ڕاگەیەندراوی پارتی ئازادیی کوردستانPAK، لەمەڕ هێرش و تۆپبارانەکانی دەوڵەتانی ترکیا و ئێران

لەچەند مانگی ڕابردوودا بە بیانوی جۆراو جۆر هەردوو دەوڵەتی دەگیرکەر: ئێران و ترکیا، ناوچە سنوورییەکانی باشوری کوردستانیان تۆپباران کردووە و لە ئاکامدا وێڕای شەهید و بریندار کردنی ژمارەیەک هاوڵاتی سڤیل،زیانێکی زۆریشیان بە ڕەز و باخ و کشتوکاڵ و مەڕوماڵات وهەنگەوانیی ئەو دەڤەرانە گەیاندووە.

ئێران و تورکیا بەدرێژایی 500ساڵی رابردوو، هەر کات پێیان کرابێت، کوردستانیان کردووەتە جێگای ڕمبازێنی خۆیان و پەلاماردان و کوشتاری خەڵکی کوردستان.
ئەم تاوانانە دەسدرێژی وشەڕ فرۆشییە بە نەتەوەیەک کە خاوەن سەروەریی سیاسیی خۆی نییە و بێدەوڵەتە.هەر بۆیە نە خۆی ئەو دەسەڵات و ئامرازە سیاسی و سەربازییانەی هەیە کە بەرپەرچی ئەو دەوڵەتانە بداتەوە،نە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەسەری وەدەنگ دێن. هاوکات بێجگەلە بێدەوڵەتی،ئەوەی ئەم کردەوانە بۆ ئەو دەوڵەتانە ئاسان دەکات،نایەکگرتوویی و پڕش و بڵاویی سیاسیی و سەربازیی کوردە.
پارتی ئازادیی کوردستان،دەسدرێژییەکانی تاران و ئانکارا دژی کوردستان و کورد مەحکووم دەکا.هەر لەو کاتەشدا داوای لێکگەیشتن،دانبەخۆدا گرتن لە ئاستی یەکتر و، یەکێتی نێوان هێزەکانی گۆڕەپانی سیاسیی کوردستان دەکا. PAK داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ناوەندە بڕیار بەدەستەکانی جیهان دەکا، پێش بە کوشتاری کورد و سووتاندنی سرووشتی
نیشتمانەکەی بگرن.

پارتی ئازادیی کوردستانPAK
19ی پووشپەڕی 2719
10ی ژوولای2019

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *