کۆچی دوایی ھەڤاڵ کەریم ئاڵوەتی پێشمەرگەی دێرین و بەرپرسی کۆمیتەی رێکخستنی ئەندامان و لایەنگرانیPAKلە ھەولێر

بەداخ و کەسەری زۆرەوە، سەر لە بەیانیی ئەمڕۆ ھەڤاڵ کەریم ئەحمەدپوور، ناسراو بە کەریم ئاڵوەتیی، پێشمەرگەی دێرین و بەرپرسی کۆمیتەی رێکخستنی ئەندامان و لایەنگرانیPAKلە ھەولێر، لە ئاکامی راوەستانی دڵ، لە نەخحشخانەی ئێمێرجێنسی،کۆچی دوایی کرد.

کەریم ئاڵوەتی ساڵی 1348ی ھەتاوی(1969) لە گوندی ئاڵوەت سەر بە شاری بانە، لە دایک ببوو. لە ھەڕەتی لاوییەوە بۆ بەرەنگار بوونەوەی ھێزە داگیرکەرەکانی ئێران، چەکی پێشمەرگایەتیی کردە شان. لە ساڵی 1376ی ھەتاویی(1997) لە ھەلوومەرجێکی دژواری بزووتنەوەی چەکداریی رۆژھەڵاتی داگیرکراو و دۆخێ نالەباری پارتی ئازادیی کوردستان دا، وەک فەرماندەی دەستەی پارتیزان، ئەرکێکی گەورەو گرانی ھەڵگرت. کەریم ئاڵوەتی و ھەڤاڵەکانی لەو قۆناغەدا، بە دەورێ کە لە مەیدانی نەبەرد دا لەسەر خاکی رۆژھەڵاتی داگیرکراو گێڕایان، پارتی ئازادیی کوردستانیان بۆ ماوەی دوو ساڵ کردبووە تاکە سواری مەیدانی خەباتی چەکداریی.
ھەڤاڵ کەریم ئاڵوەتی، بێجگە لەوەی پێشمەرگەو فەرماندەیەکی لێھاتوو و بەوەج بوو، جوامێرێکی تۆڵەئەستێن بوو. کەریمی جوانەمەرگ ئەو شانازییەی ھەیە کە تێرۆریستێکی بەکرێگیراوی ئێرانی، لە تۆڵەی تێرۆری رۆڵەیەکی کوردستاندا لە ناو جەرگەی شاری سلێمانی بە سزا گەیاند.
چالاکیی و دەوری ھەڤاڵی جوانەمەرگ کەریم ئاڵوەتیی، بووە ھۆی ئەوەی دوژمنی داگیرکەر بۆی لە بۆسەدا بێ وساڵی 2000 لە شاری ھەولێر کەوتە بەر پەلامارێکی تێرۆریستیی بەکرێگیراوانی ئێران و بریندار بوو.
ھەڤاڵ کەریم ئاڵوەتی ساڵی2014 زایینی ھاوکات لە گەڵ ئەوەی وەک پێشمەرگەیەک لە ریزی ھێزەکانی پارتی ئازادیی کوردستاندا بەشداریی شەڕی داعشی دەکرد، کرایە بەرپرسی کۆمیتەی رێکخستنی ئەندامان و لایەنگرانی پارتی ئازادیی کوردستان. کەریمی جوانەمەرگسەبارەت بە باوەڕ و متمانەیەک کە بە رێبازەکەی و بە رێبەرایەتیی پارتی ئازادیی کوردستان ھەیبوو، لەم ئەرکەشدا دڵسۆزانە و شێلگیرانە تێدەکۆشاو ھەر کات بەرەکانی جەنگ پێویستیی بەھێزی زیاتر دەبوو، ئەندامان و لایەنگرانیPAKی بۆ یارمەتییدانی ھێزەکانی پێشمەرگە، بەرەو بەرەکانی جەنگ دەبرد.
ھەڤاڵ کەریم ئاڵوەتیی لە کاتێکدا، بە دڵگەرمییەوە لە چالاکییدا بوو و دڵخۆش و ھیوادار بوو بە قۆناغی نوێی خەبات و دامەزراندنی سپای میللیی کوردستان، مەرگ ژیانی زیاتر و خزمەتی پتری پێنەداو بەرەو مەکۆی ھەرمان فڕی.
پارتی ئازادیی کوردستانPAK
کۆمیتەی راگەیاندن
3ی خەزەڵوەری2720ک
24ئۆکتۆبری2020 ز
Share Button

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *