کۆبونەوەی رێکخراوەکانی لاوانی رۆژهەڵات

سەرلەبەیانی رۆژی پێنج شەممە 9ی خەزەڵوەری1398ی هەتاوی شەش رێکخراوی تایبەت بە لاوانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە قەڵای دێموکرات کۆبوونەوە,
کۆبونەوەکە سەرەتا بە ساتێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد و پاشان رێکخراوەکانی بەشدار بەمەبەستی ناساندنی تێکۆشانی رێکخراوەییان و چالاکییەکانیان چەند وتەیەکیان پێشکەش کرد.

لە بڕگەی دووهەمی کاری کۆبونەوەکە هەر کام لە رێکخراوەکان را و بۆچونی خۆیان سەبارەت بە دۆخی کوردستان و کورد و ئێران لە هاوکێشەکاندا و هەروەها دۆخی ناوچە و جیهان هێنایە گۆڕێ و شێوەکانی خەبات و مێتۆدەکانی شوناسخوازی لە کۆمەڵگای رۆژهەڵات و گەشەی هوشیاری نەتەوەیی لەناو لاوانی کورد گەنگەشە کران. دۆخی ئابووری ئێران و باڵکشانی ئەو دۆخە بەسەر لاوان و خوێندکارانی کورد و بێکاری لاوان و سیاسەتی بەسیستماتیک گیرۆدە کردنی لاوان بە مادەی هۆشبەر لە رۆژهەڵات لەتەوەرەکانی بەشی دووهەمی ئەم دانیشتنە بوون.
بڕگەی کۆتایی دانیشتنەکە تەرخان کرابوو بە شێوەی بەردەوامی کاری هاوبەش لەنێو رێکخراوەکاندا کە بڕیاردرا لیژنەی هاوئاهەنگی رێکخراوەکانی لاوانی رۆژهەڵات کارا بکرێتەوە بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ بەستنی دووهەمین کۆنفڕانسی لاوانی رۆژهەڵاتی کوردستان.

– رێکخراوی لاوانی پێشڕەو
– رێکخراوی کۆمەڵەی لاوانی رۆژهەڵات
– رێکخراوی لاوانی ئازادیی کوردستان – RAK
– رێکخراوی لاوانی خەباتی کوردستانی ئێران
– یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران
– یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *