ڕاگەیاندراوی نوێنەرایەتی ئورووپای PAK ده‌سدرێژی بۆ سه‌ر ئاڵای كوردستان، مه‌حكووم ده‌كه‌ین

ده‌سدرێژی بۆ سه‌ر ئاڵای كوردستان، مه‌حكووم ده‌كه‌ین
رۆژی رابوردوو چه‌ند كه‌سێك له‌ بڕۆكسل هه‌ڵیانكوتایه‌ سه‌ر بنكه‌ی نوێنه‌رایه‌تی حكوومه‌تی كوردستان و ئاڵای كوردستانیان هێنایه‌ خواره‌وه‌.
كه‌سانێك كه‌ شانازیی به‌ كورد بوونی خۆیانه‌وه‌ بكه‌ن و رێز له‌ نه‌ته‌وه‌كه‌یان و هێما سێمبۆله‌كانی بگرن و ئاوات و هیوای وڵاتێكی سه‌ربه‌خۆ و ئازادیان هه‌بێ، هه‌رگیز، هیچ ناكۆكییه‌ك له‌ گه‌ڵ حیزبێك یان بگره‌ سیسته‌مێكی سیاسیی و حكومڕانانی، ناكێشێته‌ ئه‌وه‌ی ده‌ست بۆ داگرتنی ئاڵای نه‌ته‌وه‌ و نیشتمانه‌كه‌یان كه‌ رووبارێك خوێن له‌ پێناو هه‌ڵكردن و شه‌كانه‌وه‌ی رژاوه‌،

درێژ بكه‌ن.
دوژمنانی سه‌رسه‌ختی شه‌كانه‌وه‌ی ئاڵای كوردستان، هه‌مان داگیركه‌رانی كوردستانن. بۆ ئه‌وان، شه‌كانه‌وه‌ی ئاڵای كوردستان مانای بوونی نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌ كه‌ ئه‌وان یان حاشایان له‌ بوونی كردوه،‌ یان هه‌موو ئامراز و كه‌ره‌سته‌ و رێگایه‌كیان بۆ له‌ ناوبردنی، تاقی كردوه‌ته‌وه‌.
ئه‌وه‌ی له‌ بڕۆكسێل له‌ گه‌ڵ ئاڵای كوردستان كرا، هه‌ر چه‌نده‌ زۆر سووك و نزم بوو، به‌ڵام كرده‌وه‌یه‌ك بوو له‌ خزمه‌ت داگیركه‌رانی كوردستان و خۆشیی خسته‌ دڵ گشت دوژمنانی نه‌ته‌وه‌ی كورده‌وه‌.
بۆیه‌، پارتی ئازادیی كوردستان، ئه‌و ده‌سدرێژییه‌ و هه‌ر جۆره‌ بێڕێزی كردنێك به‌ ئاڵای موقه‌ده‌سی كوردستان، مه‌حكووم ده‌كا. هیوادارین خه‌بات و تێكۆشانی رۆڵه‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان، ئاڵای كوردستان له‌ هه‌موو كوردستانی مه‌زن و له‌ رێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، بێنێته‌ هه‌ڵكردن و شه‌كانه‌وه‌.
هه‌ر شه‌كاوه‌ بێ، ئاڵای موقه‌ده‌سی كوردستان
پارتی ئازادیی كوردستانPAK
نوێنه‌رایه‌تی ئورووپا
10ی رێبه‌ندانی2718 كوردی
30 ژانویه‌ی 2019ی زایینی

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *