کاکەرەش لاجانی:رەخسانی دەرفەتی تایبەت بۆ هەرێمی کوردستان لە کۆنفڕانسی مۆنشن (مونیخ )

لەدوای دەرچوونی بریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا، دەکرێ ئەم کۆنفڕانسە بە کۆنفڕانسێکی جیاوازتر تەماشا بکرێ. لەبەر ئەوەی بەشێکی بەرچاو لە وڵاتە ناودارەکانی ئەوروپا، لەوانە ئاڵمانیا و فەڕەنسا هەوڵی ئەوە دەدەن کەئاسایش و ئارامی و ئاشتەوایی و مسۆگەر کردنی مافی نەتەوە بێ دەوڵەتەکان مسۆگەر بکەن.

هەڵبەت دەکرێ بەروونی باس لەوە بکەین کە بەهێزبوونی روسیا و بەربڵاوی هەژموونی تاران و چەند وڵاتێکی دیکتاتۆر و تیرۆریست لە ناوچەکە، پرسی چارەسەری بەهێزتری ئەو کۆنفڕانسە بووە و لەمەو بەدوا هەوڵی بۆ دەدەن کە ئەو وڵاتانە لە دەسدرێژی و سەرەڕۆیی و پێشلکاری جڵەودارتر بکەن و پێشی پێ بگرن.
خاڵێکی دیکەی جێگەی سرنج لەم کۆنفڕانسەدا، رۆڵی ئەمریکا بوو کە زۆربەی هەرە زۆری بەرپرس و وەزارەتەکانی حزوری کارایان بوو.
بەواتایەکی دیکە بەشداری هەر سێ جەمسەری جیهان، دەکرێ بە جیاوازییەکی دیکەی ئەم کۆنفڕانسە لەگەڵ کۆنفڕانسەکانی دیکە هەڵسەنگێنین.
لەئێستادا ئەمریکا گەورەترین بودجەی بۆ مسۆگەرکردنی ئاسایشی جیهان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشکەشی کۆنفڕانس کردووە، هەر ئەوەش بوو کە وڵاتانی ئەوروپایی پێشوازیی گەرموگوڕتر بکەن لە ویست و داخوازییەکانی ئەمریکا.
هەڵبەت نزیکبوونەوەی ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا، بەتایبەتی ئاڵمانیا و فەڕەنسا، لە هەموو روانگەکانی ئەمنی و ئاسایشی و ئابوورییەوە، رێگە لە کۆمەڵێک دەسدرێژی وڵاتانی سەرەڕۆی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگرێ کە یەک لەم وڵاتانە ئێرانە کە بووەتە مەترسی بۆ جیهان و بەتایبەتی روسیە کە لەئێستادا گەورەترین لەمپەری سەر رێگەی ئەمریکایە.
🔸 رۆڵی هەرێمی کوردستان و بەشداریکردن لە کۆنفڕانسی مۆنشن ( مونیخ ) و دەسکەوتەکانی
هەموو لایەک ئاگادارین کە سەرەڕای تێوەگلانی کوردستان بە شەڕی نەخوازراوی داعش و ئاڵۆزی ناوچەکە و موسەیتەر بوونی کورد بەسەر ئەم بشێویانەدا لەسایەی سەری پێشمەرگە و سەرکردە چاونەترسەکانمان بووە، بەڵام ئارامی و ئاسایشی کوردستان لەسەر دەستی بەڕێز کاک مەسروور بارزانی دەستەبەر کرا، هەر ئەوەش بوو کە راستەوخۆ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەعوەتی ئەم کۆنفڕانسە بکرێ.
لەئێستادا بڕیاری ئەوە هەیە کە ناتۆ لەداهاتوودا رۆڵی کاریگەرتر لە هەرێمدا بگێڕێ، هەر ئەوەش بوو کە دەیان کۆبوونەوەی جیاجیا و تایبەتی ئەندامانی ناتۆ لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوە ببەن.
هەڵبەت ئەو کۆبوونەوە تایبەتییانە بواری بۆ وەڤدی حکومەتی هەرێم رەخساند کە داواکارییەکانی باشترو کاریگەرتر ئاراستەی نوێنەرانی ناتۆ بکات. وەکوو: پاڵپشتی ناتۆ بۆ خاشەبڕکردنی داعش، شێوازی بەڕێوەبردنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم، هاوکات هاندانیان بۆ بەردەوام بوونیان لە یارمەتیدانی پێشمەرگەی کوردستان و پڕچەککردنیان. ئەوەش وادەکات پێگەی هەرێم لەرووی سەربازییەوە بەهێزتر بێت و رۆڵێکی زیاتر و کاریگەرتری لە هەرێم و ناوچەکەدا ببێت.
کەواتە بەشداری کەسایەتی سەرۆکوەزیران کاک مەسروور بارزانی خۆی لەخۆیدا خاڵێکی بەهێزی وەڤدی بەشداربووی هەرێمە، چونکە جەنابیان لەرابردوودا رۆڵی گرینگیان هەبووە لە پاراستنی ئەمنییەتی هەرێم و یەکێک بووە لەو فەرماندە چالاکانەی تێکشکاندنی داعش و هاوکات سەرکردایەتی دەزگایەکی کردووە کە هاوکار بووە لە پوچەڵکردنەوەی دەیان هێرشی خۆکوژی و دەستگیرکردنی چەندان سەرکردەی دیاری رێکخراوە تیرۆریستییەکان.
هەر بەو مەبەستە ئەو کۆنفڕانسە دەرفەتێکی زۆر جیاواز بوو بۆ کوردستان، بۆ ئەوەی لەلایەک بتوانێت پاڵپشتی زیاتر بۆ کوردستان بەدەست بهێنێت و دەرفەتەکەیان بەباشی قۆستەوە کە لە هەموو رووانگەکانەوە بەهانای نەتەوەی کوردەوە بێن و دوڕگەیەکی ئارامتری تێدا دروست بکەن.
ئا: لاجانی

PAK-EU

Share Button

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *