ڕێبوار ئەحمەدزادە:دێموکڕاسی پرسی نەتەوەیی چارەسەر ناکات!

‎بەشی سێھەم: ‎وێنستۆن چەرچیل دەڵێ: (دێموکڕاسی خراپترین جۆری حکومەتدارییە جگە لە شێوەکانی دیکەی حکومەت) واتە مرۆڤ تا ئەمڕۆکە هیچ جۆرە حکومەتێکی باشتر و کاراتری لە دێموکراسی بەرهەم نەهێناوە. ڕۆژگارێک وا بیر دەکرایەوە کە سوسیالیزم و کۆمۆنیزم دوایین جۆری حکومەتی مرۆڤ دەبێت و گشت کێشەکان چارەسەر دەکات .

‎بە قەبوڵکردنی ئەوەی کە حکومەتی دێموکراتیک باشترین جۆری حکومەتەکانە ئەو پرسیارە دێتە ئاراوە کە ئاخۆ حکومەتی دێموکراتیک دەتوانێ پرسی نەتەوەیی چارەسەر بکات یان نا؟ ‎وڵامی ئەو پرسیارە (نا)یەکی گەورەیە چونکە ئەگەر دێموکڕاسی ئەو پرسەی چارەسەرکردبا دەبوایە دەمێک با کە پرسی نەتەوەیی لە وڵاتانی، بەریتانیا، ئیسپانیا، فەڕانسە و… کە دەمێکە حکومەتی دێموکراتیکیان هەیە، چارەسەر بوایە. ‎لە کاتێکدا کە دەبینین نزیکەی 300 ساڵە پرسی نەتەوەیی ئیرلەند لە بەریتانیا چارەسەر نەکراوە یان فەڕانسە کە بێشکەی دێموکڕاسی سەردەمە لە 200 ساڵی ڕابردودا نەیتوانیوە ئەو پرسە چارەسەر بکات. ئیسپانیاش ئێستاش بە شێوەیەکەی ئاستەم و دژوار دەرگیری پرسی نەتەوەیی باسکە. ‎جا ئەگەر لەو وڵاتانە دێموکڕاسی نەیتوانیبێ پرسی نەتەوەیی چارەسەر بکات لە وڵاتێکی وەک “ئێران” کە 200 ساڵی دیکەش ناتوانن بگەن بەو دێموکڕاسیەی ئەوان، ئیدی چۆن دەتوانێ چارەسەری بکات؟! ‎دێموکراسی ناتوانێ پرسی نەتەوەیی چارەسەر بکات چونکە لە ڕوانگەی کۆمەڵناسی یەوە چارەسەر کردنی پرسی نەتەوەیی لە پێش جێگیر کردنی دێموکڕاسییە نەک بە پێچەوانە. ‎بابەتی پرسی نەتەوەیی، مافی دیاری کردنی چارەی خۆ نووسین و ڕزگار بون (ئیمانسیپاسیۆنە نەک دێموکڕاسی. ئیمانسیپە لە زمانی لاتیندا بە واتای قوتار بون و ڕزگار بونە. ‎.بەڵام ئەمڕۆ (ئیمانسیپاسیون) لە زانستە مرۆڤیەکاندا بە واتای لابردنی نیر و تەوقی گەردن و قوتار بون لە کۆیلایەتییە، ڕزگار بونی تاکێک، چینێک یان کۆمەڵگایەک لە کۆیلایەتی و ژێر دەستییە. ‎ئیمانسیپاسیۆن لە ئەدەبییاتی فارسیدا زۆرتر بە واتای ئازادی دێت کە نادروستە چونکە ڕزگار بون بۆخۆی لە پێش ئازادییە. ‎لە کۆمەڵگایەکی ژێردەست و کۆیلەدا ناکرێ قسە لە ئازادی و دێموکڕاسی بکەیین چونکە کۆیلە و ژێر دەست پێش هەڵبژاردن و دیاری کردنی شێوەی ژیانێکی ئازاد و سازدانی حکومەتێکی دێموکراتیک، دەبێ لە کۆیلایەتی و ژێر دەستی قوتاری بێت، بۆ ئەوەی بتوانێ ئازادانە ژیان بکات. ‎ لە کۆمەڵگایەکی داگیرکراودا ناکرێ قسە لە دێموکڕاسی بکرێت چونکە داگیرکراو و داگیرکەر یەکسان نین بۆ ئازادی و دێموکراسی، داگیرکراو دەبێ پێش هەر شتێک لە کۆت و بەندی داگیرکاری ڕزگاری بێت. ‎ژنان لە کۆمەڵگایەکی پیاو سالاردا تا کاتێک لە کۆت و بەندی نەریتە دوا کەوتوەکانی مێژوودا ڕزگاریان نەبێ، ناتوانن لەگەڵ پیاوان یەکسان و تەواو ئازاد بن و قسە لە دێموکڕاسی پێشکەوتوو سەردەمیانە بکەن. ‎دیارە لێرەدا قسە لەسەر دێموکڕاسی سەردەمە نەک شێوەکانی سەرەتایی دێموکڕاسی لە یۆنان و… قسە لە کاتی ئێستاو دێموکڕاسی سەردەمە کە هاووڵاتیانی ئازاد حکومەتی هەڵبژێردراو و دڵخوازی خۆیان پێکەوە نابێ. ‎پرسی نەتەوەیی لە وڵاتانی فرە نەتەوە لە کاتێکدا سەری هەڵداوە کە حکومەتی ناوەند و دەوڵەت – نەتەوەی سەپێندراو پێکهێنراوە. بە شێوەیەکی دیاریکراو پرسی نەتەوەیی لە ئێران لە سەردەمی بە دەسەڵات گەییشتنی ڕەزاشا لە ساڵی ١٣٠٤ی هەتاوی دەستی پێکردوە و ڕۆژ دوای ڕۆژیش پەرەی سەندووە تا ئەو جێگایەی کە ئەوڕۆ بۆتە گرینگترین پرسی سیاسی کۆمەڵگای ئەو وڵاتە بە زۆری پێکەوە لکێندراوە. ئەم بابەتە درێژەی ھەیە.

PAK-EU

Hittpis://t.me/PAKeurope
@PAK-EU

Share Button

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *