ڕێبوار ئەحمەدزادە: ‎دێموکڕاسی پرسی نەتەوەیی چارەسەر ناکات!

بەشی چوارەم

ئەو پرسەیە کاتێک ئاڵۆزتر دەبێت کە ئۆپۆزیسیۆن و نەیارانی حکومەتی ناوەند پێیان وایە بە جێگیر کردنی سیستەمی دێموکڕاسی لە ئێران ئەو پرسە چارەسەر دەبێ و پێویست ناکا پێش جێگیر کردنی دێموکڕاسی پێداگری لەسەر چارەسەر کردنی پرسی نەتەوەیی بکرێ.

‎دەستەواژەی ئیمانسیپاسیون لە سەردەمی سەرهەڵدانەوە( ڕێنێسانس) لە ئوروپا هاتۆتە ناو فەرهەنگی کۆمەڵناسییەوە و هاتنە کایەی بیری ڕەخنەگرانەو ڕزگار بون لە کۆت و بەندی باوەڕە متافیزیکیەکان ڕێگای بۆ سەرهەڵدانی شارستانییەت و هەڵس و کەوتی زانستیانە لەگەڵ مرۆڤ، کۆمەڵگاو سروشت دوای ڕێنێسانس ئاوەڵاتر کردوە.
‎ئابراهام لینکن لە کاتی شەڕەکانی جیایی خوازی باشوری ئامریکا بە بڕیاری هەڵوەشاندەوەی سیستەمی کۆیلایەتی، ئیمانسیپاسیونی هێنایە ناو فەرهەنگی سیاسی و (لامارتین) بە وتارە ئاگرینیەکانی لە پارلەمانی فەڕانسە خوازیاری ڕزگاری خەڵکانی ژێر دەست بو، کەسایەتیەکانی ڕیزی پێشەوەی جوڵانەوەی ژنانیش ڕزگاری ژنان و ئازادی تەواوی کۆمەڵگایان بە گرێدراوی یەکتر زانیوە.
‎کاتێک وتەکانی (لینکن) دەخوێنینەوە و چاو بە وتەکانی (لامارتین)دا دەخشێنین، کاتێک گوێ دەدەینە وتەکانی (مارتین لوترکینگ) بۆمان دەردەکەوێ کە ئەو کەسایەتیە گەورانە باسی دێموکراسی ناکەن و قسە لەسەر ئیمانسیپاسین دەکەن کە بنەمای سەرەکی ئازادیە و لە پێش دێموکڕاسییە.
‎پیربوردیو فەیلەسوف و کۆمەڵناسی فەڕانسەوی کاتێک دەرد و ئازارەکانی گەلی ئەلجەزاییری بینی کە داگیرکراوی دەوڵەتی فەڕانسە بون و چاوی بە پەیوەندی داگیرگەر و داگیرکراو کەوت، ئیمانسیپاسیونی پێشنیار کرد کە لەسەر دەست ئەلجەزاییریەکان ئەنجام بدرێت.
‎نەتەوەکانی (نکرومە) لە غینا و (پاتریس لومومبا) لە کۆنگۆ بە دروشمی ئیمانسیپاسیون دەستیان دایە شۆڕش و امەسەز، ئیمانسیپاسیونیی کردە بابەتی هۆنراوە ڕزگارییخوازیەکانی خۆی.

‎بێ گومان لەوناوەدا (فرانتس فاتون) بیرۆکەوانی دیاری شەڕەکانی دژە داگیرکاری، ڕزگاری مرۆڤە ژێر دەستەکان لەسەر دەستی خۆیانی زیاتر لە هەمو کەسی دیکە، گەڵاڵە و فۆرمۆلە کردوە و هەر لەبەر ئەوەشە کە بۆتە خاوەنی زۆرترین بۆچون و تێڕوانینی ئیمانسیپاسیون لە سەدەی بیستەمدا.
‎لە سەردەمی ئێمەدا ئیمانسیپاسیون بە دروشمی ئازادی و دێموکڕاسی باسی لێوەدەکرێ، بەڵام ئیمانسیپاسیون هەمو کاتێک بە دێموکڕاسی کۆتایی پێنایەت. بۆ خەڵکانێک کە وڵاتەکەیان داگیر کراوە، سەربەخۆییخوازی تاکە ڕێگایە تەنانەت ئەگەر دەرەنجامەکەشی حکومەتێکی نا دیموکراتیک بێت.
‎بە شێوەیەکی گشتی شۆڕشەکان دەست بەجێ ناگەن بە دێموکڕاسی بەڵام دەتوانن زەمینەی دێموکڕاسی بەرهەم بهێنن. چونکە شۆڕش زۆرتر دژی چەوساندنەوە و دیکتاتۆرییە و لە کۆمەڵگا دیکتاتۆریەکاندا پێش هەڵگیرسانی شۆڕش، دیکتاتۆرەکان دەسەڵاتی تەواویان هەیە و ڕێگا نادەن خەڵکی لە دەوری یەکترکۆببنەوەو ڕاهێنانی دێموکراسی ئەزمون بکەن، بۆیە لە قۆناغی شۆڕشدا زۆربەی خەڵک لەگەڵ دێموکڕاسی بێگانەن و تەنها دەیان هەوێ لە زوڵم و زۆری و داگیرکەر و مڵهوڕ ڕزگاریان بێت.
‎کاتێک ڕزگاریان بو تازە دەزانن کە دەبێ دەوڵەت پێکەوە بنێن و دوای ئەوەی کە ناوەندە دەوڵەتیەکان پێکهێندران، ئەمجار پرسی دێموکڕاسی و دەوڵەتی دێموکراتیک وهەڵبژێردراوی خەڵک دەبێتە ویستی گشتی و تازە دەبێ بۆ ئەویش چالاکی و بەرخۆدان بکرێ . دیارە ئەو ڕاستییە تاڵانە دژایەتی هەیە لەگەڵ تێڕوانین و بۆچونەکانی ڕوناکبیرانی دیموکرات.
‎بەڵام لە بواری مێژوویەوە ئیمانسیپاسیون قۆناغێکی چاوپۆشی لێنەکراوە کە دەبێ کۆمەڵگا مرۆڤیەکان بۆ ڕەوتی تەواوکاری و گوورانی خۆیان، پێیدا تێپەڕ بن.
‎ئەم بابەتو درێژەی ھەیە.
PAK-EU
Hittpis://t.me/PAKeurope
@PAK-EU

Share Button

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *