ڕێبوار ئەحمەدزادە:#دێموکڕاسی پرسی نەتەوەیی #چارەسەر ناکات!

#بەشی_یەکەم:
لە نووسینی: ڕێبوار ئەحمەدزادە
گەشە کردنی بزوتنەوەو جوڵانەوە نەتەوەییە نا فارسەکان لە دەیەکانی ئەم دواییە لە ئێرانی دروستکراوی ڕەزا شا، قسە و باسی تازەی هێناوەتە ناو گوتاری سیاسی و زۆرێک لە لایەن و کەسایەتیە سیاسیەکان هاتونە سەر ئەو باوەڕە کە بێ سەرنجدان بە چارەسەر کردنی پرسی نەتەویی لە وڵاتێکی فرە نەتەوەیی وەک “ئێران”ی ئەمڕۆ، هەر جۆرە هەوڵدانێک بۆ جێگیر کردنی دێموکڕاسی بێ ئاکام دەمێنێتەوە.

ناکام بونی بزوتنەوەی سەوز بۆ بە دەست هێنانی پشتیوانی نەتەوە نا فارسەکان نیشانی دا کە سەردەمی دروست کردن و دانانی نوێنەر و ئاڵترناتیڤی سەراسەری لە ناوەندەوە بەبێ لەبەر چاو گرتنی ویست و خواستی نەتەوە نا فارسەکان و بانگهێشت کردنیان بۆ پەیوەست بون بە ئاڵترناتیڤی ئاماژە پێکراو، بەسەر چووە. چونکە ئاڵترناتیڤی ناوچەیی هاتونەتە ئاراوەو پێگەو جێگەی کۆمەڵایەتی بەهێزو بەرچاویان بەدەست هێناوە. ئەو ئاڵترناتیڤە ناوچەییانە لە خەبات بە دژی دیکتاتۆریی دەسەڵاتداری ناوەند ڕۆڵێکی بەرچاویان هەیە و ئیدی هیچ کەس و لایەنێک ناتوانێ بەبێ بەشداری کردنی نوێنەری فەرمی ئەو ئاڵترناتیڤە ناوچەییانە لە جێگایەکی دیکەوە بڕیاری سیاسی بۆ خەڵکانی ئەو ناوچانە دەربکات. چونکە ئەو نەتەوانە بۆ هەر جۆرە هاوکاری و چالاکیەکی هاوبەش، خوازیاری بە فەرمی ناسینی مافی دیاری کردنی چارەی خۆنوسینی خۆیانن. هۆکارەکانی گەشە سەندنی بزوتنەوە ناوچەییەکان؛ دوای جەنگی دوهەمی جیهانی و تا کۆتایی شەڕی سارد، چالاکانی نا فارس بەبێ گەورە کردنەوەی خواستە نەتەوەییەکانیان،زۆرینەی ئەندام و لایەنگرانی پارت و لایەنە سەراسەریەکانیان پێک دەهێنا. بەڵام دوای لەبەریەک هەڵوەشانی یەکیەتی سۆڤیەت و زیندو بونەوەی ڕوحی ناسیۆنالیزم لە سیاسەتی جیهانیدا، بارو دۆخەکە گوڕدرا و بو بەهۆی سەرهەڵدانی بزوتنەوەگەلێکی بەرچاوی نەتەوەیی. کۆتایی جەنگی سارد خێرایی بەخشییە ڕەوتی بە جیهانی بون و یارمەتیدەر بو بۆ ناسنامەی نەتەوەیی و ئێستاکە دەوڵەت-نەتەوەی دەست کرد لەسەر و خوار دەساوێندرێن. لە سەرەوە ڕەوتی گلۆبالیزاسیۆن سنورەکان تێک دەشکێنێ و دەسەڵاتی دەوڵەت-نەتەوەکان کەم دەکاتەوە و لە خوارەوەش خێرایی بەخشین بە ناسنامە ئیتنیکیەکان لەژێر کاریگەری شۆڕشی ئینفۆرماتیک و هاتوچۆی ئازادانەی زانیاری و…، دەوڵەت-نەتەوە بە شێوەیەکی ڕاستەقینە لاواز دەکرێ و بەوشێوەیە ناسنامەیەک کە بۆ ڕەوایی بەخشین بە دەوڵەت-نەتەوە لەبەر چاو گیرابو واتای ڕاستەقینەی خۆی لە دەست دەدا و قەیرانی ناسنامەی کۆمەڵگا دەگۆڕدرێ. ئەو ئاڵ و گۆڕە لە وڵاتانی فرە نەتەوەیی وەک “ئێران”ی ئەمڕۆ بەرچاوتر بووە و بە تایبەتی کۆماری ئیسلامی هەوڵی داوە لە تریبونە تایبەتیەکانیەوە ناسنامەی “ئێرانی، ئیسلامی شیعی “بۆ خەڵک داتاشێ کە سەرکەوتو نەبو. دوای تەواو بونی شەڕی ئێران عێراق و گەڕانەوەی شەڕوانەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان ، گروپگەلی فەرهەنگی – سیاسی بە ناسنامەی نەتەوەیی لە ناوچە نافارسەکان هاتنە ئاراوە. هەروەها بە هاتنی چالاکە سیاسیە سۆسیالیستەکانی ڕابردو بەرەو چالاکی نەتەوەیی، روخسار و پێکهاتەی قەوارەی ئێران گۆڕدرا و نافارسەکان وردە وردە لە بزوتنەوەو جوڵانەوە سەراسەریەکان هاتنەدەر و چونە ناو ڕیزەکانی جوڵانەوە نەتەوەیی و ناوچەییەکان وئیدی ئەمجارە لەسەر بنەمای ڕەچەڵەکی نەتەوەیی، خۆیان پێناسە دەکرد. لە سەرەتاوە زۆرێک لە سیاسیە کۆنەکانی فارس گۆڕانی باردودۆخەکە و گۆڕانی گوفتومانی سیاسی یان بۆ قوت نەدەچو. چالاکانی نەتەوەییان بە هێند نەدەگرتن و چالاکیەکانی ئەوانیشیان بە جودایی خوازی ناوزەد دەکرد و پێیان وابو ئەگەر باسی کێشەی نەتەوەیی بکەن، ئەوە لایەنە جودایی خوازەکان بەهێز دەکەن.

درێژەی دەبێت

pak-eu.com

🔴کاناڵی ئورووپای پارتی ئازادیی کوردستان PAK، باشترین کاناڵی تلگرامی هەواڵ و زانیارییە ،

https://t.me/PAKeurope/513

 

Share Button

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *