پەیامی پیرۆزبایی نووسەر و ھونەرمەندی ھێژا مامۆستا سەلاحەدینی وەھابپوور بە بۆنەی ساڵڕۆژی دامەزرانی پارتی ئازادیی کوردستانPAK

31 ساڵ لەمەو پێش، لە 30 ی بانەمەڕێ دا، یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان کە پاشان ناوەکەی بە پارتی ئازادیی کوردستان گۆڕدرا دامەزرا. ئەو ڕێکخراوە لە درێژەی ژیانی سیاسیی خۆی دا گەلێک هەوراز و نشێو و ڕۆژی تاڵ و شیرنی دیتوە و لە هەلومەرجی سەخت و عاستەم و پڕ لە کەند و کۆسپ دا درێژەی بە خەبات و هەڵسووڕان داوە.
لە گەڵ درێژ بوونی ڕێگای خەبات و چەرخ و خولی ڕۆژگار و گۆڕانی بیر و باوەڕی باوی سەردەم، پارتی ئازادیی کوردستان لە سەر کوردستانی بوون و گوتاری سەربەخۆیی خوازی و بەرز کردنەوەی ئاڵای کوردستان سابیت و شێلگیر مایەوە. بە تایبەت لە پاش گۆڕانی ناوەکەی بۆ ” ئازادیی کوردستان”، ئەو ڕێکخراوە بە گوێرەی هەلومەرجەکان هەڵسووڕانی خۆی لە سەر تەوەرەی بیری نەتەوەیی چڕ کردۆتەوە. لە باشوری وڵات وەک لە ڕۆژهەڵات بەشداری چالاکی بوە. گواستنەوەی ناوەندیەتیی هێزی لە زۆنی سەەوزەوە بۆ زەرد لە 90 ەکان لە بەر جەوری ڕۆژگار و لە دواوە ڕا خەنجەر لێدان بوو، نەک سەبارەت بە خۆ نزیککردنەوەی لە لایەنێکی دیاریکراوی سیاسی. لە گەڵ ئەوەش لە باشور بە هەر دوو ئیدارەکەیەوە ئەو ڕێکخراوە لە خوێن بەخشین بۆ مەڕامیی ئازادیی کوردستان ڕانەوەستا. لە شەڕە گەورەکانی دوای 2014ەوە پاک پاڵپشتێکی پاک و بەوەفای تەجرەبە سیاسییەکەی هەرێمی کوردستان بوو و بە بەشداریی قارەمانانە لە مەیدانی شەڕ دا و خوڵقاندنی حەماسەی شەڕی پردێ، بە نموونە، نیشانی دا کە سنوورەکانی سایکس – پیکۆ دەستکردن و ئێشتاش ئەو پلانە نەیتوانیوە کوردی دوو بەری حدوودەکان لێک جیا کاتەوە.
ئەوە فەخرێکی گەورەیە بۆ پیاوان و ژنان و ڕێبەریی ئەو ڕێکخراوە.
بە بۆنەی 30 گوڵانەوە پیرۆزبایی خۆم پێش کێشی پارتی ئازادیی کوردستان دەکەم و داوای سەرکەوتنیان بۆ لە خودای گەورە دەکەم.
صلاح‌الدین وهاب‌پور
14 ی مای 2022ی زایینی
Share Button

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *