کاکەرەش لاجانی:حیزب و خەڵک

ئەو ماوەیە بەپێویستم زانی کە چەند پرسیارێک ئاراستەی خەڵکی خۆمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بکەم، دیارە لە زۆربەی شارو شارۆچکەکان راستەوخۆ وڵامەکانم وەرگرتەوە.

ناوەڕۆکی پرسیارەکەم ئەوە بوو، هەڵوێستی خەڵک بەرانبەر ئەحزابی سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستان چیە؟ ئایا بۆ رزگاریی یەکجاری دەبێ چ رێکارێک بگرینە بەر؟

هەڵبەت ئەو پرسە زۆر بابەتی وروژاند، زۆر رەخنە گیرا، زۆریش سەرکۆنەی حیزبەکان کرا؛ لەگەڵ ئەوەشدا خەڵک بە گڕوتینەوە بەپیر بانگەوازی حیزبەکانەوە دێت. بەڵام بۆ بەرچاو روونی خوێنەر هێندێک لەو بۆچوون و گازەندانەی خەڵک دێنمە بەر باس، ئەگەر لە بەشێکی ئەو بۆچوونانە حیزبەکەی خۆشم بگرێتەوە نکۆڵی لێ ناکەم و زۆر بە کورتی لە چەند خاڵدا ئاماژەیان پێ دەکەم.

رۆژهەڵاتی کوردستان تامەزرۆی یەک گوتاریی و یەک هەڵوێستی و یەکریزیی و یەک جبهەیی لایەنە سیاسییەکانە. خەڵک پێیوایە کە ئەگەر حیزبەکان قۆڵ بە قۆڵی یەکتردا بکەن، باشتر دەتوانن رەوتی خەبات بەرەوە پێشەوە ببەن و کۆمەڵگایی جیهانیی بەرووی خۆیاندا رابکێشن. هەرچەند ئەو باسە زۆر هەڵدەگرێ بەڵام بۆ تۆی خوێنەر و ژیر ئەم چەند دێڕەی سەرەوە بەسە کە لێی تێبگەیت.

نەتەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەرگیز باوەڕی بە سازان و دانیشتن و موزاکرە لەگەڵ رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران نییە و نەبووە. ئەگەر لەرووی ناچاریی حاڵەتێکی ئەوتۆش بێتە پێش، خەڵک چەند تێبینی لەسەر هەیە، وەک: بەشداریی هەموو لایەنەکان بەبێ جیاوازیی دید و بۆچوون، دەبێ خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بەر لە دانیشتنەکە بە بەیاننامەیەکی هاوبەش ئاگادرا بکرێنەوە و رای خەڵکی لەسەر وەربگرن، چۆن ئەوە خەڵکە دەبێتە پاڵپشتی حەڕەکەتێکی لەم شێوە و لە بەرانبەر هەر مەترسییەکدا دەیانپارێزێت. دەبێ کۆمەڵگایی نێونەتەوەیی و un چاوەدێری دانیشتنەکان بکەن. کەوابوو تاکیدی خەڵک لەمەڕ دانیشتنی حیزبەکان لەگەڵ رێژیم بەم پێوەرانەی سەرەوە دەبێ.

خەڵکی خۆمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان پشت قایم بە هێرشی سەربازیی ئەمریکا بۆ سەر ئێران نیین، بەڵکوو لەسەر ئەو باوەڕەن دەبێ خۆیان لە ئێراندا گۆڕان درووست بکەن. هەڵبەت پێشوازیش لە هەر حەڕەکەتێکی ئەمریکا دەکەن کە بتوانێ ئەو رژێمە لە رووخان نزیک بکاتەوە. تەنیا ترسی خەڵک لەوەیە کە تاکوو ئێستا پلاتفۆڕمێکیان بەدەستەوە نییە و هیچ پڕۆژەیەکی دوای روخانیان وەک نامیلکە لەلایەن حیزبەکانەوە بەدەست نەگەیشتەوە.

بابەتی کۆنگرەی بەناو ناودارانی کورد کە لەم چەند رۆژەی رابردوو لە سنە بەڕێوە چوو، مژارێکی گەرموگوڕ بوو. ڕەخنەیەکی زۆر گیرا، زۆر بابەتی لەسەر بڵاو کرایەوە، کەوابوو بە چەند دێڕ دەتوانم بۆچوونی خەڵکی لەسەر بوروژێنم.

خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان زۆر لەوە وردبینترە کە رژێم بیهەوێت جارێکی دیکە بە شانۆگەرییەک جڵەوی کوردستان بەدەستەوە بگرێت. ماهییەتی رژێم لە ٤٠ ساڵی رابردوو بۆ خەڵک وازح و روونە، باش ئەزانن کە لەپشت هەر حەرەکتێکی لەم چەشنە تەڵەکەبازیی و فێڵی خامەنەیی و سپای پاسدارانی لەپشتە، بۆیە جارێکی دیکە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بەدەم بانگەوازیی لەم چەشنەوە ناچێت و ئەگەر خەڵکانێکیش پەلکێش دەکرێن، یا مووچەخۆری رژێمن یا پردێک لە پردەکانی ژیانیان جەمسەرەکەی لە دەست سپای پاسداران دایە.
بۆیە خەڵکی خۆمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان پێشوازێکی گەرمیان لە هەڵوێست و بۆچوونی پارتی ئازادیی کوردستان کرد کە دەتوانم چەند دێڕێک لە بەشی کۆتایی بەیاننامەکە وەک خۆی لەم بابەتەدا بگونجێنم و هەودای وشەکانم ببڕمەوە.

” سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئه‌و شانۆگه‌ریی و ته‌ڵه‌كه‌بازییانه‌، بۆ كورد و بزاڤیی رزگاریخوازیی كوردستان، به‌خه‌سارن و زیان به‌ ‌بزووتنه‌وه‌ رزگاریخوازییه‌كه‌ی ده‌گه‌یه‌نن و، تێچووی هه‌یه‌ بۆیان، به‌ڵام، دواجار تاران به‌و جۆره‌ شانۆ و فریوكارییانه‌، نه‌ ده‌توانێ روانگه‌ی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تیی له‌ سه‌ر كورد بگۆڕێ ، نه‌ ده‌توانێ كورد له‌ ریزبه‌ندیی و هه‌واڵبه‌ندییه‌ سیاسی و سه‌ربازییه‌كاندا، به‌هه‌ڵه‌ به‌رێت و، نه‌ ره‌وڕه‌وه‌ی خه‌باتی راماڵینی هێزه‌داگیركه‌ره‌كانی و گه‌یشتنی كورد به‌ سه‌روه‌ریی و سه‌ربه‌خۆیی بگۆڕێ” .

(کاکەرەش لاجانی)

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *