ڕاگەیەندراوی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی مەجلیسی گشتیی PAK

رۆژی شەممە 28ی جۆزەردانی 2722ی کوردی، ڕێکەوتی 18ی ژووئەنی2022زاینیی،مەجلیسی گشتیی پارتی ئازادیی کوردستان بە مەبەستی تاوتوێ و هەڵسەنگاندنی بارودۆخی سیاسیی و شەپۆلی خۆپیشاندانەکانی خەڵکی هەرێمە جیاوازەکانی بندەستی ئێران و حەولەکانی ئاڵترناتیڤسازیی دەستە و دایرەکانی ئۆپۆزیسیۆنی فارس و، هەروەها ڕاگەیشتن بە هێندێک بابەتی ڕێکخراوەیی کۆبوویەوە.
لە تەوەری یەکەمی پرۆگرامی کۆبوونەوەکەدا، ئەندامانی مەجلیس هەر کام هەڵسەنگاندن و باری سەرنجی خۆیان پێشکەش کرد.لە کۆتاییدا بەڕێز سەرۆکیPAK کۆبەندێکی باسەکانی لەم خاڵانەدا گەڵاڵە کرد :
1- سیاسەت و هەڵوێستی نەتەوەیی کوردستانی دەبێ لە سەر و لە حاند هەر بابەت و ڕووداو و گۆڕانکارییەک لە سەر بنەمای بەرژەوەندیی نەتەوەیی و ستراتیژی ڕزگاریی خاک و گەیشتن بە سەروەریی و دەوڵەت و سەربەخۆیی کوردستان بێت.
2- دەوڵەتی فارس و سیستەمە سیاسییەکەی بە زەبری هێز و داگیرکاریی و سەرکوت، سەروەریی بە سەر نەتەوە نەفارسەکان و خودی فارسەکاندا بەردەوام کردووە. دەنا وەک چۆن هەر لە سەرەتاوە لای کورد شەرعییەتی نەبوو، لای ئەوانیش لە شەرعییەت کەوتووە و پێگەی کۆمەڵایەتیی ڕۆژبەڕۆژ لە لاواز بوون و هەڵوەریندایە.
هاوکات لە ئاکامی سیاسەت و ڕەفتاری داگیرکەرانە لە گەڵ ئابووری و سامانی سروشتیی نەتەوە بندەستەکان و سیستەمی ناکارا و نەخۆش و گەندەڵی پشت ئەستوور بە ئابووری تەک بەرهەمیی(نەوت) و قاچاخچێتی و ڕانتخۆریی و گەمارۆ و سزا ئابوورییەکان، ژیانی خەڵک بە جۆرێک کەوتووەتە تەنگ و چەڵەمەی تاقەتپڕووکێنەوە کە تەنانەت دابین کردنی نانی وشک بۆ ڕێژەیەکی زۆری دانیشتوان زەحمەت و ئەستەم بووە.
دەوڵەتی فارس و سیستەمەکەی کە مەکۆی بەرهەمهێنانی گەندەڵی، دووڕوویی، ڕیا و درۆ و تەزویرە، بە ڕمێندانی بێ بەهایی و بنکۆڵکردنی دەسمایەی کۆمەڵایەتی وبڵاو کردنەوەی بەرینی مادە هۆشبەرەکان و داو و دەرمانی تێکدەری باری دەروونیی ، ئاسایش و ئۆقرە و سەقامگیریی دەروونی و مادیی لە تاک و خێزان و کۆمەڵ بڕیوە و بووتە سەرچاوە و مەکینەی بەرهەمهێنانی تاوان و جەنایەت.
بەڕووکاری دەرەوەدا،ئەو دەوڵەتەی کە بانگەشەی نە شەرقی- نەغەربی دەکرد، ئێستا بە جۆرێک خۆی ڕادەستی ڕووسییە و چین کردووە، کە سەربەخۆیی بڕیاری دەرەوەی نەماوە. هەر لە بەر ئەوەش لە کەیسی بەرجام دا چەقییوە و بە پێی بەرژەوەندییەکانی ئەو دوو وڵاتە هەڵوێست دەگرێت. هەروەها لە لایەک پێگەی جەماوەریی خۆی لە لوبنان و سووریا و عێراق کە کردبوونیە گۆڕەپانی تڕاتێنی سیاسیی و چەکداریی، دۆڕاندووە و لە لایەکی دیکەوە، هێزەکانی بەرفەرمانی تاران لە سووریا پەیتا پەیتا لە لایان ئەڕتەشی ئیسڕایلەوە بەر هێرش دەکەون. هاوکات تاران دەسەڵاتی بەسەر ئاسمانی خۆیدا نەماوە و ئیسڕایل جەولە و ئۆپەراسیۆنی تێدا دەکات. ئەگەر ئەوانە دیمەنە واقعییەکانی ڕەزاڵەت و زەلیلی ئێرانن بەرانبەر ئیسڕایل، دیمەنی کۆمێدیکی بریتییە لە پەلاماردانی هەولێر بە ڕۆکێتی بالستی و درۆن بە بیانووی هەبوونی پێگە و بنکەی ئیسڕایل !
3- هەستان و خۆپیشاندان و مانگرتنەکانی ماوەی ڕابردووی خەڵک، دژکردەوە و دەنگهەڵبڕینی خۆڕسک و سرووشتیی خەڵکی بێدەرەتانە بە ناسنامەی نەتەوەیی و پاڵنەری گشتی و تایبەتەوە لە حاست ئەو ستەم و زۆرداریی و ملهوڕییەی تاران بەسەریدا سەپاندوون. ئەوەی کە لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانەدا بە زەقی بەرچاو کەوتن ئەوە بوو کە هەر وەک چۆن ستەم و تاوان و تاڵانی تاران لە سەر نەتەوە بندەستەکان زیاتر و بەرچاوترە؛ هەستان و دەنگهەڵبڕینەکانیش مۆرکی نەتەوەیی ناسنامە پەڕاوێز خراوەکانیان پێوە دیارە.خاڵی جێگای سەرنج لە حاند خۆپیشاندانەکان ئەوەیە کە هەم دەسەڵاتی حاکم و هەم ئۆپۆزیسیۆنی ڕەتێنرای فارس و میدیا فارسیی زمانەکان، حاشا و سەرپۆش دەخەنە سەر ئەم ڕاستییە و دۆخی نەتەوە نەفارسەکان و جۆری پێوەندییان لە گەڵ تاران کە پێوەندیی نێوان داگیرکەر و داگیرکراوە.هەروەها بە ئامانج گرتنی تەواییەتی سیستەم و سێمبۆلەکانی لە درووشمی خەڵکی ناڕازییدا و دوور کەوتنەوەیان لە تراویلکەی ڕێفۆرم و بەناو ڕێفۆرمخوازان، لە تایبەتمەندییەکانی ئەم قۆناغەی هەستان و خۆپیشاندانەکانە.
پارتی ئازادیی کوردستان، وێڕای پشتیوانیی لەو هەستان و خۆپیشاندان و مانگرتنانە، خۆڕسک بوون و لێکدابڕاوی و نەبوونی پلان و ستراتیژی دیارییکراو و نەبوونی ناوەندی ڕێکخستن و سەرکردایەتیی کردنیان، بە خاڵی لاوازیان دەزانێیت. بۆیە هاوکاریی نێوان حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی نەتەوە بندەستەکانی ئێران بۆ پڕ کردنەوەی ئەو بۆشاییانە و ڕێگریی لەوەی خەبات و قوربانییدانی نەتەوە بندەستەکان ببێتە سووتەمەیی جێگۆڕکێی دەسەڵات نێوان دەستە و تاقمەکانی نەتەوەی فارس، بە پێویست دەزانێت.
4- مەجلیسی گشتییPAK پاش تاوتوێکردنی دەرخستنی میدیایی ڕەزا پەهلەوی و پەیامەکەی و لێدوانی کاربەدەستانی «شۆرای مودیرییەتی گوزار» و دەنگدانەوە و هەڵوێستی هێندێک لە لایەنە کوردستانییەکان، سێ بڕیارنامەی پەسند کرد کە بریتیین لە: بڕیارنامەیەک سەبارەت بە حەولەکانی پاراستنی دەوڵەت-نەتەوەی فارس و بڕیارنامەیەک سەبارەت بە پێویستیی پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتووی کوردستانی و بڕیارنامەیەک سەبارەت بە پێویستیی تێکۆشانی هاوبەشی نەتەوە بندەستەکانی ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە تەوقی سەروەریی فارس.
کۆبوونەوەی مەجلیسی گشتییPAK لە بڕگەی دووهەمی پرۆگرامیدا، پەرژایە سەر هێندێک گیروگرفت و بابەتی پێوەندیدار بە تێکۆشان لە دەرەوەی وڵات و چەند ڕاسپاردەیەکی پەسند کرد. هەروەها بۆ پێکهێنانی کۆنگرەی دووهەمی پارتی ئازادیی کوردستان، بریاڕی دەستکردن بە ئامادەکارییەکانی دەرکرد.
پارتی ئازادیی کوردستانPAK
مەجلیسی گشتیی
30 جۆزەردانی 2722ک
20 ژووئەنی 2022ز
وەڵامێک بنووسە