ڕەوەندی کوردی لە نۆروێژ بۆ جارێکی دیکەش یەکدەنگ و یەک هەڵوێست سیاسەتی تیڕۆر و سەرکوت و زەبروزەنگی کۆماری ئیسلامی لە دژی تێکۆشەرانی کورد لە نێوخۆ ودەرەوەی کوردستانی ئیدانەکرد.

لە سەر داوای کۆمیتەی هاوکاری حیزب و رێكخراوە سیاسی و فەرهەنگی و کولتووریەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان لە نۆروێژ، ئەمڕۆ شەممە، ڕیکەوتی ٢٤ی مانگی مارسی ٢٠١٨ی زایینی، رەوەندی کوردی لە نۆروێژ،

ڕێپێوانێکی ئیعترازی و هێمنانەیان بە مەبەستی ئیدانەکردنی سیاسەتی تیرۆر وسەرکوت و زەبروزەنگی کۆماری ئیسلامی لە نێوخۆ و دەرەوەی کوردستان و لەقاودانی بێدەنگی و بێ هەلوێستی بیروڕای گشتی و ناوەندە بڕیاردەرەکان بەرێوەبرد.

کرتژمێر ١٢ی نێوەڕۆ کوردستانیانی دانیشتووی نۆروێژ لە گۆڕەپانی وێستگەی سەرەکیی شەمەندەفەری ئۆسلۆ لە دەوری یەکتر کۆبوونەوە. پاشان بە بەرزکردنەوەی دروشم و پلاکارتی جۆراو جۆر و دروشمدان بە شەقامە سەرەکیەکانی شاری ئۆسلۆدا بەرەو پاڕلەمانی نۆروێژ وەڕیکەوتن.
لە کاتی تێپەڕین بە شەقامەکانی نێوشاری ئۆسلۆدا، دروشم و پەیامەکانی خۆپێشاندەران سەرنجی هەزاران کەس لە خەڵکی ئۆسلۆیان بۆلای خۆیان ڕاکێشابو. بەتایبەتی لە کاتێکدا کە پێکەوە سرودی ئەی شەهیدانیان دەوتەوە،زۆربوون ئەوخەڵکانەی بە نیشانەی هاوپێوەندی دەگەڵ خۆپێشاندەران ئیحساساتی خۆیان نیشاندەدا. ئەوە لە حاڵیکدا بوو کە پۆلیس لە پێشەوەی خۆپێشاندانەکەوە بەمەبەستی پاراستنی ڕێکوپێکی و هەروەها ئەمنییەتی خۆپێشاندەران دەڕۆییشت.
لە ریزی پێشەوەی خۆ پێشاندانەکەدا، ئارم و لۆگۆی هەموو حیزب و رێکخراوەکانی بەشداربوو بەرچاودەکەوت.. جگەلەوە ئاڵای کوردستان و وێنەی شەهیدانی کوردستان کە ببونە قوربانی دەستی ئیعدام وتیرۆری کۆماری ئیسلامی، بەدەستی خۆ پێشاندەرانەوە دەبینران.
دواتر ئاپۆرای خەڵکەکە لە بەردەرگای پەڕلەمانی نۆروێژ کۆبونەوەو میتینگێکی سیاسی و ناڕەزاییان بەرێوە برد. لەسەر داوای کاک قادر عەزیز بەگی ، نوێنەری کۆمیتەی بەرێوەبەری میتینگەکە، دوای ڕاگرتنی خوولەکێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان لەسەرەتای بەرنامەکەدا، بەشداربووان پێکەوە سرودی نەتەوایەتی و میللی ئەی ڕەقیب یان بەدەنگی بەرز پێکەوەگوتەوە. پاشان بڕیارنامەی خۆپێشاندەران بەزمانی کوردی لە لایەن کاک هیوا خوروەند خوێنرایەوە. دواتر هەمان بڕیارنامە بە زمانی نۆروێژی لە لایەن خوشکە بەفرین ڕۆستەمی خوێنرایەوە. دوای ئەوە بریارنامەکە بەزمانی فارسی لە لایەن کاک ئیدریس کەریمی خوێنرایەوە. لە بەشیکی دیکەی بەرنامەکەدا یەکێک لە ئەندامانی پاڕلەمانی نۆروێژ بەناوی Freddy Øvestehård پشتیوانی خۆی لە داخوازەکانی ڕەوەندی کوردی نیشاندا و سیاسەتی تیرۆر و تۆقاندنی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بە دژی تێکۆشەرانی کورد مەحکوم کرد و داوای لە دەوڵەتی نۆروێژ کرد لە پێوەندی دەگەڵ داکۆکی لە ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستاندا پتر چالاک بێت و لە تواناو دەرەتانی دەوڵەتی نۆروێژ لە ناوەندە جیهانیەکان و کۆریدۆرە دێپلۆماسیەکاندا بۆ ئەو مەبەستە کەلکی پێویست وەرگرێ.
ھێژای ئاماژە پێکردنە لە بڕیارنامەکەی خۆپێشاندەراندا جگەلەوەی سیاسەتی سەرکوت و ئێعدام و زەبروزەنگی کۆماری ئیسلامی لە کوردستانی ئیران مەحکووم کرابوو، نێگەرانیش بەرامبەر وەگەرکەوتنەوەی ماشینی تیڕۆری کۆماری ئیسلامی بەدژی تێکۆشەرانی کورد لە باشوری کوردستان نیشان درابوو. لەوەش زیاتر داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و بیرورای گشتی خەڵکی کوردستان کرابوو نەیەڵن کۆماری ئیسلامی جارێکی دیکە کوردستانی باشور بکاتە کوشتارگای تێکۆشەرانی کوردی نێو ریزەکانی ئۆپۆزیۆنی رێژیم.
شایانی باسە کە کۆمیتەی هاوکاری حیزب و رێکخراوەکانی کوردستان، پارتی دێموکراتی کوردستان، یەکیەتی نیشتمانی کوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان، پارتی دێموکراتی کوردستان/باکور، وێڕای بەشداری کردنیان، پەیامی هاوپێوەندیی و پشتیوانی خۆشیان بۆ کۆمیتەی بەرێوەبەری خۆ پێشاندانەکە ناردبوو کە لەکاتی بەرێوەچونی بەرنامەکەدا ئاماژەی پێکرا.
دەستەی بەرێوەبەری خۆ پێشاندانەکە سوپاسی هەموو خوشک و برایانی کورد لە ئۆسلۆ و دەوروبەردەکات کە لەو خۆپێشاندانەدا بەشدار بوون. بەتایبەتی ئەو بەشە لە هاونیشتمانیانی کورد کە لەشار و ناوچە جۆراوجۆرەکانی دەرەوەی ئۆسلۆوە خۆیان گەیاندبووە شوێنی رێپێوانەکە.
حیزب و رێکخراوەکانی پێکهێنەری ئەو خۆ پێشاندانە بریتی بون لە:
پارتی ئازادیی کوردستان PAK
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
کۆمەڵەی شۆرشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێڕان
حیزبی دێموکراتی کوردستان
سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
ڕێکخراوی خەباتی شۆرشگێڕی کوردستان
پارتی سەربەستیی کوردستان
ڕێکخراوی دێموکراتیکی یارسان
———————————-
پارتی ئازادیی کوردستان
کۆمیتەی رێکخستنی نۆروێز
5 نه‌ورۆزی 2718 کوردی
25 مارسی 2018
Kurdistan Freedom Party
NO. Committee
TEL:004796710976
pak.no_hevkari@yahoo.com
www.pak-eu.com

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دەتوانی ئەو تاگ و خەسڵەتانە HTML بەکاربێنیت: <a href="" title=""> <abbr title=""> <acronym title=""> <b> <blockquote cite=""> <cite> <code> <del datetime=""> <em> <i> <q cite=""> <strike> <strong>