ڕۆژمێری ڕووداوەکانی شەهیدبوونی شوانە و ڕاپەڕینی رۆژهەڵاتی کوردستان ئامادەکردنی: کۆمیتەی راگەیاندنی PAK

ڕۆژمێری ڕووداوەکانی شەهیدبوونی شوانە و ڕاپەڕینی رۆژهەڵاتی کوردستان
پووشپەڕ ـ گەلاوێژی ٢٧٠٥ (2005)
ئامادەکردنی: کۆمیتەی راگەیاندنی PAK
١٨ پووشپەڕ: بڵاوکردنەوەی هەواڵی شەهیدبوونی شوانە سەیدقادر
ئامادەکردنی: کۆمیتەی راگەیاندنی PAK
١٨ پووشپەڕ: بڵاوکردنەوەی هەواڵی شەهیدبوونی شوانە سەیدقادر
شەوی ١٨ پووشپەڕی ٢٧٠٥ کوردی (٢٠٠٥ز) پارتی ئازادیی کوردستان لە راگەیەندراوێکی کورتدا هەواڵی شەهیدکرانی شوانە سەیدقادر بڵاودەکاتەوە. لەو بەیاننامەیەدا دەنووسرێ: پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، ئەندامێکی چالاکی پارتی ئازادیی کوردستان ناسراو بە شوانە سەیدقادر،کەوتووەتەبەر دەسڕێژی هێزەکانی رێژیم و شەهیدکراوە.

١٩ پووشپەڕ: هەواڵی شەهیدکرانی شوانە لە ماڵپەڕی کوردستان میدیای حدکاوە
ڕۆژی ١٩ پووشپەڕ، ماڵپەڕی کوردستان میدیای حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران،هەواڵی شەهیدبوونی ئەندامێکی پارتی ئازادیی کوردستان بڵاودەکاتەوە. کوردستان میدیا دەڵێ: “بە پێی ڕاگەیاندراوێکی پارتی ئازادیی کوردستان “دوێنێ ١٨پووشپەڕی ١٣٨٤،لەشاری مەهاباد ئەندامێکی ئەو ڕێکخراوە،بەناوی شوانەی سەیدقادر کەوتۆتەبەر دەسڕێژی هێزەکانی رێژیم و گیانی لەدەست داوە.”
٢٠ پووشپەڕ: بەیاننامەی پارتی ئازادیی کوردستان بەبۆنەی شەهیدکرانی شوانەوە
ڕۆژی ٢٠ پووشپەڕی ٢٧٠٥ (١١ ژوولای ٢٠٠٥)، پارتی ئازادیی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا لەژێر سەردێڕی: “شەهیدبوونی شوانەی سەید قادر،ئەندامی چالاکی پارتی ئازادیی کوردستان و هەستانی خەڵکی مەهاباد”،چۆنیەتی گەمارۆدران، بەردەسڕێژ کەوتن، بەستنی بەدوای ئۆتۆموبیل و ڕاکێشانی تەرمەکەی و سەرەنجام گیانبەختکردنی شوانە و بردنی تەرمەکەی بۆ شاری ورمێ، بڵاودەکاتەوە.
٢٠ پووشپەڕ: ناسنامەی سیاسیی شەهید شوانە سەید قادر
بەیاننامەی پارتی ئازادیی کوردستان هەروەها کورتەیەک لەژیان و خەبات و ڕۆژ و ساڵی چوونی شوانە بۆ ریزەکانی و ناسناوی حیزبیی بەمجۆرە ئاشکرادەکا: “کاک شوانەی سەیدقادر” کە بە ناسنامە ناوی “سەیدکەماڵ ئەسفەرەم” بوو، لەڕێکەوتی ٢٣/١٠/٢٠٠٤دا بۆخەبات لەپێناو ئازادیی و ڕاماڵینی دوژمنی داگیرکەر، پێوەندی بە پارتی ئازادیی کوردستانەوە کرد و پاش تێپەڕکردنی خولێکی پەروەردەیی، ئەرکی کاروچالاکیی لەشاری مەهابادی گرتە ئەستۆ و بەناوی ڕێکخراوەیی “کوردۆ”وە بەرەو شارەکەی قازی، گەڕایەوە.
20 پووشپەڕ: هەستانی خەڵکی مەهاباد و بەخاک سپاردنی شوانە
هەر لەو بەیاننامەیەدا، هەواڵی هەستانی خەڵکی مەهاباد و بەخاک سپاردنی شوانە بڵاودەکرێتەوە. لەم بەشە لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە: “ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە ١٩پووشپەڕ، کاتێ کە هەواڵی شەهیدبوونی شوانە و بێحورمەتیی کردن بە تەرمەکەی بەهەموو مەهاباددا بڵاوببووەوە، هەزاران کەس رژانەسەرشەقامەکان و لە چواڕێیانی ئازادییەوە بەرەوە فەرمانداری و پاشان باغی شایەگان و دوایە بەرەوە ماڵی شەهید شوانە لە “بەری شیلانان” بەڕێکەوتن. پاش گەیشتنەوەی تەرمەکەی بەسەرشانەوە بەدەم سروودی ئەی ڕەقیب و دروشمی شۆڕشگێڕانەوە بەرەو دوا مەنزڵیان برد. لەساعەت ١:٣٠ پاش نیوەشەودا تەرمی شەهید شوانە بەخاک سپێردرا و تاساعەت نزیکەی ٣ی بەرەبەیان، کۆبوونەوە و ڕێپێوانی خەڵک درێژەی کێشا.
٢١پووشپەڕ: وێنەکان لە ئەشکەنجەدرانی شوانە بەر لە مەرگی،دەدوێن
کۆمەڵێک وێنەی شوانە بڵاودەکرێتەوە کە نیشان دەدەن بەر لە گیانسپاردنی لە لایان مرۆڤ کوژانی داگیرکەری ئێرانەوە ئەشکەنجەدراوە. لەبەیاننامەیەکدا کەرۆژی ٢١پووشپەڕ، پارتی ئازادیی کوردستان دەریدەکا، وێڕای بڵاوکردنەوەی کۆمەڵێک وێنە، ڕاگەیەندراوە کە: “ئەم وێنانەی لێرەدابڵاویان دەکەینەوە، تەرمی شەهید شوانەن کە لە کاتی شۆردنیدا لێی گیراوە. شەهید شوانە پێش گیانسپاردنی دەکەوێتە بەرپێلاقە و قۆنداخە تفەنگ و بەسەردا رۆیشتنی مۆتۆرسکلێتی هێزەکانی دوژمن و پاشان بەدوای ماشێنێکدا ڕادەکێشرێ. لەم وێنانەدا ئەو دڕندەییەی دوژمن لەگەڵ جەستەی نیوەگیانی شەهید شوانە بەڕوونی دیارە. هەروەها بەپێی هەواڵ و بەسەرنجدان بەوێنەکان گوللەیەکی زیاتر لەو گوللانەی لەکاتی ڕووداوەکەدا وەشوانە کەوتوون، بەتەرمەکەیەوە دیارە. گوللەکان لەقاچ و قۆڵی دراون. ئەوەش دەریدەخا کەشەهید شوانە پێش گیانسپاردنی، بەردەوام گوللەی پێوەنراوە و بەئازاردانێکی زۆر و بەردەوام، شەهیدکراوە.”
٢٢پووشپەڕ: خەڵکی مەهاباد دەچنە سەر گۆڕی شوانە
ڕۆژی ٢٢ پووشپەڕ هەزاران کەس لە دانیشتووانی مەهاباد بەدەم ڕێپێوان و بەهەڵکردنی ئاڵای کوردستان وخوێندنی سروودی ئەی ڕەقیب،دەچنە سەر گۆڕی شەهید شوانە. لەگەڕانەوەدا،هێزەکانی رێژیم بەمەبەستی بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران، گازی فرمێسک ڕێژ بەکاردێنن و بەرەو ئاسمان تەقە دەکەن. خۆپیشاندەران بە بەرد و لەتە خشت بەرپەرچی هێزە داگیرکەرەکان دەدەنەوە. خۆپیشاندان و تێکهەڵچوونەکان چەند گەڕەکی شار دەگرێتەوە و تاساعەت ١١ی شەو درێژەی دەبێ.
٢٣پووشپەڕ: لە هەولێر ڕێوڕەسمی ڕێزلێنان لە شوانە و پشتگیریی لەڕاپەڕین پێکدێ
پاشنیوەڕۆی ٢٣ی پووشپەڕ بە بەشداری ١٠ حیزب و لایەنی سیاسیی هەرچوار پارچەی کوردستان لەبارەگای پارتی ئازادیی کوردستان لە هەولێر، ڕێوڕەسمێک بۆ ڕێزلێنان لەشەهید شوانە و پشتگیریی لە ڕاپەڕینی خەڵکی مەهاباد بەڕێوە دەچێ. لەم ڕێوڕەسمەدا بەڕێز حسەین یەزدانپەنا وتەیەک پێشکەش دەکا. هەروەها نوێنەرانی حیزبە کوردستانییەکان بەو بۆنەیەوە پەیامی هاوخەمی و پشتیوانیی پێشکەش دەکەن. هەرلەم بۆنەیەدا، لاوی جوانەمەرگ “جەهانگیرغەفاری” (ئارتیکا کوردی) پەخشانە شێعرێک پێشکەش دەکا.
٢٣ پووشپەڕ: بەگەرمبوونی ڕاپەڕین، ململانێ لەسەر ناسنامەی سیاسیی شوانە دەسپێدەکا
لەحاڵیکدا لەڕۆژانی یەکەمی شەهید بوونی شوانە و هەستانی خەڵکی مەهاباددا، هەواڵ و زانیارییەکانی ئەم رووداوانە تەنیا لەلایان پارتی ئازادیی کوردستانەوە بایەخی سەرەکیی پێدەدرا، حیزبە سیاسییەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سەرنج و بایەخێکی ئەوتۆیان بەو ڕووداوە نەدابوو،بە گەرمبوونی ڕاپەڕین و پرسی شوانە، هێندێک لەحیزب و لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەوەندەی کاریان ببووە ئەوەی،شوانە لە پارتی ئازادیی کوردستان بکەنەوە، ئەوەندە مەبەستیان نەبوو، هەواڵ و دەنگوباسەکانی ڕاپەڕین و پرسی شوانە بوروژێنن و بڵاوبکەنەوە. زۆرجار سەردێڕی هەواڵەکانی میدیای ئەو حیزبانە بەمجۆرە دەستی پێدەکرد: “شوانە سەیدقادر ئەندامی هیچ حیزب و لایەنێکی سیاسی نەبووە”. تەنانەت ئەولایەنانە بۆ ئەم مەبەستە، پێوەندییان بە بنەماڵە و کەسوکاری شوانەوە گرتبوو تا ئەندام نەبوونی شوانە سەید قادر لە پارتی ئازادیی کوردستاندا، بەوان پشت ڕاست بکەنەوە. لەو باروودۆخەدا، تەنانەت ژمارەیەک ماڵپەڕی ئەنترنێتی بایەخی تایبەتیان بەم بابەتەدەدا. هەر لەو کاتەدا کۆمەڵێک وتار و نووسین بڵاوکرانەوە کە پارتی ئازادیی کوردستانیان لەبەرئەوەی دەیگوت شوانە ئەندامیەتی، دابووە بەر هێرش. هاوکات کوردستان میدیا ماڵپەڕی ناوەندیی حدکا هەواڵەکەی رۆژی 19 پووشپەڕی دەسڕێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا پارتی ئازادیی کوردستان وەڵامی ئەو هێرشانە ناداتەوە و داوای هەڵوێستی هاوبەش و هاوکاریی لە نێوان هێزەسیاسییەکاندا دەکا.
٢٤پووشپەڕ: ڕاپەڕین لەمەهاباد بڵێسە دەسێنێ
لە ساعەت ٨ی پاشنیوەڕۆوە، لاوانی شار لە گەڕەکەکانی پشت تەپ، باغی شایەگان و مەیدانی ئیستیقلال و شەهرەکی مەهاباد، هەڵدەستنەوە. دووکەڵی لاستیک و سروودی ئەی رەقیب و دروشمە دژی دەوڵەتییەکان کەشوهەوای شاردادەپۆشێ لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزەکانی رێژیمدا تێکهەڵچوون ڕوودەدا. لاوانی مەهاباد لە بەر پەرچدانەوەی هێزەکانی دەوڵەتدا، کۆکتێل مۆلۆتۆف بەکاردەهێنن.
٢٥ پووشپەڕ: پێشمەرگە لەمەهاباد دادەبەزێ
دەستەیەک پێشمەرگەی پارتی ئازادیی کوردستان دادەبەزنە ناوشاری مەهابادەوە. دابەزینی پێشمەرگە و پێوەندیی زیندوو و راستەوخۆی ڕۆژانەیان لەگەڵ ڕێکخەرانی ڕاپەڕین، بڵێسەی ڕاپەڕین دەگەشێنێتەوە. خەڵکی راپەڕیوی مەهاباد خوازیاری بەشداریی پێشمەرگە لە راپەڕین دەبن. ئاڵای کوردستان بەشێوەیەکی بەرچاو لە شەقام و گەڕەکەکانی مەهاباد دەبینرێ.
٢٥پووشپەڕ: خۆپیشاندان لەمەهاباد درێژەی هەیە
بازاڕ و دووکانەکانی مەهاباد داخراون. لەپاشنیوەڕۆدا، خۆپیشاندان لەمەیدانی ئیستیقلال و گەڕەکەکانی پشتەپەوە، دەست پێدەکاتەوە و تادرەنگانی شەو درێژەی دەبێ.
٢٧ پووشپەڕ: ڕاپەڕین لەمەهاباد قەتیس ماوە؛ هەڵوێستی حیزبەکان ناکارامەیە
لە ماوەی 19 تا 27 پووشپەڕ،ڕاپەڕین لەمەهاباد قەتیس ماوە و شارەکانی دیکەی نەگرتووەتەوە. هەڵوێستی ناکارامە و راگەیاندنی لاواز و نەبوونی بەرنامەیەکی کاری عەمەلیی هاوبەشی حیزبە سیاسییەکان هۆکار و فاکتەرێکی گرنگیی قەتیس مانەوەی ڕاپەڕین لە مەهاباد وتەشەنە نەکردنی بۆشارەکانی دیکەیە. لەم ماوەیەدا، دەوڵەتی داگیرکەر پەیتا پەیتا هێز و لەشکر دەرژێنێتە مەهاباد و خەڵکی ئەو شارە تووشی بارقوورسیەکی گەورەبوون.
٢٧ پووشپەڕ : پیرانشار ڕادەپەڕێ
پاش زیاتر لە حەفتەیەک ڕاپەڕین لەمەهاباد و تێکەڵچوونی نێوان خەڵک و هێزەداگیرکەرەکانی تاران لەو شارە، سەرەنجام پڕیشکی ڕاپەڕین دەگاتە پیرانشار و ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٢٧ ی پووشپەڕ سەدان لاوی پیرانشاری لەفەلەکەی ئازادیی یەکدەگرن و بەدەم سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و دروشمەکانی “بژی بژی کوردستان” و “شوانە شوانە ڕێگات درێژەی هەیە”، خۆپیشاندانێک بەرەو گۆڕەپانی”ئەوراز” وەڕێدەخەن. سەرەتای خۆپیشاندان و دروشمدانەکان لەوەڕادەست پێدەکا کە: خەباتگێڕێکی پارتی ئازادیی کوردستان بەدەم و چاوی داپۆشراوەوە، ئاڵایەکی کوردستان لەبەرزترین خاڵی فەلەکەی ئازادیی هەڵدەکا و هاوار دەکا : “بژی کوردستان، بمرێ داگیرکەر”. خۆپیشاندانەکە دەکەوێتە بەرپەلاماری هێزەکانی رێژیم و بۆماوەی ٤٠ دەقیقە لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزەکانی رێژیمدا تێکهەڵچوون روودەدا. گازی فرمێسک ڕێژ و باتوم و تەقەی هەوایی، چەکی دوژمن و بەرد و لەتە خشت چەکی ڕۆڵەکانی کورد دەبێ . لەکۆتاییدا ٨ کەس لە خۆپیشاندەران دەسگیر و ڕەوانەی زیندان دەکرێن.
٢٨ پووشپەڕ: پیرانشار بۆ دووهەمین ڕۆژ لە خۆپیشاندان دایە
بەبەدەستەوە گرتنی ئاڵای کوردستان و بەدەم سروودی ئەی ڕەقیب و دروشمەکانی بژی ئازادیی، بژی کوردستان بمرێ داگیرکەر و شوانە ڕێگات درێژەی هەیە، لاوانی پیرانشار بۆ دووهەمین ڕۆژ خۆپیشاندان وەڕێدەخەن. لەنێوان هێزەکانی ڕێژیم و خۆپیشاندەراندا. تێکهەڵچوون ڕوو دە دا.
٢٨ پووشپەڕ: هێزەکانی ڕێژیم لە بانە، مەریوان و بۆکان دەکەونە ئامادەباشەوە
بەپەڕینەوەی پڕیشکی ڕاپەڕین لە مهابادەوە بۆ پیرانشار، هێزو دام و دەزگائەمنییەتیەکانی بەرفەرمانی تاران لەشارەکانی بانەو مەریوان و بۆکان دەکەونە ئامادە باشی تەواوەوە. لەبانە هێزەکانی ناسراو بە “ضد شورش” لەفەلەکە و چواررێکانی جیهاد، مروەتی و ساعەت، ولەمەریوان لە “مەیدانی شەبڕەنگ” و چەند شوێنێکی دیکەدادەمەزرێن.
١٩ ـ ٢٩ پووشپەڕ: ڕەنگدانەوەی پرسی شوانەوڕاپەڕین لە میدیاکانی باشووری کوردستاندا:
بەماوەیەکی کورت پاش خوڵقانی تاوانی شەهید کردنی شوانە و ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان، هەواڵ و دەنگوباسی ئەو ڕووداوانە ڕۆژانە لە میدیاکانی باشووری کوردستانداڕەنگدانەوەی هەیە. بێجگەلە ڕۆژنامە و هەفتەنامەو ماڵپەڕەکان، ٣کاناڵی ئاسمانی کوردسات، زاگرۆس و کوردستان تیڤی، ڕۆژانە لەهەواڵەکانیاندا ئاماژە بە “شەهید کرانی ئەندامێکی پارتی ئازادیی کوردستان و هەستان و خۆپیشاندانی خەلکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان” دەکەن. هەروەها ژمارەیەک لە ڕێکخراوە پیشەییەکانی وەک لاوان و مامۆستایان و قوتابی و خوێندکاران، بەدەرکردنی بەیاننامە، تاوانی شەهیدکرانی شوانە مەحکووم دەکەن و پشتیوانی خۆیان لەخەڵکی ڕۆژهەلاتی کوردستان دەردەبڕن.
٢٩ پووشپەڕ: بانە، تیکهەڵچوونی نێوان خەڵک و هیزەداگیرکەرەکان:
سەعات ٧ی پاشنیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە ٢٩ی پووشپەڕ، لەجادەی، “تەرخان ئاوا”ی شاری بانە، لەنێوان ئەو لاوانەی کەبۆمەحکووم کردنی تاوانی شەهید کردنی شوانەی سەید قادر و پشتیوانی دەربڕین لە خەڵکی مەهاباد، بەمەبەستی وەڕیخستنی خۆپیشاندان، کۆدەبنەوە، لەگەڵ هێزێکی داگیرکەری ئێران، تیکهەڵچوون روودەدا. ئەو تێکهەڵچوونە کاتێک دەسپێدەکا لەئەو هێزەی رێژیم، حەولی بڵاوە پێکردنی ئەو لاوانە دەدا. لەو تێکهەڵچوونە دا، دووئەفسەری هیزی ئینتیزامی بەناوەکانی: ئەمیر ئەحمەدی و حسەین مورادی” بریندار دەبن. هەروەها ٥ کەس لەلاوانی کورد دەسگیر دەکرێن.
٣٠ پووشپەڕ: بڵاوە بە گردبوونەوەی خەڵکی مەریوان دەکرێ
سەعات ٦ پاشنیوەڕۆی پێنجشەممە ٣٠ پووشپەڕ، ژمارەیەکی بەرچاو لەدانیشتوانی شاری مەریوان بەئامانجی مەحکووم کردنی شەهید کرانی شوانە سەید قادر و هاوپشتی لەگەڵ خەلکی مەهاباد لە “مەیدانی شەبڕەنگ” ی ئەو شارە گردبوونەوەیەک بەنیازی خۆپیشاندان پێکدەهێنن. لەو کاتەدا تەقینەوەیەک لە تانکەرێکی بەتاڵدا ڕوودەدا و بەو بیانووەوە هیزیکی زۆری رژیم درژێنە شوێنی ڕووداوەکە و بڵاوە بە خەڵکە کە دەکەن.
٣٠ پووشپەڕ: بنەماڵەی شوانە ئاگاداریەک بڵاودەکەنەوە
بۆ تەسدانەوەی ئەو شەپۆلی ڕاگەیاندنەی لەچەند لاوە دژ بە کەسایەتی شوانە و پارتی ئازادیی کوردستان وەڕێخراوە، بنەماڵەی شەهید شوانە ئاگادارییەک بۆ ڕای گشتی بڵاو دەکەنەوە. لەو ئاگادارییەدا دەگوترێ:” لەو کاتەدا کە خانەوادەکەمان سەرگەرمی پرسە و سەرەخۆشی شەهید شوانە بوو وخەڵکی مەهابادیش بۆشوانە هاتبوونە خەیابان، کەسانێک بۆ سووکایەتی پێکردن بە ئێمە و دڵ ئێشاندنی خۆشەویستەکانی شەوانە، بەناوی ئێمەوە نامەیان بڵاوکردۆتەوە کە گویا شەهید شوانە هیچ مەرامێکی سیاسی نەبوە وسەربە پارتی ئازادیی کوردستان نەبووە. مەئمورینی ئینتیزامیش بڵاویان کردۆتەوەکە شوانە پیاو کوژ و چەقۆکێش بوە و کاری خەراپی کردوە.
لەئاگادارییەکەی بنەماڵەی شوانەدا پێ لەسەر ئەوە داگیرابووەوە کە شوانە ئەندامی پارتی ئازادیی کوردستان و شەهیدی هەموو کوردستانە.
١ گەلاوێژ (٢٢/٧/٢٠٠٥): مەهاباد لەخەبات بەردەوامە
مەهاباد بۆ سێهەمین جار مان دەگرێ . دووکان و بازاڕەکانی شار داخراون و کەس نەچووەتە سەرکار. مانگرتووان خوازیاری ناساندن و سزادانی بکوژانی شوانە سەید قادرن.
١ گەلاوێژ: خۆپیشاندان لە شارۆچکەی سەوڵاوا
تادێ جوغرافیای ڕاپەڕین و خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕین فراوانتر دەبێ. سەعات ٨ی پاشنیوەڕۆی ڕۆژی ١ ی گەلاوێژ دانیشتوانی شارۆچکەی “سەوڵاوا” بۆماوەی ٣ سەعات لە گۆڕەپانی سەرەکیی ئەو شارۆچکەیە، خۆپیشاندانێکی بێدەنگ و هێمنانە ساز دەکەن و بەوجۆرە لەدژی شەهید کردنی شوانە و پشتیوانی لە خەلکی مەهاباد، هەڵوێستیان پیشان دەدەن.
٣ گەلاوێژ: شاری شنۆ ڕادەپەڕێ
ڕۆژی ٣ گەلاوێژ، شاری شنۆ ڕادەپەڕێ. هێزە داگیرکەرەکانی ئێران بۆ سەرکوتی خەڵکی ڕاپەڕیو، پەلاماریان دەدەن و تەقەی ڕاستەوخۆ لە خەڵک دەکەن. لەئاکامی تەقەی هێزەکانی رێژیم دا، لاوێک شەهید و سێی دیکەش بریندار دەبن. جەماوەری ڕاپەڕیوی شاری شنۆ، بەدەم خۆپیشاندانەوە شەهیدەکەیان بەخاک دەسپێرن. هێڵەکانی تەلەیفوون و موبایل لەشنۆ لەلایان کاربەدەستانی دەوڵەتەوە لەکاردەخرێن.
٣ گەلاوێژ: ڕێپێوان لە ئەمریکا
سەرلەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ٣ گەلاوێژ، کوردەکانی دانیشتووی ئەیالەتی ڤێرجینیا و مێریلەند و واشینگتۆن، بۆ مەحکووم کردنی تاوانی شەهید کرانی شوانە سەید قادر و پشتیوانی لە ڕاپەڕینی شارەکانی کوردستان، بە بەدەستەوە گرتنی ئاڵای کوردستان و وێنەکانی ئەشکەنجە دراوی شوانەی سەید قادر، لەبەردەم کۆشکی سپی/یەوە ڕیپێوانێکی هێمنانە بەرەو کۆنگرێسی ئەمریکا وەڕێدەخەن و لەوێ بە خوێندنەوەی ڕاگەیەندراوێک، کۆتایی بە ڕێپێوانەکە دێنن.
٥ گەلاوێژ: فایلی ئەندامەتی شوانەلە پارتی ئازادیی کوردستاندا بڵاو دەکرێتەوە
بۆبەرپەرچدانەوەی ئەو شەپۆلە ڕاگەیاندنەی بۆ بێبەریی کردنی شوانە سەید قادر لە پارتی ئازادیی کوردستان دەدرێ، پارتی ئازادیی کوردستان ڕوونکردنەوەیەک بڵاو دەکاتەوە و بە پاشکۆی ئەو ڕوونکردنەوەیە فایلی ئەندامەتی کەماڵ ئەسفەرە (شوانە سەید قادر) لە پارتی ئازادیی کوردستان بە خەت و واژۆ و جێی پەنجەیەوە بڵاودەکاتەوە. لەو ڕوونکردنەوەیەدا وێڕای سەلماندنی ئەو ڕاستیە کەشوانە سەید قادر، ئەندامی پارتی ئازادیی کوردستانە، دەگوترێ “پارتی ئازادیی کوردستان، لەبارودۆخی ئێستادا، پەرەسەندنی ناکۆکی لە نێوان ڕۆڵەکانی گەلی کورد و حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکاندا نەک هەربەقازانج نازانێ، بەڵکوو پێی وایە بەقازانجی دوژمنی داگیرکەر تەواودەبێ. بۆیە داوا لەهەموو لایەنەکان دەکا ڕوولەتەبایی و هاوکاریی بکەن.”
پارتی ئازادیی کوردستان هەروەها دەڵێ: ئەوانەش کە لەسەر دژایەتی کردنی پارتی ئازادیی کوردستان سوورن، بابە شێوەیەکی عەقڵ پەسەندانە، شەفاف و دوورلە پیلانگێڕی ولە سەر بابەت و پرسە سیاسییەکان بێنە مەیدانەوە، بۆئەوەی هەم ڕۆڵەکانی گەلی کوردیش بتوانێ داوەریی دروست بکەن و هەم ململانێی سیاسی دووربێ لە قسە و قسەڵۆک، کەبەداخەوە شێوازی ئەو ململانێ و دژایەتیەی تا ئێستا کردوویانە، ناشارستانیانە و دواکەوتووانە بووە.”
شوانە سەید قادر لە 23/4/2004 دا روو لە ریزەکانی پارتی ئازادیی کوردستان دەکا. خولی پەروەردەیی لە بنکەی سێبیرانی PAK دەبینێ. پاشان بۆ جۆشدانی خەبات دەگەڕێتەوە مەهاباد. لەم پێوەندییەدا دوو جار لەگەڵ بەڕێز حسەین یەزدانپەنا سکرتێری PAK کۆدەبێتەوە،
٥ گەلاوێژ: کوژرانی ٢ ئەفسەری رێژیم لە شنۆ
گروپێک لەلاوانی شاری شنۆ، لە چالاکییەکی تۆڵە ئەستێنانەدا، ٢ ئەفسەری هێزی ئینتیزامی دەکوژن و لەسەرتەرمەکانیان نووسراوەی” شوانە ڕێگات درێژەی هەیە” بە جێ دەهێڵن.
٦ گەلاوێژ: بانگەوازی خۆپیشاندان لەبەردەم باڵوێزخانەی ئێران لە بێرن
لەسەر بانگەوازی ناوەندی هەڵەبجە دژ بەئەنفال و جینۆساید/ لقی سویس، ڕۆژی پێنجشەممە ٦ گەلاوێژ، ڕێپێوانێک لەبەردەم سەفارەتی کۆماری ئیسلامی لە بێرن لە دژی ئەو جەنایەتانەی کە دەرحەق بە شوانە سەید قادر و ڕۆڵەکانی کوردستان ئەنجام دەدرێت و بە مەبەستی پشتیوانی کردن لە ڕاپەڕینی خەلکی شاری مەهاباد” بەڕێوە دەچێ.
٧ گەلاوێژ: خوێندکارانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە زانکۆی سەلاحەدین بەیاننامەیەک دەردەکەن
لە بەیاننامەکەدا کە خوێندکارانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە زانکۆی سەلاحەدین دەریدەکەن، وێڕای شییکردنەوەی چۆنیەتی شەهید کرانی شوانە و دۆخی شارەکانی کوردستان و مەحکووم کردنی هەڵوێستی رژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران دژبە خۆپیشاندانی خەڵکی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پشتیوانی و لایەنگری لە خۆپیشاندان و ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان” ڕادەگەیەنن. لەو بەیاننامەیەدا داوا لەلایەنە بەرپرس و ڕێکخراوەکانی داکۆکی لە مافەکانی مرۆڤ دەکرێ کە تاوانی شەهید کردنی شوانە ئیدانەبکەن و گوشار بخەنە سەر کۆماری ئیسلامی بۆ ئازاد کردنی گیراوەکانی ڕووداوەکانی پاش ١٨ پووشپەڕ.
هەربەم بۆنەیەوە، ئەو خوێندکارانە، ڕێوڕەسمێکیان بەڕێوە برد.
٨ گەلاوێژ: مانگرتن لە سنە
بەئامانجی مەحکووم کردنی تاوانی شەهید کردنی شوانە سەید قادر و هاوخەمی و پشتیوانی لەخەڵکی مەهاباد و شنۆ، لەساعەت ١٢ نیوەڕۆوە، بۆماوەی ٣ سەعات هەڵسووڕاوانی سیاسی و مەدەنی لەشاری سنە، گردبوونەوە و مانگرتنێکیان لە بەرانبەر پارێزگاری سنە، بەڕێوە برد. لەو گردبوونەوەیەدا دروشمەکانی: “بکوژانی شوانە دەبێ بە ئاشکرا دادگایی بکرێن.” زیندانی سیاسی دەبێ ئازاد بکرێ” ، ” بێدەنگی راگەیەنە گشتییەکانی ئێران مەحکوومە” لە ژمارەیەک پلاکارد دەنووسرێ.
٨ گەلاوێژ: بانە ڕاداپەڕێ
ڕۆژی ٨ گەلاوێژ، دانیشتوانی شاری بانە، پۆل پۆل دەڕژێنە سەرشەقامەکانی شار و بەدەم سروودی ئەی ڕەقیب و شەکاندنەوەی ئاڵای کوردستان و دانی دروشمی سیاسی، تاوانی هێزەکانی ئێران لە مەهاباد و شنۆ مەحکووم دەکەن و پشتیوانی خۆیان بۆ خەڵکی ڕاپەڕیوی ئەو شارانە دەردەبڕن. لە نێوان خەڵک و هێزەکانی رێژیمدا تیکهەڵچوون ڕوودەدا. ئەوڕۆژە دووکان و بازاڕەکانی شاری بانە دادەخرێن.
٦ گەلاوێژ: چالاکیی تۆڵە ئەستینانە لە مەهاباد
ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ٦ گەلاوێژ، گروپێک لەهاوڕێیانی شەهید شوانە، بە تۆڵەی ئەو، لەمەیدانی” حەیوانان”، هەڵمەت دەبەنە سەر ٢ ئەفسەری گاردی تایبەت کەلەسەرکوتی خەڵکی ڕاپەڕیوی مەهاباد دا دەوریان ببوو و بەسزای مەرگیان دەگەیەنن. ناوی یەکێک لەو دوو ئەفسەرە” ڕەزا ئیسفەندیاری”، خەڵکی میاندواو دەبێ.
٨ گەلاوێژ: گیرانی ١٠٠ کەس لە شاری بانە
شەوی ٨ لەسەر ٩ی گەلاوێژ، لەپەلامارێکی هاوبەشی چەند دامەزراوەیەکی ئەمنیەتی دەوڵەتی داگیرکەر بۆسەر ماڵان، زیاتر لە ١٠٠ کوڕ و کچی لاوی دانیشتووی بانە بە تۆمەتی بەشداریی لە خۆپیشاندان دەگیرێن. دووکان و بازاڕی شار بەگشتی دادەخرێن.
٩ گەلاوێژ: خۆپیشاندان لە بانە
پاشنیوەڕۆی رۆژی ٩ گەلاوێژ، بۆڕۆژی دووهەم خۆپیشاندان لەبانە بەرپا دەبێ. ناوەندی خۆپیشاندانەکە فەلەکەی ناسراوبە ” جیهاد” دەبێ. لەم خۆپیشاندانەدا بە هۆی پەلاماری هێزەکانی رێژیمەوە، لە نێوان پەلاماردەران و خەڵکی خۆپیشاندەردا تێکهەڵچوون ڕوو دەدان لەلایەکی دیکەوە، کەسوکاری گیراوانی خۆپیشاندانی پێشوو، بە مەبەستی ئازاد کردنی گیراوەکانیان هەڵدەکوتنە سەرفەرمانداری بانە و شیشە و پەنجەرەکانی دەشکێنن و هێندێک لە کەلووپەلەکانی بەسەر یەکدا تێکدەدەن. لەلایەکی دیکەوە، بۆسزادانی ئەو دووکاندارانەی ڕۆژی پێشتر لە مانگرتنێکی گشتی دا، دووکان و بازاڕەکەیان داخستبوو، بەفیتی رێژیم، نارنجەکێک لەبەردەم پاساژی “خدری”، دەتەقێندرێتەوە.
٩ گەلاوێژ: دامەزراندنی هێز، لەشاخەکانی بانە
سەرلەبەیانی ڕۆژی ٩ گەلاوێژ، هێزی ئاسمانی سوپای پاسداران، لەشاخەکانی ” ئاڕبابا ” و ” بابۆس”، هیز دادەبەزێنن. لەپاش کۆتایی شەڕی عێراق ـ ئێران، ئەو دووشاخە هێزی نیزامی نەمابوو. ئامانج لەم بزاوتە نیزامییە، کۆنتڕۆڵ کردنی بارودۆخی شارەکە دەبێ.
١٠ گەلاوێژ: مەریوان مان دەگرێ
لەهەنگاوێکی یەکگرتوودا، بازاریانی شاری مەریوان، دووکانەکانیان دادەخەن و ماندەگرن. هێزە داگیرکەرەکانی ئێران، بەزانینی ئەم ڕووداوە، بەهەزاران کەسیان بۆ کۆنتڕۆل کردنی دۆخی ئەو شارە، دەڕژێنە سەرشەقام و مەیدان و چوار رێکانی مەریوان.
هێزەکانی ڕێژیم ڕێگا لە هەرجۆرە لەدەوری یەک کۆبوونەوەیەکی خەڵک دەگرن.
١٠ گەلاوێژ: سنە ڕادەپەڕێ
هەربۆ ناڕەزایەتی دەردەبڕین لە شەهید کردنی ڕۆڵەی کورد شوانە سەید قادر و پشتیوانی دەربڕین لە خەڵکی ڕاپەڕیوی شارەکان، ژمارەیەکی بەرچاو لە دانیشتوانی شاری سنە بە پێشەنگی چالاکانی سیاسی و مەدەنی، بۆ خۆپیشاندانێکی هێمنانە دەجووڵێن. بەڵام هێزەکانی ڕێژیم پەلاماری خەڵکە کە دەدەن. بۆیە هەزاران کەس لێیان ڕادەپەڕن. لە نێوان خەڵک و هێزەکانی ڕێژیم دا تێکهەڵچوونێکی نابەرابەر ڕوودەدا. هێزەکانی ڕێژیم بە چەکی گەرم و سارد پەلاماری خەڵک دەدەن و جەماوەری ڕاپەڕیویش بەدار و بەرد و لەتە خشت بەرپەرچی پەلاماردەران دەدەنەوە. هەروەها خەڵکی ڕاپەڕیوی سنە، هەڵمەت دەبەنە سەرکۆمەڵێک بنکە و دامەزراوەی نیزامی و ئیداری و خەساری بەرچاویان لێدەدەن.
لەم تێکهەڵچوونەدا ٥٠٠٠ هێزی داگیرکەر بۆ سەرکوتی خەڵکی ڕاپەڕیو دەڕژێنە شەقامەکانەوە. لەئاکامی پەلاماری هێزەکانی ڕێژیم و بەرگری خەڵکی بێچەکدا، ٢٠ ئەفسەر و سەربازی داگیر کەر بریندار دەبێ و ٦ کەس لە ڕٶڵەکانی کورد شەهید دەبن. هەروەها زیاتر لە ١٠٠ کەس لە خۆپیشاندەران لەلایان هیزەکانی دەوڵەتەوە، دەسگیر و ڕاپێچی گرتووخانەکان دەکرێن.
١١ گەلاوێژ: مانگرتن و کەشی نیزامیی لە سنە
هەر لە بەرەبەیانییەوە، هێلیکۆپتەرەکانی سوپای پاسداران بە ئاسمانی شاردا دەکەونە گەشت و سووڕانەوە. دووکان و بازاڕی شار دادەخرێن و بنەماڵە و کەسوکاری گیراوەکانی خۆپیشاندانەکەی ڕۆژی پێشوو، لەبەردەم ئیدارەی ئەماکن و دادگای ئینقیلاب دا، کۆدەبنەوە و خوازیاری ئازادیی گیراوەکانیان دەبن.
لەلایەکی دیکەوە، ژمارەیەکی بەرچاو لە بریندارەکانی خۆپیشاندانی ڕۆژی ڕابردوو لەماڵان تیماردەکرێن.
١٢ گەلاوێژ: سەقز ڕادەپەڕێ
ڕۆژی ١٢ گەلاوێژ، هەزاران کەس لە چین و توێژەکانی شاری سەقز، بەمەبەستی مەحکووم کردنی شەهیدکرانی شوانەی سەید قادر و هاودەنگی لەگەڵ خەڵکی ڕاپەڕیوی شارەکانی دیکەی کوردستان، بەمەبەستی خۆپیشاندانێکی هێمنانە دەڕژێنە سەرشەقامەکان. هێزەکانی ڕێژیم زۆر بەتوندی پەلاماری خەلکەکە دەدەن و بێجگەلە بە کارهێنانی چەکی سارد، تەقەی راستەوخۆ لە خەڵک دەکەن. لە پەلاماری هێزەکانی دەوڵەت بۆ سەر خەڵک، هێلیکۆپتەری شەڕکەر بەکار دێ و لەئاسمانی شارەوە، تەقە لەخەڵک دەکرێ. بێجگە لەوەش هێزەکانی رێژیم ژمارەیەک لەو خەڵکە لەسەر بینا بەرزەکانەوە فڕێ دەدەنە خوارەوە. خەڵکی ڕاپەڕیوی سەقز تەنیا بە بەرد و لەتە خشت بەرگریی لە خۆیان دەکەن. لەئاکامی پەلاماری هێزە داگیرکەرەکاندا، ٦ ڕۆڵەی کورد شەهید و زیاتر لە ٧٠ کەس بریندار دەبن. سەرکوتی توند و بێ بەزەییانەی هێزەکانی ڕێژیم، پاڵ بە جەماوەری ڕاپەڕیوەوە دەنێ تا هێندێک لە بنکە و بنیاتەکانی سەر بە ڕێژیم بەرهەڵمەتی خۆیان بدەن و بیانسوتێنن. زیاتر لە ٢٠ کەس لە هێزەکانی ڕێژیم بەبەردی خۆپیشاندەران بریندار دەبن.
١٢ گەلاوێژ: ناوی شەهیدەکانی ڕاپەڕینی خەڵکی سەقز، ڕادەگەیەنرێ
لە دوو راگەیەندراوی جیاوازدا پارتی ئازادیی کوردستان، ناوی ژمارەیەک لە شەهیدەکانی راپەڕینی سەقز بڵاودەکاتەوە.
١٤ گەلاوێژ: مەهاباد تێهەڵدەچێتەوە
ئەمڕۆ، مەهاباد جارێکی دیکە مانگرتن و خۆپیشاندان بەخۆیەوە دەبینێ و دووکان و بازاڕەکانی شار دادەخرێن. لە پاشنیوەڕۆوە جارێکی دیکە خەڵکی شار بۆ خۆپیشاندان دەجووڵێن. لەسەعات ٨ی ئێوارەدا، خۆپیشاندان لەمەیدانی ئیستیقلال سازدەبێ و دەنگی دروشمی دژ بە ڕێژیم بەرز دەبێتەوە، هیزەکانی ڕێژیم لە قوتابخانەی ” حسن زادە” ەوە، بەمەبەستی بڵاوەپێکردن بە خۆپیشاندەران تەقەی هەوایی دەکەن. لە نێوان خەڵک و هێزەکانی ڕێژیمدا، لە چەند شوێن تێکهەڵچوون ڕوودەدا.
١٤ گەلاوێژ: خۆپیشاندان وتێکهەڵچوون لە جوانڕۆ
شەوی١٤ لەسەر ١٥ی گەلاوێژ، ژمارەیەکی بەرچاو لە لاوانی جوانڕۆ بۆ پشتیوانی لە شارە راپەڕیوەکانی کوردستان، لە گۆڕەپانی بەناو” بەسیج” و شەقامی ناسراو بە تاڵەقانی، خۆپیشاندان ساز دەکەن. هێزەکانی ڕێژیم پەلاماری خۆپیشاندانەکە دەدەن. خۆپیشاندەران لێیان وەدەست دێن و بەرپەرچیان دەدەنەوە. خۆپیشاندەران هەروەها، چەند شوێنی دەوڵەتیی بەرهەڵمەت دەدەن. ژمارەیەک لە خۆپیشاندەران لەلایان هێزەکانی دەولەتی داگیرکەرەوە دەگیرێن و ڕەوانەی گرتووخانەکان دەکرێن.
١٥ گەلاوێژ: ٤ لایەنی سیاسی بەیاننامەیەکی هاوبەش دەردەکەن
بەمەبەستی هاوخەمیی دەربڕین لەگەڵ پارتی ئازادیی کوردستان و دەربڕینی پشتیوانی لە ڕاپەڕینی ڕۆژهەڵات، ٤ لایەنی سیاسی باکوور و ڕۆژاوای کوردستان سەردانی سەرکردایەتی پارتی ئازادیی کوردستان دەکەن و بەیاننامەیەکی هاوبەش پێکەوە دەردەکەن.
پارتی دیموکراتی کوردستان باکوور، پارتی دیموکراتی کورد لە سووریا(ئەلپارتی)، پارتی یەکێتی کورد لە سووریا و پارتی یەکێتی دیمۆکرات کورد لە سووریا – یەکێتی، لەو بەیاننامە هاوبەشەیاندا دەڵێن:” ئێمە ئەو پارت و لایەنە سیاسییانەی ئەم ڕاگەیاندراوە هاوبەشەمان دەرکردوە، وێڕای سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهید شوانە و پارتی ئازادیی کوردستان و گەلی کورد، ئەو تاوانە بەتوندی مەحکووم دەکەین و پشتیوانی خۆمان لەگەلەکەمان لە رۆژهەڵات و لەو ڕابوونە مەزنە رادەگەیەنیین.” ئەوان هەروەهالە کاتێکدا کە هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان خۆیان خەمساردن دەڵێن:” ئێمە پارت و لایەنە سیاسییەکانی باکوور و ڕۆژاوای کودرستان داوا لە هێز و لایەن و کەسایەتییە نەتەوەییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین هەرچی زووتر بەڕێکەوتنی برایانە و پێکهێنانی بەرەیەکی کوردستانی بەدەنگ و ڕاپەڕینی گەلەوە بچن.”
١٦ گەلاوێژ: مانگرتنی گشتی لە کوردستان
ئەمڕۆ، لە هەنگاوێکی یەکگرتووانەدا، شارەکانی مەهاباد، بۆکان، پیرانشار، سەردەشت، سەقز و مەریوان، دووکان و بازاڕیان داخراوە بوو و نەچوونە سەرکار.
١٦ گەلاوێژ: پارتی ئازادیی کوردستان داوای هەرێمی دژە فڕین و هێمن لە un دەکا
لەنامەیەکی سەرئاواڵەدا بۆ کووفی عەنان سکرتێری گشتی un و جەلال تاڵەبانی سەر کۆماری عێراق و مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، حسەین یەزدانپەنا سکرتیری پارتی ئازادیی کوردستان، داوای “ناوچەیەکی دژە فڕین و هێمن بۆ کورد” لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکا.
سکرتێری پارتی ئازادیی کوردستان لەو نامەیەدا دەڵێ: ” ڕۆژهەڵاتی کوردستان کراوەتە کوشتارگە. گەلی کورد داوای رزگاریی و مافەکانی مرۆڤ و ڕزگاریی لە تیرۆری کۆماری ئیسلامی دەکا. تادرەنگ نەبووە و پشێوی هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نەگرتووەتەوە، ماشێنی تێرۆر و کوشتاری کۆماری ئیسلامی لە کوردستان دوور بخەنەوە. دیاریکردنی ناوچەیەکی دژە فڕین و هێمن بۆ حاڵەتی بۆ باشووری کوردستان ، ژێر دەسەڵاتی بەعس دیاریکرابوو، پێویستییەکی حاشا هەڵنەگرە. بەپەرۆشەوە تکاتان لێ دەکەین بە خستنە ڕووی ئەو مەترسییە مەزنە بۆ بەردەمی ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕێکخراویی نەتەوە یەکگرتووەکان. دەوڵەتانی هاوپەیمانی دژی تێرۆر لە عێراق، ڕێگا مەدەن ئەنفال، کیمیا باران و ژینۆسایدی ١٢٨٠٠٠ کوردی ساڵەکانی ١٩١٦ ـ ١٩١٥ (بە دەستی هێزەکانی ڕووس و ئەرمەن و بە پیلانی سیاسەتڤانانی ترک) لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بەدەستی کۆماری تێرۆریستی ئیسلامی دووپات بکرێتەوە. کورد خوازیاری دوورخستنەوەی ماشێنی تێرۆری کۆماری ئیسلامی لە کوردستانە. بەدیاریکردنی ناوچەیەکی” دژە فڕین و هێمن” بۆ پاراستنی کورد لە هێزەکانی کۆماری ئیسلامی، کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە تێرۆریستان بپارێزن.”
هەر لە پێوەندی لەگەڵ پێویستی هەریمی دژە فڕین و هێمن بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، نووسەر و ڕووناکبیری نەتەوەیی بەڕێز ئەیوب ئەیووبزادە، لە تویی بابەتێک دابەناوی ” گرینگی و پێویستی هەرێمی پاراستن و دژە فڕین لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان” بە ئاماژە بە ڕاپەڕینی ڕۆڵەکانی کورد لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و خستنە ڕووی روانگەی نەتەوەیی بۆ بارودۆخی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەو پرسە شیی دەکاتەوە.

١٧ گەلاوێژ: خۆپیشاندان و تێکهەڵچوون لە کامیاران
ژمارەیەکی بەرچاو لە دانیشتوانی شاری کامیاران، خۆپیشاندانێکی چەند سەعاتی وەڕێدەخەن. لەو خۆپیشاندانەدا، دژ بە ڕێژیم و تاوانی هێزە داگیرکەرەکان لە کوردستان، دروشم دەدرێ. هێزەکانی ڕێژیم وەک شارەکانی دیکە، پەلاماری خۆپیشاندەران دەدەن و خۆپیشاندەرانیش لێیان وەدەست دێنەوە. تێکهەڵچوونەکە برینداری لەهەر دوو لاوە لێدەکەوێتەوە. هەروەها ژمارەیەک لە خۆپیشاندەران دەگیرێن و ڕاپێچی گرتووخانەکان دەکرێن.
١٨ گەلاوێژ: سووڕانەوەی هێلیکۆپتەری شەڕکەر لە ئاسمانی ورمێ
بۆ پێشگیری کردن لەهەستانی کوردان لە ورمێ و کۆنتڕۆڵی بارودۆخەکە هاوکات لە ئاسمان و زەوییەوە، لە پێشنیوەڕۆوە هێزەکانی دەوڵەتی داگیر کەر دەکەونە جموجۆڵەوە. لە ئاسمانی شارەوە، چەند هێلیکۆپتەر دەسوڕێنەوە وە دەور لێدەدەن و لە ناو شاریشدا، هێزەکانی ڕێژیم لە شەقام و گۆڕەپانەکان بە گشتی و گەڕەکە کوردنشینەکان بە تایبەتی دامەزراون. بە دیوارە کانی شارەوە، دروشمی دژی دەوڵەتی بەرچاو دەکەون.
١٨ گەلاوێژ: کرماشان لە دۆخی هەستاندایە
کرماشان بۆ خۆپیشاندان دەکەوێتە جموجۆڵەوە. هەزاران شەونامە لە شەقام و گەڕەکەکان بڵاو دەکرێنەوە کە تێیدا بانگەوازی خۆپیشاندان و مانگرتن دەکرێ. کاربەدەستان و هێزەکانی ڕێژیم بۆ پێشگیری لە هەستانی خەڵک، لەئامادە باشی و ڕەچاوکردنی ڕێوشوێنی تایبەتدان. ڕۆژنامەی” جمهوری اسلامی” لە ژمارەی ئەو ڕۆژیدا لەم پێوەندییەدا دەنووسێ:” لە درێژەی ئەو نا ئارامیانەی کە بە بەرنامە و هاندانی کەسانی دژی شۆڕش ڕوودەدەن، ئەو کەسانە نیازی گوێزانەوەی نائارامییەکان بۆ کرماشانیان هەیە و ژمارەیەک ڕاگەیانراویان لە ئاستی کرماشاندا بلاو کردۆتەوە.”
تێبینی: کەڵکوەرگرتن لە زانیارییەکانی ئەم رۆژمێرە تەنیا بە ئاماژە بە سەرچاوەکەی ئازادە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *