquote cite=""> <cite> <code> <del datetime=""> <em> <i> <q cite=""> <strike> <strong>