ڕێبوار ئەحمەدزادە:دێموكڕاسی پرسی نەتەوەیی چارەسەر ناکات!

بەشی پێنجەم: ‎داگیرکاریی ناوخۆیی ‎ ئایا وڵاتی نەتەوە (نافارسەکان) لە ژێر دەستی داگیرکەر دایە، یان هێماو بۆنەگەلی داگیرکاری لەو ناوچانە بوونیان هەیە؟ ‎هەبونی ستەمی نەتەوەیی و ڕەگەزپەرستی لە ئێران وڵامدەرەوەی ئەو پرسیارەیە. هەر تاکێکی سیاسی ئەگەر ڕاست بین بێت ناتوانێ حاشا لە هەبوونی ستەمی نەتەوەیی و ڕەگەزپەرستی لە ئێران بکات.

سادق زیبا کەلام یەکێ لە بیرۆکەوانانی کۆماری ئیسلامی دەڵێت کە « گشت ئێرانیەکان ڕەگەزپەرستن» بیرۆکەوانێکی دیکە بە ناوی (عەباس عەبدی) دەڵێت: « ناوچەکانی نەتەوە نافارسەکان لە لایەن ناوەندە ئەمنیەتیەکانەوە سەرپەرشتی دەکرێن» بەمجۆرە بە ڕونی و بە ئاشکرا دان بە ڕەگەزپەرستی و داگیرکاریدا دەنێن. . ‎هەژدە کەس لە کارناسانی کۆمیتەی دژە ڕەگەزپەرستی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتوەکان لە ٢٧ی ئوتی ساڵی ٢٠١٠ پێیان وابووە کە سیاسەتی ڕەگەزپەرستانە لە دژی کەمایەتیە نەتەوەییەکان لە “ئێران” بەڕێوە دەچێت و داوایان لە کۆماری ئیسلامی کردووە کە ڕێز لە مافەکانی مرۆڤ بگرێت و دەست لە سیاسەتی ڕەگەزپەرستانە هەڵبگرێت. ‎بەڵگە و پشت پێ بەستن؛ ‎شایانی باسە کە لێردەدا (ڕەگەزپەرستی ڕواڵەتیی) مەبەست نیە بەڵکو قسە لەسەر ڕەگەزپەرستیی فەرهەنگییە. ‎ دژایەتی کردن لەگەڵ نەتەوەکانی کورد،ئازەری.عەرەب،بەلوچ و…کە لە نوێنە و نیشانەی فەرهەنگی فارسەکانە، ڕەگەزپەرستیەکی فەرهەنگی ڕون و ئاشکرایە. ‎هەروەها هەڵاواردنی ئایینی بەرچاوترین ڕووی داگیرکاری فەرهەنگییە کە کۆماری ئیسلامی بە یاسایی کردوە بە جۆڕێک کە جگە لە شیعەی دوازدە ئیمامی هیچ ئایینزایەکی دیکە مافی هەڵبژاردنی بۆ بەدەستەوە کردنی بەرپرسایەتی سێ دەسەڵاتەکە نییە. ‎خەباتی هەشتا و چەند ساڵەی ئەو نەتەوانە بە دژی حکومەتی ناوەندی و چەندین لایەنی ڕاکردوی ناوەند، کە لەو ناوچانە سەریهەڵداوە و ویست و خواستی دیاریکراوی هەیە، هەبونی بارودۆخێک دەسەلمێنێ کە لە ڕوانگەی کۆمەڵناسییەوە پێی دەکوترێ « داگیرکاری ناوخۆیی». ‎قەدەغە کردنی پەروەردە و فێربون بە زمانی دایکی، ئاسیمیلاسیۆنی زۆرەملێ،سووکایەتی پێکردنی فەرهەنگی و هەڵاواردنی ئابوری و ڕامیاری هاوکات لەگەڵ ڕوانینی ئەمنیەتی بۆ نەتەوە نافارسەکان، پێگەی ڕون و ئاشکرای سیاسەتەکانی داگیرکاری ناوخۆییە. ‎بەڵام لە هەشت دەیەی ڕابردودا بەهۆی هەبونی دیکتاتۆری و نەبونی ئازادی ڕادەربڕین ئەو ڕاستیانە لە ژێر پەردەدا ماونەتەوە و زۆربەی خەڵک ڕیشەی گرفتاریەکانی خۆیان نازانن و هەندێکیش لە ڕوناکبیرەکانی نەتەوەی دەسەڵات بەدەست، باس کردن لەو بابەتەیان کردوە بە تابۆ و لە ژێر ناوی داکۆکی کردن لە یەکیەتی نەتەوەیی و تەواویەتی ئەرزی، پێشگیریان لەهەر جۆرە ڕوناکبیری و بەرچاو ڕونیەک کردوە. ‎ئابوری ئەو ناوچانە بە نرخی گەشە سەندنی ئابوری ناوەند، لەناو براوە. ئاستی ئاسوودەیی و خزمەت کردن لە تاران و ئیسفەهان بەهیچ جۆرێک لەگەڵ کوردستان و بەڵوچستان و تا ڕاددەیەکیش لەگەڵ ئازەربایجان و خوزستان بەراورد ناکردێ. کوردێک لە هیچ بوارێکەوە لەگەڵ تارانیەک یەکسان نییە. نە زمان،نە جۆری ژیان، نە بارودۆخی ژیان، نە کاروپیشەیەک کە ئەنجامی دەدەن لە ئاستێکدا نین. ‎ ئێمە لێرەدا لەگەڵ نەتەوەی هەژار و زەنگین بەرەوڕوویین و هاش و هوش و شات و شوت کردنی برایەتی و یەکسانی شتێک نیە جگە لە دروشمێکی هەڵخەڵەتێنەر بۆ کەسانی نا ئاگا. ‎لە ساڵی ١٢٩٩ سەردەمی کۆدەتاکەی ڕەزاخان و پێش بە دەسەڵات گەییشتنی ناوبراو، سەرجەم ویلایەتەکان بە ممالک محروسە (وڵات یان سەرزەمینە پارێزراوەکان) ناودەبران. ‎ لە بواری ئابوری و شێوەی ژیان تا ڕاددەیەکی زۆر وەک یەک دەژیان و فەقیری و زەنگینی تەنها بە خاکی بە پیت و بەرەکەت وبە پڕایی دانیشتوان، پەیوەندیدار بو. بەڵام دوای دروست بونی دەوڵەتی ناوەندگەرا لە تاران، سەربەخۆیی ڕێژەیی ویلایەتەکان لەناوچو و نەتەوە نافارسەکانیش بە بیانوی دژایەتی کردن لەگەڵ خان سەرکوت کران و ئابوریەکەیان بە تاڵان چوو یان لەناوبرا.

ئەم بابەتە درێژەی ھەیە.

PAK-EU
Hittpis://t.me/PAKeurope
@PAK-EU

Share Button

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *