کاکەڕەش لاجانی:یەزیدییەکان کوردیی ڕەسەنن

بۆ ئەوانەی رەخنەی ناواقعی و ئێحساساتی دەگرن، تکایە پێداچوونەوەیەک بە توانا سیاسی، رۆشنبیری، کۆمەڵاتی و ئایینی خۆتاندا بکەنەوە. دەوڵەمەندیی نەتەوەی کورد بە زمان و ئایینە جیاوازییەکانێتی،

کورد لەم دوو بوارەدا زۆر دەوڵەمەندە. بەڵام کێشەی سەرەکی ئەوەیە هەر کام لە ئایین و زاراوەکان لەژێر هەژموونی دەوڵەتێکی داگیرکەردا بووە و بەمەڕامی دڵی خۆیان هەڵسوکەوتیان لەگەڵ کراوە و بەو پەڕی هێزەوە هەوڵیانداوە زمان، ئایین، کەلتوور و شوناسمان لەناو ببەن. رژێمی داگیرکەری ئێران بەشێوازێک و ترک و عەڕەبیش هەرکام بەشێوازێک هەوڵی پاکتاوی نژادیی کوردیان داوە. دەتوانن دیراسەی لەناوبردنی یارسان، لەک، کەلهوڕ، کرمانج، ئەرمەنی، مەسیحی، فەیلی و یەزیدیی و….هتد بکەن کە تاکوو ئێستا چ تەوژمێکی لەناوچوونیان لەلایەن داگیرکەرانەوە لەسەرە؟ ئەوەی من لەو بابەتە مەبەستمە سەبارەت بە کۆمەڵێک دەربڕینی ناڕاستی برایانی کوردە کە زۆر ناشارەزایانە پاکتاوی سیاسەتی داگیرکەران دەکەن و بەفەرمی باس لە کوردنەبوونی برا یەزیدییەکان دەکەن. له‌ ئاستی شوناسی نه‌ته‌وه‌ییدا، ئێزیدییه‌كان شوناسی دیاریكراوی خۆیان هه‌یه‌ كه‌ كوردیی ڕه‌سه‌ن و ڕاسته‌قینه‌ن. بۆیه‌ ئه‌وه‌ی هه‌یه‌، ئایینی جیاوازه‌ كه‌ هیچ كاتێک لای نه‌ته‌وه‌ی كورد نه‌بووه‌ته‌ هۆكارێك بۆ كه‌م ته‌ماشاكردن و هه‌ڵاوێردكردنی ئه‌وان له‌ نەتەوەی کورد. لەئێستادا برایانی کورد نابێ رەچاوی سیاسەتی کۆمەڵێک بەناو ئیسلامی وەک ئیخوان و ئەنسارو داعش بکەن و زۆر بەئاسانی دان بەوەدا بێنن کە یەزیدییەکان کوردنیین و کافرو شەیتان پەرەست و…..هتدن. پرسی نادیە مرادیش تا رادەیەک بۆتە پرسی رۆژ، رەخنە دەگیرێ، نادیە خاوەن خەڵاتی تایبەتە بەڵام لە گوتارەکانیدا باسی لە کوردبوونی نەکردووە، باسی لە گیانبازیی پێشمەرگە نەکردووە؟ زۆر کەس باسیان لەوە کردووە کە نادیە لە نووسراوە و گوتارەکانیدا هەوڵی داوە یەزیدییەکان لە کورد جیا بکاتەوە و وەک نەتەوەیەکی سەربەخۆ ناودێریان بکات. کەوابوو دەتوانین بەو شێوە هەڵوێستەی بکەین: کاریگەری داگیرکەر لەسەر نادیە و نادییەکان زۆر بووە، بەڵام ئەی بۆچی کورد نەیتوانیوە زیاتر لە عەڕەب کار لەسەر نادیە و یەزیدییەکان بکات و پێیان تەفهیم بکات کە یزیدییەکانیش کوردی ڕەسەنن؟ لەئێستاشدا ئەگەر تاکی کورد سوور بێت لەسەر ئەوەی کە یەزیدییەکان کوردی ڕەسەن نیین، دڵنیام زیاتر دووری دەکەن و پشت بە رەسەنایەتی خۆیان نابەستن. جیاوازیی ئایین نابێ ببێتە هۆکاری جیابوونەوەمان، دەبێ لەسەر پرسی شوناس بوەستین و زیاتر کاری لەسەر بکەین. خەریکە لە هێندێک روانگەوە کۆمەڵانێک خۆیان کردۆتە کەواسووری پێش لەشکرو بەناوی کوردەوە، یەزیدییەکان لە شوناسی نەتەوەی کورد پەڕاوێز دەخەن و هاوشێوەی داعش لەسەر یەزیدییەکان هەڵوێست دەنوێنن، تەنانەت بەهۆی ئایینی جیاوازەوە بەرچاویان تاریک بووە و ئەو هەموو قوربانی و شەهیدبوونی دەیان پێشمەرگەیان نابیین. لەکۆتاییدا دەڵێم: نابێ تاکی کورد ئایین ببێتە هۆکاری جیابوونەوەی و نابێ یەزیدییەکانیش بە نادیە مرادێک ببەستنەوە، یەزیدییەکان کوردی ڕەسەنن و جیا لە ئایین هەموو خاڵەکانی دیکەی لەگەڵ کورد هاوبەشن.

کاکەڕەش لاجانی”

www.pak-eu.com

🆔https://t.me/PAKeurope
@PAK-EU

 

Share Button

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *