کاکەرەش لاجانی:سیاسەتی داگیرکارانەو پیلانی هەڵتەکاندنی پەیکەرەی نەتەوەی کورد

رژێمی فاشیستی ترک دەمێکە هەوڵی ئەوە دەدات کە پردی نێوان باشور و رۆژئاوا لەناو ببات و تووشی دابڕانی یەکجاری بکات. بۆ ئەو مەبەستەش گەورەترین کارتی بەردەستی بۆ سەپاندنی بەرژەوەندییەکانی، لیدانی و راوەدوونانی دژبەرانی بووە.

ئەنکارا بەبیانووی کورتکردنەوەی دەستی دژبەرانی لەناو رۆژئاوا، دەیان جار پەلاماری شەنگاڵ و بادینان و قەندیلی داوە، لەرێگەی ئاسمان و زەوییەوە گوشاری درووست کردوە، .
ئەو رژێمە سەرکوتکەرە بۆ هێشتنەوەی هەژموونی خۆی لە ناوچەکە، هەموو رێکارەکانی تاقی کردۆتەوە، تەنانەت لە فاکتەرەکانی ناوخۆی وڵاتەکەشی کەڵکی وەرگرتووە.
بوونی نەتەوەگەرایی لەناو دەسەڵاتی ترکیە بۆتە چەکێکی بەهێزو بە دژی سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە بەکاریان هێناوە و ناچاریان کرد کە هەڵوێست بنوێنێت و هێرشەکان بۆسەر کورد چڕتر بکاتەوە.
هەرچەند هەرێمی کوردستان وڵاتێکی سەربەخۆ نییە و ئەگەر هێندێ ئیدانە و لێدوان دەر دەکات، تنها بۆ وروژاندنی بەغدا و هەڵوێستی ئیجابی ئەو وڵاتەیە بۆ ئەوەی پێش لە دەستدرێژییەکانی ئەنکەرە بگرێت، بەڵام ئایا عێراق هەڵوێستی جیدیی و کاردانەوەی تووندی بەرانبەر هێرشەکانی ترک و دەستدرێژییەکانی تاران بووە؟
دەوڵەتی ئەمریکا لەم بابەتە بێ ئاگا نییە، ئەگەرچی بەفەرمی گڵۆپی سەوزی بۆ ترکیە هەڵنەکردووە، بەڵام دژایەتیش نانوێنێت. کەوابوو دەکرێ روونتر بڵێین: پیلانەکە ئیقلیمییەو ئەنکاڕاو بەغدا و تاران لە سیاسەتی داگیرکاری و پێشێلی سەروەری سیاسی، پڕۆژەی داڕێژراوی هاوبەشیان هەیە.
لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستوەردان لە سنووری یەکتری دیاردەیەکی شاراوە نییە، چوونکە سنوورەکان بەشی زۆری دەستکردو بێ واتان. کەوابوو پێشێلکردنەکانی ترکیەش بەفەرمی ئیدانە دەکرێن، بەڵام ئایا دەچێتە قالبی جێبەجێکردنەوە؟ کەوابوو دڵنیام بەبێ ئاگاداری ئەمریکاو عێراق نەکراوە.
ماوەیەک بەر لەئێستا وەزیری بەرگری ترکیە هاتە سنوورەکانی بەینی باکورو رۆژهەڵاتی کوردستان و بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ تەهدیدی تارانی کردو رایگەیاند: ئێمە چاوەڕێمان دەکرد کە خاکی دراوسێیەکانمان نەبێتە شوێنی داڵدەدانی دژبەرانی ئێمەو تەنانەت لیستێکی سەد کەسی لە کادیرانی pkkمان لایە کە ئێران داڵدەی داون و نابێ و ناکرێ تاران هەر بەو شێوەیە بەردەوام بێت. هەر ئەوەبوو کە ترکیە بڕیاریدا هێز بجووڵێنن بۆ ئەو سنوورانە.
ئەگەر لەبیرتان بێت لە سەرەتای ئەمساڵدا لوولەی غازی سرووشتی ترکیە لە سنووری بازرگان تەقێندرایەوە و تاکوو ئێستا چاک نەکراوەتەوە، ئێران بەهۆی گەمارۆی ئابووری و کۆڕۆنا چاکی نەکرد، هەرچەند پێویستییەکی زۆری بە فڕۆشتنی ئەو غازە سروشتییە بوو. بەڵام ترکیە ئەو تەقینەوەی کردە کارتێکی گوشار لەسەر ئێران بۆ ڕاونانی دژبەرانی لەو ناوچانە.
دوا هەڵوێستی هاوبەشی ئەنکەرەو تاران بۆ ئۆپەڕاسیۆنی هاوبەش ئەو کاتە بوو کە زەریف پێش لە یەک حەوتوو چووە ترکیە و لەگەڵ چاوشۆغڵو کۆبووە، دوابەدوای ئەمان دانیشتنی سێ قۆڵی تاران و مسکۆ و ئەنکەرە بەڕێوە چوو و دوو رۆژ دوای ئەوە، ئۆپەڕاسیۆنەکان ئەوەندە چڕ کرانەوە کە هەر ئەو شەوە ترکیە بە 26 فڕۆکەی F16 چەندین ناوچەی بۆمباران کرد کە دەکرێ کەمپی مەخموور بە قووڵای خاکی باشووری کوردستان هەژمار بکەین کە ترکیە کردیە ئامانج. ئێرانیش سەرەڕای تۆپ بارانێکی خەستی سنوورەکانی باڵەکایەتی، هێزێکی گەورەو گرانی هێناوەتە سنوورەکانی بەینی رۆژهەڵات و باشوری کوردستان و پێدەچێ ئامانجی گەورەی لەپشت بێت.
بەکورتی دەتوانم لەو نووسینە ئەوا بگەمە ئەنجام: بۆ لێکترازانی نەتەوەی کورد و پێکهێنانی سپاو جبهەی هاوبەشی داگیرکەران بە دژی نەتەوەی کورد، پیلانەکە پێدەچی ئەوا داڕێژرابێ، ئێران و ترک هەوڵی قەڵاچۆی کورد بدەن، ئەویش بە دەست بەسەرداگرتنی زنجیرە چیای قەندیل و خواکوورک، دوای ئەوەیکه توانیان جێگە و پێگەی لایەنەکان لەو شوێنانە لێژ بکەن و دەست بگرن بەسەر نوختەی ستڕاتژییەکانی کوردەوە، ئەمجارە گوشار دەخەنە سەر بەغدا کە لەناو دامودەزگای پەڕلماندا رێفراندۆمێک بکرێ بۆ هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی سیاسیی کورد لە باشوری کوردستان و ئەوەش دەکرێ بە پیلانێکی بەهێزی داگیرکەران هەژمار بکرێ.
هەروەها پێدەچێت کە رێککەوتنێکی دیکە لەنێوان تاران و ئەنکەرە کرابێ و تێهەڵبچنەوە بۆ دابەشکاری سەردەمی سەفەوی و عوسمانییەکان.
یا ئەگەری ئەوە لەئارا دابێ کە ترکیە پردی نیوان باشور و رۆژئاوا بروخێنێ و ئێرانیش بە دەستێوەردان لە هەولێر رێگەی هیلالی شیعە کورت بکاتەوە و وڵامێک بێ بۆ ئەو بێ متمانەییەی کە بەغدا بە تارانی نەماوە.
ئەگەرەکان و پیلانەکان زۆرن، بەڵام دەمێنێتەوە سەر هەڵوێستی ژیرانەی نەتەوەی کورد.
بەڵام ئەگەر نەتەوەی کورد هەر بەو پەرتەوازییە بمێنێتەوە گومانی تێدا نییە کە داگیرکەران لە هەموو پلانەکان سەرکەوتووبن، کەوابوو ئەگەر یەکریزیی و یەکگرتوویی لە نێو ماڵی کورد بێتە ئاراوە، دڵنیام دەتوانین سەروەریی سیاسی خۆمان بپارێزین و لە گەلەکۆمەکی داگیرکەران رزگارمان بێت.

(کاکەرەش لاجانی)

#PAK-EU

Share Button

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *